نرخی کارەبای مۆلیدە ئەھلیەکان لەشاری ھەولێر گران ده‌بێت

:: PM:07:40:30/12/2016 ‌
سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەھلیەکان لەشاری ھەولێر گوتی، نرخی یەک ئەمپێر مۆلیدەی ئەھلی بەراورد لەگەڵ مانگی رابردوو گرانتر بووە، چونکە نرخی گاز گرانبووە و خشتەی مانگی داھاتووش بەھەمان شێوەی ئەم مانگە رۆژانە حەوت کاتژمێر کارەبا بەھاوڵاتیان دەدرێت.
سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەھلیەکان لەشاری ھەولێر قارەمان مەولوود بە "وشە"ی راگەیاند "ئەو مۆلیدانەی حەوت کاتژمێر کارەبایان داوە نرخی ھەر ئەمپێرێک بۆ مانگی ١٢ی ئەمساڵ ١٠ھەزاردینارە و ئەوانەی ٥ کاتژمێر کارەبایان داوە حەوت ھەزار دینارە.
قارەمان مەولوود گوتیشی، خشتەی مانگی یەکەمی ساڵی نوێش بەھەمان شێوەی مانگی ١٢دەبێت کە رۆژانە مۆلیدەکان لەکاتژمێر پێنجی ئێوارە تاوەکو ١٢ی شەو کارەبا بەھاووڵاتیان ده‌ده‌ن، کە ئەمە بەشێوەیەکی گشتییە و رۆژانە دەکاتە حەوت کاتژمێر کارەبا.

سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەھلیەکان لەشاری ھەولێر ڕونیشی کردەوە، نرخی ئەمپێری کارەبا بەراورد بەمانگەکانی 10 و 11 زیاد بووە، لەبەر ئەوەی لەمانگەکانی رابردوو نرخی یەک ئەمپێر کارەبا بە 8750 دینار بووە، بۆ مانگی ١٢نرخی یەک ئەمپێر کارەبا بۆتە ١٠ھەزار دینار.
"ھۆکار گرانبوونی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەھلیەکان بۆگرانی نرخی گاز دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی نرخی ئەمپێری کارەبا لەگەڵ گرانبوونی نرخی گاز دەگۆرێت، مانگی رابردوو نرخی یەک لیتر گاز بە كه‌متر له‌ 500 دینار بوو ئێستا بووە بە 550 دینار و نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی داھاتووش لەکۆتایی مانگ دیاری دەکرێت" مه‌ولوود وای گوت.
هه‌ولێر: بڵند ئیبراھیم



وشە - عه‌لی سدیق