سەرووی چوار ملیۆن ئێرانی ئالوودەی مادە هۆشبەرەكانن

:: AM:10:45:15/10/2016 ‌
عەلی هاشمی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان كە سەر بە ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێرانە، ئاشكرای كرد ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئێران مادەی هۆشبەر بەكار دێنن و ئالوودەی ئەو مادە مەترسیدارەن، دەگاتە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس. بەگوتەی بەرپرسەكە ئەگەر ژمارەی ئەوانەشی بخرێتە سەر كە جاروبار ئەو مادەیە بەكار دێنن، ژمارەكە دەگاتە چوار ملیۆن كەس.

سەرۆكی دەستەكە باسی لەوە كردووە ٢١%ی كرێكارانی ئێران كە ژمارەیان ١٣ ملیۆن كەسە، مادەی هۆشبەر بەكار دێنن و بەو پێیە سێ ملیۆن كرێكاری ئالوودەبووی مادە هۆشبەرەكان لە ئێران هەن و ئەگەر ئەو ژمارەیە بخرێتە سەر ژمارەی ئەو كەسانەی كرێكار نین و ئالوودەی مادەی هۆشبەرن، ئەوا زۆر لەو ئامارە بەرزترە كە بە فەرمی بڵاو كراونەتەوە و تەنیا ئاماژەیان بە ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار ئالوودەبوو كردووە.



عەلی هاشمی یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو مادە مەترسیدارە بۆ بێكاریی گەڕاندووەتەوە و گوتوویەتی رێژەی بێكاری لە هەندێك لە شارەكان، گەیشتووەتە ٨٠%.

ئەو باس لە سیاسەتەكانی سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق دەكات كە پلانی حكوومەت ئەوە بووە دوای جەنگ تاكە شتێك رووبەڕووی ببنەوە، دیاردەی ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەكان بێت، كەچی تازە باس لە بنڕكردنی دیاردەكە دەكرێت.

ئامارەكان باس لەوە دەكەن ژمارەی ئالوودەبووان بە مادەی هۆشبەری جۆری مەترسیدار كە لە رێگەی پیشەسازییەوە بەرهەم دێت لە كۆتای كابینەی محەمەد خاتەمی سەرۆك كۆماری پێشتری ئێران، ١٠ هەزار كەس بووە، بەڵام لە كۆتای كابینەی ئەحمەدی نەژاد گەیشتووەتە ٣٣٥ هەزار كەس و ژمارەكەش لە سەردەمی حەسەن رووحانی لە بەرزبوونەوەدایە.



ئەو بەرپرسەی حكووتی ئێران دەڵێت نەبوونی هیچ پلانێك بۆ گەنجان و بێكاریی وای كردووە ٧٠%ی خەڵكی ئێران بینەری كەناڵەكانی ئاسمانی بن كە لە روانگەی ئێران بە تاوانبار هەژمار دەكرێن.

پێویستە بگوترێت بە پێچەوانەی ئەو هەنگاوانەی لە ئێران گیراونەتە بەر بۆ بنبڕكردنی مادە هۆشبەرەكان، رژێمەكە خۆی رۆڵێكی گرینگی هەیە لە بڵاوكردنەوەی مادەكە و سەركردەكانی سوپای پاسداران و دامەزراوەكانی تری ئەو رژێمە خۆیان بە بازرگانی سەرەكی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەكان هەژمار دەكرێن.



جگەلەمە یەكێك لە سیاسەتەكانی ئێران بە تایبەتی لە كوردستان و ناوچە سنوورییەكان، ئەوەیە گەنجان و لاوان بەو مادەیە سەرقاڵ بكات و كۆمەڵگەیەك دروست بێت گوێڕایەڵی حكوومەت و سیاسەتەكانی بێت و كەس هەوڵی راپەڕین و شۆڕش و هیچ ناڕەزایەتییەك نەدات.

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی كەسی ئالوودەبوو بە مادەی هۆشبەر، ئەوەیە كەسەكە بۆ كەسێكی لاواز و بێ دەسەڵات دەگۆڕێت و هەموو ئامانجەكانی لە ژیاندا ئەوە دەبێت رۆژانە بڕێك مادە دەستەبەر بكات. 

جگە لە هۆكاری ناوخۆیی، هۆكاری دەرەكیش رۆڵیان هەیە لە بڵاوكردنەوەی مادە هۆشبەرەكان و ئێران سنوورێكی درێژی لەگەڵ ئەفغانستان هەیە كە بە ناوەندی سەرەكی بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەكان هەژمار دەكرێت.



هەرێمی كوردستان كە سنوورێكی درێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە دەبێت زۆر وریا بێت لە تەشەسەندنی ئەو مادەیە بۆ ناوەوەی هەرێم و حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكان دەبێت رێوشوێنی توند بۆ رێگریكردنی لە بەقاچاخهێنانی ئەو مادە مەترسیدارە بگرنە بەر.

وشە/میدیاكان_و:سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان