پڕۆژەكەی پارێزگای هەولێر
پەرلەمانتارێك بە باش و ئابووریناسێك بە لاواز وەسفی دەكات

:: AM:10:47:31/12/2016 ‌

پەسەندكردنی قەرەبووكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگدانەوەی زۆری لێ كەوتەوە و پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆكیش داوای ڕەشنووسی پڕۆژەكەیان كردووە تا پەسەندی بكەن، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت پڕۆژەكە بە شێوەیەكی گشتی باشە و بەدواداچوون دەكەین، ئابووریناسێكیش بە لاواز وەسفی كردووە.

دكتۆر فەرسەت سۆفی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند: ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەستپێشخەریەكی زۆر باشی كرد لەو هەلومەرجەدا بۆ ئەوەی پارەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران شوێنی خۆی بگرێت و هەردوو لایەنی حكوومەت و مووچەخۆران لە پڕۆژەكە سوودمەند بن.

ڕوونی دەكاتەوە: ئێستە لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بڕگە بە بڕگەی پڕۆژەكە ببینن و خوێندنەوەی بۆ بكەن تا بزانن لە چ شوێنێ گرفتی كارگێڕی و یاسایی هەیە تا چارەسەری بكەن.

هەر لەوبارەیەوە، دكتۆر ئەیووب سماقەیی پسپۆڕی ئابووریی گشتی و مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەدین بە "وشە"ی ڕاگەیاند: پڕۆژەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لاوازە و خێرایی زۆری پێوە دیارە لە نووسین و پەسەندكردنی.
 
زیاتر دەڵێت: ئەم پڕۆژەیە سۆزدارانە مامەڵەی لەگەڵدا كراوە و هیچ خزمەتێك بە فەرمانبەران ناكات، بەڵكو جۆرێكە لە بەستنەوەی هاووڵاتی بە حكوومەت بە ڕووی پێ بژاردنی باج و ڕسووماتەكانەوە، یان بە مانایەكی تر، دەیانەوێ بە فەرمانبەر بڵێن تۆ ئەوەندەی حكوومەتت لایە، ئاگادار بە لێتی وەردەگرینەوە.

پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێ: وەك پەرلەمان ئامادەن پڕۆژەكە ببەینە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تا لەوێش پەسەند بكرێت، بەڵام ئەوە كاتی دەوێت، ئومێدەوارین بتوانین كارێك بكەین لە خزمەتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستاندا بێت.

پسپۆڕە ئابوورییەكەی زانكۆی سەڵاحەدینیش پێشبینی دەكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای ڕەزامەندی پارێزگاكان لەسەر ئەو پڕۆژەیە وەربگرێت و دواتر ئەویش ڕەزامەندی پیشان بدات، چونكە زیاتر بابەتەكە لە سوود و بەرژەوەندیی حكوومەتە نەك مووچەخۆر و هاووڵاتی.

ڕۆژی 28ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەو پڕۆژەیەی پەسند كرد كە وەك ئاماژەیان پێ كردووە، بە قازانجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە و ماوەتەوە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەسند بكرێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت. ئەگەر حكوومەتیش پڕۆژەكە پەسەند بكات، ئەوا بارێكی قەرز لەسەرشانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كەم دەبێتەوە.

پێشتر غازی عەلی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی گوتبوو:  بەگوێرەی پڕۆژەكە، فەرمانبەران و مووچەخۆران دەتوانن لەو پارەیەی حكوومەت كە بۆی پاشەكەوت كردوون بۆ مەبەستی گەڕاندنەوەی قەرزەكانیان سوود وەربگرن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان 20% تا ٧٥%ی مووچەی فەرمانبەرانی پاشەكەوت كردووە و دیار نییە كەی توانای دارایی حكوومەت بەرز دەبێتەوە تا قەرزەكە بۆ هاووڵاتییان بگەڕێنێتەوە. بەو پڕۆژە نوێیەی پارێزگای هەولێر دەتوانرێت پارەی ئاو‌، كارەبا‌، سزاكانی هاتوچۆ ‌و هەموو جۆرە قەرزێكی حكوومەت بدرێتەوە.

هەولێر/ هێمن ڕەفیق


وشە - كوردۆ شابان