هۆكارەكانی زوو میزكردن

:: PM:07:14:21/02/2019 ‌

زوو میزكردن چەند هۆكارێكی هەیە كە هەیانە پێوەستە بە نەخۆشی دیاریكراوەوە و هەشیانە لەبەر هۆكاری تر روو دەدات كە پێوەستە بە زیادبوونی چالاكیی میزڵدان كە تووشی كێشە دێتەوە لە ئەركەكەی كە بریتییە لە گلدانەوەی میز، بەوەیش مرۆڤ هەست دەكات كە پێویستە لەناكاو میز بكات و رەنگە راگرتنیشی زەحمەت بێت و ببێتە هۆی دروستبوونی چۆڕە میزكردن یان میزكردنی شەوانە.

گورچیلەكانی مرۆڤ میز بەرهەم دێنن كە دەچێتە ناو میزڵدان و لەوێ كۆدەبێتەوە و لەكاتی پڕبوونی مرۆڤ ئاساییانە میز دەكات و میزەكە لە رێگەی بۆڕی میزەوە بەرەو دەرەوەی دەچێت، كاتێك میزڵدان پڕ دەبێت لە میز ئاماژەی هەستی رەوانە دەكات بۆ مێشك بە پێویستی بەتاڵكردنی، بۆیە وەڵامی هەستەكەی دەدرێتەوە و ماسولكەكانی بنی ناوچەی حەوز و رێڕەوی بۆڕی میز خاو دەبنەوە و ماسولكەكانی میزڵدانیش گرژ دەبن و میزكردن روو دەدات.

هەرچی حاڵەتی زیادبوونی چالاكی میزڵدان و زوومیزكردنە ئەوكاتە روو دەدات كە گرژبوونێكی خۆنەویستانە لە دیوارەكانی میزڵدان دروست دەبێت، تەنانەت كاتێك ئەوەندە میزیشی تیادا نییە، ئەو گرژبوونە خۆنەویستە پێویستی لەناكاو بۆ میزكردن دروست دەكات كە رەنگە چەندان هۆكار ببنە هۆی دروستبوونی حاڵەتەكە.

لەوانەیش شێوانی دەماری (وەك نەخۆشییەكانی پاركنسن، سەكتەی مێشك، رەقبوونی جیاجیا)، زۆرخواردنەوەی ئاو و شلەمەنی و بەرهەمهێنانی میزێكی زۆر، لاوازیی كاری گورچیلە، نەخۆشی شەكرە و خواردنی دەرمانی دیاریكراو، نەخۆشكەوتنی رێڕەوی میز، كێشە لە میزڵدان وەك لوو و بەرد، هەڵاوسانی پرۆستات و قەبزی و نەشتەرگەری و زۆرخواردنی كافایین و كحوول و چوونە ناوتەمەن و بەتاڵ نەكردنی تەواوەتی میزڵدان یان هۆكاری نەزانراو.

لەگەڵ چوونە ناو تەمەنی مرۆڤ ئەگەری تووشبوونت لە زیادبوونی چالاكی میزڵدان زیاتر دەبێت، یان زیاتر تووشی نەخۆشی پێوەست بەو حاڵەتە دەبیتەوە وەك نەخۆشی شەكرە و هەوكردنی پرۆستات، بۆیە دەتوانرێت كۆنترۆڵی چۆڕەمیزكردن بكرێت كە بەهۆی ئەو حاڵەتانەوە دروست دەبێت لە رێگەی رێكخستنی كاتەكانی خواردنەوەی شلەمەنی و میزكردن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل