نرخی تمەن بۆ نزمترین ئاستی لەمساڵدا دابەزی

:: PM:04:08:20/02/2019 ‌

ماوەی چەند رۆژێكە نرخی تمەنی ئێرانی بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی رووی لە دابەزین كردووە و ئەمڕۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی ئەمساڵدا تۆمار كرد.

ئەمڕۆ نرخی هەر دۆلارێك گەیشتە سەرووی 13 هەزار و 600 تمەن، هاوكات نرخی یۆرۆش بە 15 هەزار و 500 تمەن و پاوەندیش بە 17 هەزار و 780 تمەن ئاڵوگۆڕ كرا. نرخی 100 هەزار تمەن لە خوارووی نۆ هەزار دینار ئاڵوگۆڕ دەكرێ.

دابەزینی نرخی تمەن لە كاتێكدایە كە ماوەیەك بوو هەر دۆلارێك بە 10 هەزار تمەن جێگیر بووبوو و هەندێك رۆژ كەمێك لەسەروو یان خوارووی ئەم نرخە ئاڵوگۆڕ دەكرا.

ساڵی رابردوو نرخی دۆلار تا سەرووی 18 هەزار تمەن هەڵكشا، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین كردەوە. دابەزینی نرخی تمەن بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ریژەی هەڵاوسان لە ئێران و ئەم دۆخەش ئابووری ئێرانی تووشی داڕمان كردووە.

نرخی تمەن بەر لە كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكی زۆر لەم نرخەی ئێستەی بەرزتر بوو. ئەوكات هەر دۆلارێك لە خوارووی چوار هەزار تمەن دەفرۆشرا.

حكوومەتی ئێران بۆ رێگریكردن لە دابەزینی نرخی تمەن كۆمەڵێك پلان و سیاسەتی جیاوازی گرتەبەر، بەڵام نەیتوانی لە پلانەكانیدا سەركەوتوو بێت.

پێشبینی دەكرێ لەگەڵ زیاتر پاشەكشەی ئابووری ئێران و جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمەریكا دژی ئەو وڵات نرخی تمەنیش زیاتر داببەزێت.



وشە - سلێمان تاشان