بەختیار سەعید بەرپرسی دەزگەی هونەری و رۆشنبیریی جەمال عیرفان، یەكێك لەو نووسەرانەی چەندان كتێبی لەبارەی هونەری كوردی و هونەری شێوەكاری بەتایبەت نووسیوە و ئامادە كردووە، لە دیدارێكی "وشە"دا باس لە پڕۆژەی حەوت رەنگە و ئەو ئاستەنگانە دەكات رووبەڕوویان دەبێتەوە. ئەو دووپات لە گرنگی بە كولتووركردنی هونەری كوردی دەكاتەوە و رەخنەش لە هەردوو وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار دەگرێت كە بەو ئاراستەیە كاریان نەكردووە و رێگریش لەو رووەوە هەیە.
پڕۆژەی حەوت رەنگەكە چییە؟ بیرۆكەكەی لە كوێوە سەرچاوە دەگرێ؟
بیرۆكەی دامەزراندنی ناوەندێك بۆ ئەوەی ئەركی بە كولتووركردنی كاری هونەری كوردی لە ئەستۆ بگرێت لەناو باشووری كوردستاندا نییە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو چەند ساڵەی لەو دەزگە و ناوەند و دەزگەكانی ڕاگەیاندن كارم كردووە، هەستم بەو بۆشایییە كردووە، بۆیە بە گرنگم زانی ئەو دەستپێشخەرییە بكەم و بیرۆكەكەم ناو نا 7 ڕەنگه.
بۆچی ناوی حەوت رەنگەتان هەڵبژارد؟
بە ئامانجی ئەوەی كار بۆ هەموو بوارەكانی هونەر بكەین كە ئەوانیش پێك هاتوون (هونەری بیناسازی، هونەری نیگاركێشان، موزیك، سەما، سینەما، شانۆ و ئەدەب)، بۆیە ناوی ناوەندەكە بووە 7 ڕەنگە، لەپاڵ ئەوەشدا هاوكاری شێوەكاران بین لە كردنەوەی پیشانگه و چالاكییە هونەرییەكان، بۆیە لە رۆژی 26/5/2016 ناوەندی 7 ڕەنگە كراوەتەوە و تا ئێستە 13 پێشانگەی هاوبەش و تایبەتی بۆ شێوەكاران لەناو شاری هەولێر و سلێمانی كردووەتەوه و بۆ ساڵی 2017 چەندان بیرۆكه و پڕۆژەی تری نوێ بەڕێوە دەبرێن.
ئێمە چۆن بتوانین لایەنی كولتووری خۆمان نیشان بدەین و بیكەینە لایەنێكی كولتووری خۆمان بەتایبەت بۆ ئەو گەشتیارانەی دێنە كوردستان؟
لایەنی كولتووری یەكێكە لە شانازییەكانی هەموو میللەتێك و چەندان دەزگە و ناوەندی بۆ دروست كراوە و بەباشترین شێوە كاری بۆ دەكرێت، كە لەلایەك ئاشناكردنی ئەو كولتوورەیە لە قۆناغی یەكەم بەهەموو تاكەكانی ناو كۆمەڵگەكە خۆی، دواتریش هەموو ئەو بیانییانەی كە دێنە ئەو شار و وڵاتەوە، چونكە گەشتیار كە بۆ هەر شار و وڵاتێك گەشت دەكات، دەیەوێت كولتووری ئەوێ لەگەڵ خۆی بباتەوە چونكە پێشتر ئاشنا نەبووە پێی. لە هەمان كاتدا بۆ دیاری بەكاری دێنێت، بەڵام ئەوەی جێی داخە لەناو باشووری كوردستان، لە چەند فرۆشگەیەك لەناو شارەكان هەیە شتێكی ئەوتۆ بەدی ناكرێت كە ئەو ماتریالانەش زۆر دیاری كراون تیایدا و ئەوەندەش بۆ كاری بژێوییە، ئەوەندە بۆ كاری كولتووریی نییە كە مافی خۆشیانە.
كێ بەرپرسیارە لەم كارە؟
بەدڵنیایییەوە وەزارەتی گەشتوگوزار و وەزارەتی رۆشنبیریی دەبوو هەماهەنگی ئەوەیان بكردایە، بەڵام بەداخەوە پێ ناچێت هەر قسەشیان لەسەر كردبێت، دەنا ئەنجامێكی ئەو قسانەمان دەكەوته بەرچاو، ئەو دیاردە سەرسوڕهێنەرانەمان نەدەبینی كە هەموو میوانەخانەكان و چێشتخانه و كافتریا و ریستورانتەكان بە تابلۆ و فۆتۆ و پەیكەر و سیرامیكی چینی و ئێرانی و توركی و عەرەبی رازێنراونەتەوە، ئەگەر سەرژمێرییەكی ئەوە بكەین، بڕوا ناكەم لە سەدا دەی كاری هونەری كوردی تیادا بەدی بكرێت كە دەبوو وا بووایە، كەواتە ئەم دوو وەزارەتە كەمتەرخەم بوون لە بەرامبەر كولتووری وڵاتەكەی خۆیان.
