رێژەی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستاندا هەڵدەكشێت

:: PM:01:20:29/12/2016 ‌

ئەمساڵ هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمیش رای دەگەیەنێت، گەشتیارانی ئێرانی پلەی یەكەمیان هەبووە لە هەرێمی كوردستاندا.

نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، تا سەرەتای تشرینی دووەمی ئەمساڵ، میلۆنێك و 100 هەزار گەشتیار روویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەو ژمارەیە ئەگەر بەراورد بكرێت بە رێژەی گەشتیاران لە ساڵی رابردوودا، ئەوە بەتەواوەتی هەڵكشانی لەخۆ گرتووە.

رۆستی دەڵێ‌، "داهاتی گەشتیاری، بەسەر هاووڵاتییان، كەرتی تایبەت و حكوومەتدا دابەش دەبێت. خەرجی هەر گەشتیارێك وەك شیكردنەوەمان بۆی كردووە لە نێوان 200 تا 300 دۆلار بووە".

ڕوونی دەكاتەوە، ناتوانن داهاتی گەشتیاری ڕاستەوخۆ دیاری بكەن، چونكە بۆ هەرسێ‌ لایەنی هاووڵاتی و كەرتی تایبەت و حكوومەت دەچێت و ئەوەش كاتی پێویستە و لیژنەكانیان لە سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی نوێدا بە تێكڕایی داهاتەكە هەژمار دەكەن كە لەسەر بنەمای ڕێژەی گەشتیار دیاری دەكرێت.

زیاتر دەڵێ‌، "ئەوەی پێوەندی بە حكوومەتەوە هەیە وەرگرتنی بڕی 25 هەزار دینارە لە هەر گەشتیارێك لەسەر سنوورەكاندا، جگە لەوە وەرگرتنی باج و ڕسووماتی گەشتیارییە كە لە گەشتیاران وەردەگیرێت".

بەپێی داتاكانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، ئەمساڵ زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، گەشتیاری ئێرانی بوون و گەشتیارانی شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش بە پلەی دووەم هاتوون.

وشە/ هەولێر- هێمن ڕەفیق 


وشە - ڕێبین فه‌تاح