گرووپێكی ناو یەكێتی داوای بەستنی كۆنگرە دەكەن و هۆشداری دەدەن

:: PM:04:52:27/02/2019 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ئاشكرای دەكات لە ناو یەكێتی ڕێگری هەیە لە بەستنی كۆنگرە و ئاشكرایشی دەكات، كۆتا هۆشدار و ئاگاداركردنەوە دەدەینەوە سەركردایەتی یەكێتی بۆ بەستنی كۆنگرە و نابێت لە مانگی حوزەیران زیاتر بخایەنێت.

ئەمڕۆ چوارشەم27ی شوبات، عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕۆژی شەمووی هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی ناوەندی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و لە كۆبوونەوەكەدا بە تایبەتی گفتوگۆ و قسە لەسەر پرسی بەستنی كۆنگرە دەكرێت و ڕاسپاردە دەدرێتە سەركردایەتی یەكێتی.

روونی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا بۆ دواین جار ئاگاداركردنەوە و هۆشداری دەدرێتە سەركردایەتی یەكێتی تا بە فەرمی كاتی بەستنی كۆنگرە دیاری بكات و نابێت تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ كاتەكەی زیاتر بخایەنێت و پێشتریش چەند جارێك داوامان لێ كردوون، بەڵام ڕۆژی شەموو كۆتا ئاگاداركردنەوە دەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لە ناو یەكێتی سەركردایەتی حزب توانای بڕیاردانی هەیە لە پرس و بابەتەكان، پەیامنێری "وشە" پرسیاری ئەوەی كرد ئایا لە ناو یەكێتی ڕێگر هەیە لە بەستنی كۆنگرە؟ ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی ناوەندی گوتی، بەڵێ، بە دڵنیاییەوە ڕێگری لە بەستنی كۆنگرە دەكرێت.

یەكێتی چەندان ساڵە هیچ كۆنگرەیەكی نەكردووە و ئێستەیش بەهۆی ململانێی و كێشە ناوخۆییەكانەوە ناتوانێ‌ بڕیار لەبەستنی كۆنگرە بدات.

 سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم