ئەو دەستەواژە ئابوورییانەی پێش 2016 نەبوون

:: PM:02:42:29/12/2016 ‌

ساڵی 2016 بە یەكێك لە ساڵە هەرە تەمومژاوییەكان هەژمار دەكرێ لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەمەش وای كرد لە زۆرێك لە وڵاتەكان تەنگژەی ئابوورییان بۆ دروست ببێت، لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش تەنگژە ئابوورییەكان گەیشتنە لووتكە.

بەریتانیا، یەكێكە لەو وڵاتانەی لە بەردەم بڕیارێكی قورسدا بوو ئەویش ڕاپرسی بوو بۆ چوونە دەرەوە لە یەكێتیی ئەوروپا، ئەو ڕاپرسییەی گۆڕانكاریی سیاسی و ئابووریی گەورەی بەدوای خۆیدا بۆ ئەو وڵاتە و ئەوروپاش هێنا. لەو ساتەدا، دەستەواژەی Brexit پەیدا بوو، كە بریتییە لە كورتكراوەی "Britain" و "Exit" واتە دەرچوونی بەریتانیا. ئێستەیشی پێوە بێت، ئەنجامی ئەو ڕاپرسییە كە بەریتانییەكان بە دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا دەنگیان دا، كاریگەری بەسەر وڵاتەكە و یەكێتییەكەشەوە ماوە.

دەستەواژەیەكی تر لەو ساڵەدا زۆر باو بوو كە پێشتر لە فەرهەنگی ئابووریدا نەبوو، بریتییە لە "Tax havens" ئەمەش بۆ ئەو كۆمپانیا و سەرمایەدارە زەبەلاحانە دێت كە خۆیان لە باج و گومرگ دەدزییەوە و بووبووە یەكێك لە دۆسییە گرنگەكانی ساڵ، بەهۆیەوە ملیۆنان دۆلار بۆ بانكە فەرمییەكان گەڕانەوە. ئەو خۆدزینەوانە، "Panama Papers"ی پێ دەگوترا، بەتایبەتی ئەوانی كۆپانیای "Mossack Fonseca" كە بە شێوەی نهێنی، لە ڕێی دۆزینەوەی كەلێنی یاسایی، سەرمایەدارەكانی لە باج و گومرگ ڕزگار دەكرد.

دۆناڵد ترەمپ، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیدا، دەستەواژەی "باجی خۆپارێزی" داهێنا، مەبەستی لەوە بوو ئەگەر بچێتە كۆشكی سپی، ئەو باجە لەسەر بەرهەمە چینی و مەكسیكییەكان دادەنێ تا ببێتە پارێزگاری بۆ بەرهەمەكانی خۆیان، زیاتریش مەبەستی لەو كۆمپانیا زەبەلاحە ئەمەریكییانە بوو كە لەو دوو وڵاتە وەبەرهێنان دەكەن چونكە دەستی كار تێیاندا هەرزانە، ترەمپیش دەیەوێ لەڕێی ئەو باجەوە، بێكاری لە وڵاتەكەیدا كەم بكاتەوە و كۆمپانیاكان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.

دەستەواژەی "TPP" بەهەمان شێوە لە سەردەمی بانگەشەی ترەمپ دروست بوو كە بە كارەسات ناوی برد، ئەویش بریتییە لە ڕێككەوتنی 12 وڵات لەسەر گواستنەوەی بازرگانی نێوانیان لەسەر زەریای هێمن، دۆناڵد ترەمپ ڕای گەیاند كە ئەو ڕێككەوتنە هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەمەش هەرای زۆری لە نێوان ئەو وڵاتانە دروست كرد.

دوای ئەو هەموو پەستانانەی حكوومەتەكان دەیانخستە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت، دەستەواژەی "Net Neutrality" واتە دەبێ ئینتەرنێت بێ لایەن بێت، ئامانجیش تێیدا ئەوەبوو حكوومەتەكان ئەو كۆمپانیایانە ناچار نەكەن زانیاری بەكارهێنەرانیان پێ بدەن لەژێر هەر بیانوویەك بێت، تەنانەت بیانووی هەڕەشەی تیرۆریش.

سەرچاوە: ئەلعەرەبییە


وشە - كوردۆ شابان