ئەمشەو کارەبا بۆ سیدەکان دەگەڕێتەوە

:: PM:08:21:29/12/2016 ‌
نزیکەى 48 سەعاتە کارەباى نیشتیمانى لە دەڤەرى برادۆست و شارەدێى سیدەکانى سەر بە شارۆکەى سۆران نییە، نەبوونى کارەبا هاووڵاتییانى شارەدێیەکەى نیگەران کردووە و بەڕێوەبەرى دابەشکردنى کارەباى سۆرانیش رای گەیاند کە ئەمشەو کارەبایان دەگەڕێتەوە و قەرەبووش دەکرێنەوە.
 
هێرش مەغدید هاووڵاتییەکى دانیشتووى شارەدێى سیدەکانە بە "وشە"ى راگەیاند، هەر چەندە کارەباى نیشتیمانى لەوپەڕى خراپیدایە و رۆژانە تەنیا شەش سعات کارەباى نیشتیمانیمان هەیە، بەڵام دوو رۆژە کارەباى نیشتیمانى لە دەڤەرەکەمان پچڕاوە، بۆیە داوا لە لایەنى پێوەندیدار دەکەین کە چارەسەرى کارەباى نیشتیمانیمان بۆ بکەن، چونکە مۆلیدەى ئەهلی لە گوندەکانى دەوروبەرى سیدەکان نییە و بە یەکجارى لە کارەبا بێ بەش بووینە.

ئەندازیار فەیسەڵ حوسێن بایەزید بەڕێوەبەرى دابەشکردنى کارەباى سۆران بە "وشە"ى راگەیاند، بەهۆى ئەو فراوانبوونەى لە وێستگەى  d(132)سۆراندا کراوە و بەمەبەستى باشترکردنى کارەبا، یەکێک لە موحەیلەکانى کارەبامان لە وێستگەکە زیاد کردووە کە لە ئایندە وێستگەى کارەباى سیدەکانیش لە هەمان وێستگەى سۆران کارەبا وەردەگرێت کە ئێستە لە ژێر تێستدایە و تیمەکانمان لە وەگەڕخستنى وێستگەکە بەردەوامن.

روونى کردەوە، ئەوەى کردوومانە بۆ سوودی سیدەکان و باشترکردنى کارەباى نیشتیمانیی شارەدێیەکە بووە کە تەواوى ئەو کەلوپەل و ئامێرانەى لە وێستگەى سۆران داننراون کەرستەى نوێن و ناکرێت راستەوخۆ کارەبایان لێ وەربگیرێ.

بەڕێوەبەرى دابەشکردنى کارەباى سۆران ئاشکراى دەکات کە هەوڵى رژد دەدەین ئەمشەو سەعات نۆ کارەباى نیشتیمانى بە هاووڵاتییانى شارەدێى سیدەکان بدەینەوە کە نزیکەى 48 سعاتە کارەباى نیشتیمانییان نییە، هەروەها قەرەبووى ئەو سعاتانەشیان بۆ دەکەینەوە کە مافى ئەوەیان هەبوو کارەبایان هەبێت و مافییان فەوتاوە.

کاتژمێر 12ى شەوى 27 لەسەر 28ى – 12 – 2016 تا ئامادەکرنى ئەو هەواڵە کارەباى نیشتیمانى لە شارەدێى سیدەکانى سەر بە شارۆکەى سۆران نییە، شایەنى باسە ئێستە و لە مانگى 12 – 2016 شەش بۆ حەوت سعات کارەباى نیشتیمانى لە دەڤەرى سۆران هەبووە و لە مانگى داهاتوو پێ ناچێ هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەى پێدانى کارەبا یان زیاد و کەمى  کارەبا بکرێت.

شارەدێى سیدەکان ساڵى 1932 بووەتە شارەدێ لە رووى کارگێڕییەوە سەر بە شارۆکەى سۆران لە پارێزگەى هەولێرە، بە دوورى 144 کم لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵکەوتووە و خاوەنى 250 گوندە و زیاتر لە 15 هەزار کەس لەو شارەدێیە نیشتەجێیە.

سیدەکان – موڕشید برادۆستى


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل