هەروەك دیارە لۆكەیشنی ئەم گرتە ڤیدیۆیەی خوارەوە بریتییە لە هۆڵی نوێژكردنی پەرستگەیەكی ئاینی ئیسلام، واتە مزگەوت، كە تێیدا چەند كەسێك خەوتوون و بەمەش پێ دەچێت كە كاتی تۆماركردنی گرتە ڤیدیۆكە مانگی رەمەزان بێت، چونكە زۆرتر لەو مانگەدا خەڵك لە مزگەوتەكاندا دەخەون.
گرتە ڤیدیۆكە لە رێگەی كامێرای چاودێرییەوە تۆمار كراوە و تێیدا دەردەكەوێت، كەسێك بە هێواشی و بە رێگەی خۆ وەك خەوتوو نیشاندان، لە كەسێكی تری خەوتوو نزیك دەبێتەوە و مۆبایلەكەی لێ دەدزێت.
گرتە ڤیدیۆكە لە پێگەی سپوتنیكی رووسیایی بڵاو كراوەتەوە، لەگەڵیدا ئاماژە بەوە نەدراوە ئەو مزگەوتە لە چ وڵات و ناوچەیەكی دنیایە كە ئەو رووداوەی تێدا تۆمار كراوە.
سەرچاوە: سپوتنیك