بڕیارە هەفتەی داهاتوو مووچەی دوو مانگی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەكانیش داوا لە قوتابخانەكان دەكەن سەردانیان بكەن بۆ وەرگرتنی پارە.
ئەمڕۆ شەموو سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەلایەن وەزارەتی دارایی ئاگادار كراوینەتەوە بچین بۆ سەردانكردنی بانك بۆ وەرگرتنی مووچەی دوو مانگی مامۆستایانی وانەبێژ.
ئەم سەرچاوەیە دەڵێت، لە ڕۆژی پێنجشەم ئاگادارییەكە بەسەرجەم بەڕێوەبەری قوتابخانەكان دراوە ئەوانەی مامۆستایانی وانەبێژیان هەیە دەتوانن سەردانی پەروەردەی گشتی بكەن بۆ تەواوكردنی كارەكانیان و وەرگرتنی بڕی پارەی مامۆستایانی وانەبێژ.
هەروەها ئاشكرای كرد، ئەو پارەیەی دەدرێت بە مامۆستایان بۆ دوو مانگی نیسان و ئایاری 2016یە، بەمەش كۆتا دێت بە پێدانی بڕی شایستەی مامۆستایانی وانەبێژ، هەروەها بۆ ئەمساڵ ڕەنگە بە هەفتەیەك دوای مووچەی مامۆستایان بۆ ئەم مانگە شایستەی وانەبێژی دوو مانگ دابەش دەكرێت.
مامۆستایانی وانەبێژ كار دەكەن لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی نەبوونی دامەزراندن، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە بە گرێبەستێكی بڕی گوتنەوەی وانە بەرامبەر بڕێك پارە كار دەكەن و بەمەش توانراوە بەشێك لە كەڵێنی پەروەدەیی پڕ بكرێتەوە.