شێوازی خەرجكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێم روون دەكرێتەوە


ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت كە بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان لە بودجەی گشتیی 2019ی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان  بڕە پارەیەكی باشە و شێوازی خەرجكردنی روون دەكاتەوە.

جەمال كۆچەر, ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم ١٢ی شوبات بە "وشە"ی راگەیاند, لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان ئەو بەشەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە پارەیەكی باشە, هەمووی بە یەكجار خەرج ناكرێت، بەڵكو دابەشی كۆی ١٢ مانگەكەی دەكەن لە ساڵەكەدا.

زیاتر گوتی, خەرجكردنی ئەو پارەیە لە دەستی وەزیری دارایی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدایە، ئەوان فەرمان بە خەرجكردنی پارەكە دەكەن و ڕەوانەی ئەو دەزگایەی دەكەن كە پارەكەی تێدا هەڵدەگیرێت بۆ بەكارهێنان.

كۆچەر روونی كردەوە، پشكی كورد لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان تریلیۆنێك و ٥٠٠ ملیار دینار دەبێت و دابەش دەكرێت بەسەر هەر سێ پارێزگاكان و بۆ ئەو پڕۆژانە دەبێت كە لە ناوچەكە گرنگن و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی بریاری كاركردن دراوە تیایاندا و پێدەچێت لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ ئەو پارەیە خەرج نەكرێت و دواتر دەست بە خەرجكردنی بكرێت بەهۆی پەسەندكردنی یاسای بودجە.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە ئەو بڕە پارەیە لە داهاتی نەوت دەدرێت و بەو پێیەی داهاتی نەوت مانگانەیە، بۆیە لە هەر مانگێكدا بڕێكی پارەكە خەرج دەكرێت و هەمووی بەسەریەكەوە خەرج ناكرێت.

سلێمانی/ هۆشار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:11:36:12/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 351 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