كەواتە تا ئێستە چی كراوە؟
تا ئێستە وەك لایەنی حكوومی و لایەنی پێوەندیدار نازانم و هیچ نابینم، هیوادارم هەبێت، ئەوەی كە هەیە زیاتر هاووڵاتییان بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی خۆیان كردوویانه و حكوومەت هیچ رۆڵێكی نەبووە، تەنانەت وەزارەتە پێوەندیدارەكان ڕێگرن لە بەردەم هەندێ ئایكۆنی مێژوویی كە وەك لایەنێكی كولتووری بەكار بێتەوە، بەتایبەتی ئەو ئایكۆنانەی كە مێژووی میلەتی ئێمەیه، لەوانە كۆپیكردنی پەیكەرە مێژوویییەكان بەناوی سامانی نەتەوەیی، ئایا میسر و یۆنان و هەموو وڵاتانی دنیا كاتێك ئایكۆنەكانی مێژووی خۆیان كۆپی دەكەن و گەشتیار دەیكڕن و دەیبەنەوە، ئەوانە بیریان لە سامانی نەتەوەیی خۆیان نەكردووەتەوه؟ پێم سەیرە ئەو بیرۆكەیە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەگەر رازی نین لایەنێكی ئەهلی بیكات، با خۆیان وەك لایەنی پێوەندیدار بەو ئەركە هەستن، گرنگ ئەوەیە هەبێت، گرنگ نییە كێ دەیكات.
هۆكاری نەكردنی چییه؟
ئەوان لەژێر ناوی پاراستنی سامانی كۆنی نەتەوەییمان كە نابێت بچێتە دەرەوە، ڕێگە نادەن ئەو كارانە كۆپی بكرێت، كە ئەو جۆرە بیركردنەوەیە بۆ خۆی زۆر هەڵەیە، ئێمە ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین، ئەوە ئێران نزیكترین وڵاتە لێمانەوە، یاخود توركیا، كە دەچیتە ناو وڵاتەكەوە، ئەوەندە كاری مێژوویی خۆیان كۆی كردووەتەوە خواخوایانە گەشتیاران بیكڕن و بیبەنەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان كە لەلایەك ئاشنابوونی ئەوانە بە مێژووی ئەوان، لەلایەكی ترەوە هۆكارە بۆ كێشكردنی گەشتیاری بیانی بۆ ئەو وڵاتە.
بە بۆچوونی ئێوە، دەبێت بۆ ئەو ئامانجە لە هەرێمی كوردستان چ هەنگاوێك بنرێت؟
ئێمە پێویستمان بەوەیە هەردوو وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی گەشتوگوزار جیاواز لە رابردوو بە بەرنامەیەكی تۆكمەتر بیر لەو كارە بكەنەوە كە چۆن وڵاتەكەمان ئاشنا بكەین و چۆنیش بیكەینە وڵاتێكی گەشتیاری، كە دواتر سامانێكی مادی بۆ وڵات دروست دەبێت و ئێمەش وەك هاووڵاتییەكی ئەم نیشتمانە شانازییەكانمان زۆرتر و گەورەتر دەبێت لە چاوی ئەو گەشتیارانەی كە دێنە وڵاتەوە، هەروەها كردنەوەی ناوەند و سەنتەری تایبەت بەو بوارە، یاخود هاوكاریكردنی ئەو ناوەندانەی كە كار لەو بوارەدا دەكەن تا بتوانن كاری ناوازە و تایبەت ئەنجام بدەن كە دواجار هەموومان شانازی پێوە دەكەین.
هەموو شار و وڵاتێك خاوەنی چەندان لۆگۆ و پۆستكارتی فۆتۆی شار و كەسایەتی و تابلۆی شیوەكارەكانیان هەیە، ئێمە بۆ نیمانه؟
دەتوانم بڵێم بە گرنگ نەزانراوە و وەك پێویست كاری بۆ نەكراوە كە بە كوالیتییەكی زۆرباش بكرێت، دیارە چەند شێوەكار و فۆتۆگرافەرێك وەك خۆیان ئەو كارەیان كردووە، بەڵام وەك دامەزراوەی وەزاری یان حكوومی ئەوەیان نییە، تەنانەت تا ئێستە بۆ شارەكان نەتوانراوە بەشێوەیەكی ستاندارد لۆگۆیەك هەڵبژێردرێت و ئاشنای بكەن بەهاووڵاتییان و لە هەمان كاتدا بەكار بهێنرێت لەلایەك بۆ خۆمان، لە هەمان كاتدا بۆ گەشتیاران، لەگەڵ ئەوەی ئێمە خاوەنی چەندان شێوەكاری دەستڕەنگین و كۆمەڵێك فۆتۆگرافەرین كە دەكرێت لەسەر ئاستێكی باڵای كاری فۆتۆگرافی ناویان بێنین كە بەرهەمیان هەیە، بەڵام ئەوەی خۆیان نەیكەن، ناكرێت.
ئایا تا ئێستە وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار هەماهەنگییەكی ئەوتۆیان بۆ ئەو بیرۆكەیە كردووە؟
ئەوەندەی من ئاگادار بم شتێكی ئەوتۆ نییە، ئەگەر هەبووایە ئەو هەموو گلەیی و گازندانەی سەرەوە لێرەدا نەدەگوتران، كە هیوادارم بۆ ساڵی 2017 بەشێوەیەكی رژدتر بیر لەو بوارە كولتوورییە بكرێتەوە.
وشە/ سلێمانی