بەرپرسێكی پارتی زانیاری لەسەر دانانی پۆستەكانی حكوومەت ئاشكرا دەكات

:: PM:03:33:17/02/2019 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، سبەی كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت و هەموو فراكسیۆنەكان بەشداری لەو كۆبوونەوەیە دەكەن، بەڵام هێشتا یەكێتی یەكلا نەبووەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ی شوبات، ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامی كۆبوونەوەكان ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ دەبێتەوە.

زیاتر گوتی، هەموو لایەنەكان بڕیاریان داوە بەشداری لە كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان بكەن جگە لە یەكێتی ئەوانیش ئەمڕۆ خۆیان یەكلا دەكەنەوە، چونكە كۆبوونەوەی سبەی هەر چۆنێك بێت ساز دەكرێت.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كرد تا ئێستە كێشەی یەكێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تر ئەوەیە ئەوان دەیانەوێ‌ بەیەك پاكێج بڕیار لەسەر كەركووك و بەغدا و هەرێم بدرێ.

لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەتی نوێ‌ ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، هەندێك لە پۆستە سیادییەكان یەكلای كراونەتەوە و ماوەتەوە سەر ئەوەی كە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی كوردستان بڕیار لەسەر ئەوە بدات، بە چ شێوەیەك پۆستەكان دابەش بكرێن.

ئەو لێدوانەی بەرپرسەكەی پارتی لەكاتێكدایە كە بڕیارە ئەمڕۆ یەكێتی دوا هەڵوێستی خۆی لەسەر بەشداری كردن لە كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان یەكلا بكاتەوە و هاوكات دواتر گفتوگۆ لەسەر پرسەكانی تر بكرێ.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم