عەمار حەکیم بۆچی پەنا بۆ مەرجەعیەت دەبات و دەچێتە نەجەف؟

:: PM:04:45:29/12/2016 ‌
دوای خستنەڕووی پڕۆژە ئاشتەواییەکەی حەکیم لە ئوردن و تاران و وتوێژی هەفتەی رابردوو لەگەڵ نوێنەرانی سوننە لە بەغدا، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای هاوپەیمانی نیشتیمانی بەسەرۆکایەتی عەمار حەکیم گەیشتە نەجەف بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەرجەعیەتی باڵا و تاوتوێکردنی پڕۆژەکە و کۆکردنەوەی پاڵپشتی بۆی.

نووسینگەی عەمار حەکیم ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەیاننامەیەکدا رای گەیاند کە شاندەکە گەیشتووەتە نەجەف و بڕیارە لەگەڵ مەرجەعیەتی باڵا و مەرجەعیەتەکانی شیعە کۆ ببێتەوە و مەبەستی سەردانەکەش باسکردنی پەرەسەندنە تەناهییەکان و جەنگی ئازادکردنەوەی مووسڵ و دۆخی سیاسییە لە وڵات. 

سەرچاوەیەکی ئاگەدار لەو بارەوە رای گەیاند کە مەبەستی سەرەکیی سەردانەکەی حەکیم و شاندی هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ مەرجەعیەتەکان لە نەجەف بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتییە بۆ پڕۆژەی یەکلاکردنەوەی سیاسی لە عێراق کە هاوپەیمانیەتییەکە بۆ قۆناغی دوای داعش رای گەیاندووە.

لەو کاتەی کە عەمار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی هەفتەی رابردوو رای گەیاند کە هەریەک لە ئێران و ئوردن پاڵپشتی لە پڕۆژەکە دەکە، رەوتی سەدر و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هێڵی سووریان بۆ ئەو لایەنانە دانا کە پڕۆژەکە دەیانگرێتەوە، ئەوەش بووەتە جێی تێبینی پێکهاتەکانی تری عێراق.

سەرچاوەیەکی نزیک لە مەرجەعیەتی نەجەف لەبارەی سەردانەکەوە رای گەیاند کە حەکیم لە پێوەندی بەردەوامە بە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف بۆ رازیکردنی بە بڕگەکانی پڕۆژە ئاشتەواییەکەی و چاودێرانیش دەڵێن کە هەوڵێکە بۆ دەرخستنی پاڵپشتی مەرجەعیەت لە پڕۆژەکە.

سەرچاوەکە ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند کە ماوەی چەند رۆژێکە عەمار حەکیم خەریکی پێوەندیکردنە بە نووسنگەی سیستانی بەمەبەستی رازیکردنی مەرجەعیەت بۆ پاڵپشتیکردنی بڕگەکانی پڕۆژەکە و لە سەردانەکەشدا حەکیم ناوەڕۆکی پڕۆژەکە دەخاتە بەردەم سیستانی.

زیاتر گوتی، حەکیم لە سەردانەکەیدا هەروەها چاوی بە مەرجەعەکانی تریش دەکەوێت و هەوڵ دەدات رێگە لە نەیارانی لەناو هاوپەیمانی نیشتیمانی ببڕێت بەتایبەتی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا.

پێشتر عەمار حەکیم رای گەیاندبوو کە پڕۆژەکە هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە لەوانە هەرێمی کوردستان و پڕۆژەکە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێک نابێت و بریتییە لە نەخشەرێگەیەکی روون کە رەچاوی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی کردووە و هەر لایەنێکیش رەتی دەکاتەوە دەتوانێ شوێنگرەوەی بخاتە روو بەشێوەیەک کە یەکپارچەیی عێراق بپارێزێت و ئاماژەی کرد کە دەرگەی هاوپەیمانیەتییەکە کراوەیە بۆهەر لایەنێک کە خۆی لە پڕۆژەکە بەدوور دەگرێت بۆ وتوێژکردن. 

پێشتر نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پڕۆژەکەی حەکیمی بۆ ئاشتەوایی بۆ قۆناغی دوای داعش رەت کردەوە و دووپاتی کردەوە کە پڕۆژەکە تاوانبار و ئەوانەی دەستیان بە خوێنی عێراقییەکان سوورە دەگەڕێنێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی و وریاییشی دا لە هاتنەوەی تیرۆر لەو دەروازەوە بۆناو پرۆسەی سیاسی لە عێراق.

حەسان عیدانی مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بەغدا سەردانەکەی عەمار حەکیم بۆ نەجەف و دیداری سیستانی وەک هەوڵێک بۆ دەرخستنی پاڵپشتی مەرجەعیەت لە پڕۆژەکەی بۆ ئاشتەوایی نیشتیمانی لێک دەداتەوە و دووپاتی کردەوە کە حەکیم بانگەشەکردنی بۆ ئاشتەوایی وەک پڕۆژەیەکی پێشوەختەیە بۆ هەڵبژاردنەکان کە پێویستە بازاڕی بۆ پەیدا بکات.

زیاتر گوتی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) رووبەڕووی بەرهەڵستکارییەکی گەورە دەبێتەوە لە ناو هاوپەیمانیەتییەکە کە چاوەڕوان نەدەکرا و ئاماژەی کرد کە رەنگە رەتکردنەوەی پڕۆژەکە لەلایەن مالیکی و لایەنگرانی هەڕەشەیەکی رژد بێت بۆسەر پڕۆژەکە و لە رێڕەوی خۆی لای بدەن، بەتایبەتی ئەوەی پێوەستە بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە دەرەوە کە مالیکی بەتوندی رەتی دەکاتەوە.

چەند سەرچاوەیەکی سیاسی ئاشکرایان کرد کە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان (سوننە) نووسراوێکی تایبەت بەخۆیان بۆ یەکلاکردنەوەی سیاسی ئامادە کردووە و داوای گەڕانەوەی کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن و نەیار بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق دەکەن کە لەلایەن نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دوور خرابوونەوە، ئەندامێکی هاوپەیمانیەتییەکەش گوتی کە لە داڕشتنەوەی دوا شێوەی نووسراوەکە نزیک بوونەتەوە بەر لە خستنەڕووی بۆ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا.

زیاتر گوتی، لەو نووسراوەی بەم نێزیکانە دەیخەنە روو، چەند بڕگەیەکی تیادایە کە لە پڕۆژە چاکسازییەکەی عەماڕ حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە نەهاتووە، ئەوان داوای گەڕانەوەی نەیارانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەکەن کە دەستیان لە رژاندنی خوێنی عێراقییەکاندا نییە و ناچاری رۆیشتن لە عێراق کراون لە سەردەمی نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، هەروەها پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە ئازادکراوەکان و نەهێشتنی فایلی ریشەکێشکردنی بەعس دوو پرسی تری گرنگن لەو نووسراوەدا.

دووشەمی رابردوو هەردوو شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) و هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان (سوننە) لە ماڵی سەلیم جبووری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە ئاشتەوایییەکەی عەماڕ حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی کە لە تشرینی یەکەمی رابردوو خستییە روو، کۆ بوونەوە.

سەرچاوە: مەوازین نیوز، عەرەبی ئەلجەدید


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل