كەیسی سووتانی ڕۆزە ئالۆز دەبێت.. "وشە" وردەكاری بڵاو دەكاتەوە دایكی باسی ڕووداوەكە دەكات

:: PM:07:12:19/02/2019 ‌
ڕۆزە عەلی ژنێكی گەنجی سلێمانی بوو دوێنی بەهۆی سووتانەوە گیانی لەدەستدا، یەكێك لەوكەسانەی كە ڕۆزەی بە سووتاوی بردووەتەوە نەخۆشخانە باس لەوە دەكات كە گومانەكان دەچنەوە سەر ئەوەی هاوسەرەكەی ڕۆزەی سووتاندبێت و دایكی ڕۆزەش سكاڵای لەسەر زاواكەی هەیە.

شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی لبنان سیتی لە شاری سلێمانی، ژنێكی تەمەن 26 ساڵ، بە ناوی ڕۆزە عەلی بە سووتان گیانی لە دەست دا كە دایكی و شایەتحاڵێكی ڕووداوەكە دەڵێن، ڕۆزە سووتێنراوە و هاوسەرەكەیشی لای پۆلیس دەستبەسەرە، بەڵام لێكۆڵینەوەی پۆلیس لە سەرەتادایە.

نەعیمە كە دایكی ڕۆزەیە بە قورگی پڕ گریانەوە باس لە ژیانی كچەكەی دەكات و دەڵێت، هاوسەرەكەی ڕۆزە دڵی پیس بوو نەیدەهێشت كچەكەم بچێتە ماڵی خزم و خوشكیشی، تەنانەت نەیدەوێرا لەگەڵ كەس قسە بكات، چونكە دڵی پیسبوو دەیوت كە پێوەندیت لەگەڵی هەیە.

دایكی ڕۆزە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، كچەكەم جارێك دەیویست بچێت بۆ پرسەی نەنكی كە كۆچی دوایی كردبوو، بەڵام هاوسەرەكەی لێیدابوو هەموو گیانی شین كردبووەوە و ئەشكەنجەی دابوو، جارێكیش دەمەقاڵێی لەگەڵ كردبوو شیشی گۆشت و چەقۆی كردبوو بە دەستیدا، بە چەقۆ و قایش و شیش و دار و چەندان شتی تر لێیدابوو.

دایكی لە قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە مۆبایلەكەی ڕۆزە گرێدرابوو بە مۆبایلەكەی مێردەكەیەوە تا ئاگاداری لە هەموو شتێك بێت كە بۆ ڕۆزە دێت، هەمیشەیش مۆبایلی لێدەسەند، " ماڵی من گەڕەكێك لە خوار ماڵەكەیانەوە بوو نەیدەهێشت بێتە ماڵەكەی من، هەموو ڕۆژێ دەیوت دەیكوژم دەیسوتێنم، منیش دەموت با بێتەوە لای خۆم بەخێوی دەكەم".

" دوو هەفتە پێش ئێستە بەشێوەیەكی قورس لە كچەكەمی دابوو، لە نەخۆشخانەی فریاكەوتن خستی، شەوی ڕابردوویش دەمەقاڵێیان بوو، لەبەرئەوەی هاوسەری كچەكەم ئۆتۆمبێلی تازەی ڕاكێشا و گوتویەتی ژن دێنم، دراوسێكانیش شایەتحاڵن، كە گوتویەتی ژنم دۆزیوەتەوە و هێناومە، دواتریش نەوتی پێداكردووە و سووتاندویەتی" دایكی ڕۆزە وای گوت.

ئەو ئێستە سكاڵای لەسەر مێردەكەی ڕۆزە تۆمار كردووە و دووپات لەوە دەكاتەوە كە رۆزە لەلایەن مێردەكەیەوە سووتێنراوە.

سەیران محەمەد یەكێكە لە شایەتحاڵەكانی ڕووداوەكە تەواوی زانیارییەكان بۆ "وشە" دەخاتە ڕوو، ڕۆزە عەلی تەمەنی 26 ساڵە و دەرچووی زانكۆی جیهانە و بەهۆی زیرەكی لە خوێندندا و بڕینی خوێندنەكەی بە پلەی نایاب وایكردووە كە لە خوێندن وەربگیرێتەوە و ببێتەوە بە مامۆستا، بەڵام هاوسەرەكەی ڕێگر بووە لەوەی كە ڕۆزە بەردەوام بێت و لە ماڵەوە بەندی كردووە و مۆبایلی لێسەندووە و بە هەڕەشەی تەڵاقدانی وایكردووە كە ڕۆزە دەست لە خەونی بوون بە مامۆستایی هەڵبگرێت.

" ڕۆزە دوو ساڵ پێش ئێستە بە خۆشەویستی هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕێك ئەنجامدا كە كوڕەكە نەخۆشی تالاسیمای هەبووە، چەندان جار ڕۆزە دووگیان بووە، بەڵام لە كاتی دووگیانیدا كۆرپەكەی لەبارچووە، هاوسەرەكەیشی بۆ ئەوە زۆر لێی نیگەران بووە و چونەتە لای پزیشك، سەرەڕای ئەوەی كە پزیشكی پسپۆڕ پێی گوتون كە كێشەی لەبارچوونی منداڵەكە بۆ پیاوەكە دەگەڕێتەوە، بەڵام پیاوەكە هەمیشە لەسەر خۆی لایبردووە و ئامادە نەبووە كە چارەسەر وەربگرێت، بۆیە هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە ژنێكی تر دەهێنم و ئەمەیش ڕۆزە زۆر توڕە دەكات" شایەتحاڵەكە وای گوت.

كۆتا دەمەقاڵێی نێوان ڕۆزە و هاوسەرەكەی شەوی 17ی ئەم مانگە بووە لە سەعات هەشتی شەو دواتر سەعات حەوت و نیوی بەیانی ڕۆزە سووتاوە، وەك دراوسێیەكیان كە شایەتحاڵی ڕووداوەكەیە و نزیكایەتی لەگەڵ خانەوادەی ڕۆزەدا هەبووە چیرۆكی سووتانەكەی ڕۆزە دەگێڕێتەوە و بۆ "وشە" و دەڵێت، دراوسێكانیان بەردەوام ئاگاداری شەڕ و ناكۆكییەكانی نێوان ئەم دوو هاوسەرە بوون و شەوی ڕووداوەكەیش دەمەقاڵێیان تا گەڕەك ڕۆشتووە و ئەو بەیانییەی كە ڕۆزە سووتا من چوومە ماڵیان كە بینیم لە كەمەری ڕۆزە بۆ سەرەوە سوتاوە و بووە بە خەڵوز.

روونیشی كردەوە، بە پەلە بردویانە بۆ نەخۆشخانەی سووتاوی، ڕۆزە لە ژیاندا مابوو بۆیە من و دایكی لێمان پرسی خۆت خۆتت سوتاندووە ڕۆزە بە ئاماژەی سەری وتی نا، گوتمان ئەی هاوسەرەكەت تۆی سووتاندووە ئەمجارەیان بە هاوارێكی پڕ لە ئازارەوە كە هەردوو دەستی بۆ سەرەوە بەرز كردبووەوە گوتی بەڵێ‌.

ئەو شایەتحاڵە، ئاماژە بۆئەوە دەكات كە چوومە ماڵەكە ڕۆزە لە ماڵەكەدا كەوتبوو، تەنیا لەتێك فەرشی ئەو شوێنە سوتابوو، بۆنی نەوت و بەنزین بە هیچ جۆرێك نەدەهات. شەیەتحاڵەكە دەڵێت" لەو شوێنەی رۆزە سووتابوو مۆلیدەیەكی كارەبای كە بە بەنزین كار دەكات دانرابوو، بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە كە ڕۆزە سووتێنراوە لەلایەن هاوسەرەكەیەوە". لە كۆتاییشدا دەڵێ‌، دوای 45 خوولەك رۆزە گیانی لە دەست داوە.

لای خۆیەوە سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هاوسەرەكەی لەسەر سكاڵای دایكی گیراوە و هاوسەرەكەی لە گوتەكانییدا باسی لەوە كردووە كە كێشەمان هەبووە و ژنەكە چێشتی كردووە و لە متبەخەكەدا خۆی سوتاندووە و ویستوومە بیكوژێنمەوە، بەڵام بۆم نەكوژاوەتەوە، بەڵام دایكی دەڵێت كە كێشەیان هەبووە و گومان دەكەین كە هاوسەرەكەی سووتاندبێتی.

سەركەوت ئاماژەی بەوە كرد، پیاوەكە (ئ ، م) تەمەن 32 ساڵە و ئێستە بە بڕیاری دادوەر پیاوەكە گیراوە، لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە و تیمەكانی بەڵگەی تاوان چوونەتە شوێنی تاوانەكە و هەروەها نوسراوی پزیشكی دادوەری وەردەگیرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ڕێژەی سووتاویەكەی چەندە و كوێی سووتاوە.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد







وشە - سه‌رخێڵ هاشم