"وشه" مه‌رجى پێشمه‌رگه بۆ گه‌ڕانه‌وه كه‌ركووك ئاشكرا ده‌كات
ئێسته وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق، سه‌رقاڵى گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌ن و عێراق ده‌یه‌وێ پێشمه‌رگه ڕ‌ازى بكات بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان تا ئه‌و ناوچانه له مه‌ترسییه‌كانى داعش دوور بخه‌نه‌وه، به‌ڵام تا ئێسته بڕیارى پێشمه‌رگه ئه‌وه‌یه كه ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه و چه‌ند مه‌رجێكیش ده‌خه‌نه ڕوو كه "وشه" ئاشكرایان ده‌كات.
هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017ـه‌وه ئه‌وكاته‌ى گرووپى خیانه‌تكارى ناو یه‌كێتى كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانیان راده‌ستى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى كرد، له‌و ناوچانه كشاونه‌ته‌وه. ئێسته كه مه‌ترسیی داعش له‌و ناوچه‌یه هه‌یه، هه‌وڵ هه‌یه پێشمه‌رگه بگه‌ڕێنرێته‌وه. به‌ڵام فهرماندهیهكى پێشمه‌رگه ده‌ڵێ، گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه پێویسته، به‌ڵام تا ئێسته بڕیارى پێشمه‌رگه ئه‌وه‌یه كه نه‌گه‌ڕێنه‌وه، چونكه چه‌ند مه‌رجێك هه‌یه ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێن.
رۆژى یه‌كشه‌مى ڕابردوو لیژنه هاوبه‌شه‌كانى نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق ده‌ستبه‌كار بوون، لیوا قاره‌مان شێخ كه‌مال جێگرى سه‌رۆكى ئۆپراسیۆنه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه پڕۆژه‌یه‌كى بۆ چۆنیه‌تیى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه ئاماده كردووه.
ڕوونی كرده‌وه كه پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌واوى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان و كه‌ركووكیش، بۆیه هێشتا له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌گه‌یشتووینه‌ته ڕێككه‌وتن و پڕۆژه‌یه‌ك هه‌یه كه گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كرێ.
هێشتا به‌شێك له فه‌رمانده‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان به‌رچاویان ڕوون نییه له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان و پێیان وایه، زووه بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و ناوچانه.
نوورى حه‌مه‌عه‌لى فهرماندهیهكى پێشمه‌رگه‌یه له سنووری كه‌ركووك، بۆ "وشه" رای گه‌یاند كه جارێ به‌رچاویان ڕوون نییه له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه بۆ كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان و پێویسته گفتوگۆكان به‌رده‌وام بن. دووپاتیشى كرده‌وه تا به‌كۆتاهاتنى گفتوگۆكانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، ناتوانن هیچ قسه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه بكه‌ن.
لاى خۆیه‌وه كامه‌ران كه‌ركووكى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك پێى وایه، ده‌بێ ڕێككه‌وتنێك بكرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان بۆ ناوچه كوردستانییه‌كان و كه‌ركووك.
كه‌ركووكی بۆ "وشه" گوتى، ئێسته داعش له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك ده‌ستى به جموجووڵ كردووه‌ته‌وه و پێویسته هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه تا ناوچه‌كه له مه‌ترسیی به دوور بێت.
ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ئاماژه‌ى دا، "پێویسته پێشمه‌رگه مه‌رجى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ كه‌ركووك و ناوچه‌كه، ئه‌وه بێت كه حه‌شدی شه‌عبى بچێته ده‌ره‌وه‌ى شار، نه‌ك پێشمه‌رگه له ده‌ره‌وه‌ى شار بێت و حه‌شد له‌ناو شار بمێنێته‌وه، چونكه تا ئێسته ناو شاره‌كان له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه ئیداره ده‌درێ".
كه‌ركووكى له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانیدا هێماى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، چیتر قبووڵ ناكرێ حه‌شدى شه‌عبى له‌ناو شاره‌كاندا حوكم بكه‌ن و پێویسته بچنه ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كان.
بۆ یه‌كه‌مجار "وشه" چه‌ند مه‌رجێكى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان بڵاو ده‌كاته‌وه كه پێش ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان، ئاراسته‌ى سوپاى عێراقیان كردووه، یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌یش ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و خاڵانه‌ى پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر له‌وێ بوون.
عوسمان حه‌سه‌ن قادر لیواى پێشمه‌رگه له سنوورى ناوچه كوردستانییه‌كان، بۆ" وشه" گوتى، تا ئێسته هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان بۆ كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان نه‌كراوه، هه‌رێمى كوردستان چه‌ند مه‌رجێكى هه‌یه، یه‌كێك له‌وانه ئه‌وه‌یه ده‌بێت پێشمه‌رگه بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و خاڵانه‌ى پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر لێى بوون، نه‌ك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى حه‌شدى شه‌عبى بن.
وه‌ك لیواكه باسى كرد، پێشمه‌رگه مه‌رجى ئه‌وه‌یه نابێ له‌ژێر بڕیارى هیچ هێزێكى تردا بێت و خۆیان بڕیار له‌سه‌ر چالاكى و كارى خۆیان بده‌ن، به‌ڵام سوپاى عێراق ئه‌وه‌ى ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه.
فه‌رمانده‌كه‌ى پێشمه‌رگه ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، پێشمه‌رگه داواى كردووه گه‌ره‌نتی ئه‌وه هه‌بێ له‌كاتى هه‌ر كێشه‌یه‌كى سیاسیی، پێشمه‌رگه نه‌كرێ به قوربانى، بۆیه تا ئه‌و مه‌رجانه جێبه‌جێ نه‌كرێ، "پێشمه‌رگه به‌و دۆخه‌ى ئێسته‌وه ناگه‌ڕێته‌وه".
" پێشمه‌رگه ده‌یه‌وێ له‌و ناوچانه‌ی لێی جێگیر ده‌بێت خۆى بڕیار له‌سه‌ر چالاكییه‌كانى بدات"