پەرلەمانتارێك زانیاری لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی ئاشكرا دەكات

:: PM:09:20:18/02/2019 ‌
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە رێككەوتنی پێنجی شوباتی نێوان پارتی و یەكێتی بە هیچ جۆرێك ئاماژە بە هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك نەكراوە، بەڵكو یەكێتی دوای چەند رۆژێك داوای كرد پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووكیش بخرێتە ناو رێككەوتنەكەوە.

شوان كەریم زراری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لە پێنجی شوبات بە هیچ جۆرێك باسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك نەكراوە.

زیاتر گوتی، وا بریابوو لە پێنجی شوباتەوە تا 18ی شوبات ئەو لیژنانەی پێكهاتبوون لە نێوان پارتی و یەكێتی رەشنووسی ئەو رێككەوتنە بنووسنەوە و ڕۆژی 18ی شوبات رێككەوتنەكە واژوو بكرێت و كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكرێت بۆ تاوتوێ كردنی پرسی پارێزگای كەركووك.

روونیشی كردەوە كە یەكێتی دوای دوو رۆژ لە واژووكردنی رێككەوتنەكە داوایان كرد گۆڕانكاری لە رێككەوتنەكەدا بكرێت و پارێزگاری كەركووكیش دیاری بكرێت، بەڵام ئێمە رەتمان كردەوە زیادی بكەین، ئەوانیش ئەوەیان كردە پێش مەرجی واژووكردنی رێككەوتنە".

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ یەكێتی بە بیانووی جۆراو جۆر و بەرزكردنەوەی داواكارییەكانی هەوڵیدا كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دوابخات، بەڵام كۆبوونەوەكە كرا و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا، هاوكات بۆ ڕێككەوتن گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی بەردەوام دەبێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - سه‌رخێڵ هاشم