شاخەوان عەبدوڵا: بەبێ‌ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك پارێزگار نایەتە هەڵبژاردن

:: PM:04:12:13/02/2019 ‌
پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، تا دۆخی كەركووك یەكلا نەكرێتەوە، پارێزگار نایەتە هەڵبژاردن و ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات كە یەكێتی هیچ كەسێكی بۆ پارێزگاری كەركووك دیاری نەكردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی شوبات، شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی و یەكێتی هیچ گفتوگۆیەكیان نەكردووە لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك، چونكە ئێستە شارەكە بە سەربازی كراوە و هەڵبژاردنی پارێزگار لە دۆخێكی وەك ئێستەی شارەكە ناكرێ.

دووپاتی لەوە كردەوە كە دەبێت دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و ئەو دۆخەی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر لەو شارە دروست بووە نەمێنێت.

شاخەوان عەبدوڵا كە نوێنەری شاری كەركووك بوو لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە تا ئێستە یەكێتی هیچ كەسێكی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك دیار نەكردووە و لەگەڵ شاندی پارتی باسی نەكردووە، وەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بەلای پارتییەوە ئەو كەسانە هێڵی سوورن كە خیانەتیان لەو شارە كردووە.

بڕیارە ڕۆژی 18ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە هەولێر ئەنجام بدرێت و ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە دەكات.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم