مانگی داهاتوو 15 تا 17 سەعات كارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت

:: PM:03:42:31/12/2016 ‌

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، خشتەی مانگی داھاتووی كارەبای نیشتمانی بەھەمان شێوەی ئەم مانگە دەبێت وھیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نایەت و بە كارەبای نیشتمانی و مۆلیدەوە، ١٥ تا ١٧ سەعات كارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت.

 ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی دابەشكردنی كارەبای ھەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، "خشتەی مانگی داھاتووی پێدانی كارەبای نیشتمانی بەھاووڵاتییان بەھەمان شێوەی مانگی رابردوو لە نێوان هەشت تا ١٠ سەعات دەبێت و لەبەر خواستی زۆر ناتوانن سەعاتەكانی پێدانی كارەبا بەرز بكەنەوە.

ئەو  گوتی، كاركردن لەسەر پێدانی ٢٠ ئەمپێر كارەبا بۆ ھەر ماڵێك بەردەوامە و لە سلێمانی لە سەرتای ساڵی نوێوە لەوانەیە پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت، چونكە ئامادەكارییەكان دەستی پێ كردووە. 

بەگوتەی ئومێد ئەحمەد، ئێستە بەرھەمی كارەبای ھەرێمی كوردستان نزیكەی دوو هەزار و ٦٠٠ مێگاوات كارەبایە.

هاوكات قارەمان مەولوود سەرۆكی لیژنەی مۆلیدە ئەھلییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، "نرخی یەك ئەمپێر كارەبا بۆ ئەم مانگە لەو ناوچانەی حەوت سەعات كارەبا دراوە، ١٠ ھەزار دینارە و ئەوانەیش كە پێنج سەعاتیان پێ دراوە حەوت ھەزار دینارە كە بەراورد بە مانگی رابردوو نرخەكەی زیادی كردووە.  بۆ ھەر ئەمپێرێك كارەبایە، ئەمەش بەراورد لەگەڵ مانگی رابردوو نرخەكە زیادی كردووە چونكە لەمانگی رابردوودا نرخی یەك لیتر گاز بە  ٥٠٠ دینار بوو، بەڵام ئێستە بە  ٥٥٠ دینارە.

بەگوتەی ئەو بەرپرسە، بۆ مانگی داھاتووش مۆلیدە ئەھلییەكان رۆژانە حەوت سەعات كارەبا دەدەن كە لە سەعات پێنجی ئێوارەیە تا ١٢ی شەو و لە كۆتای مانگیش بەپێی پێدانی كارەبا نرخی ئەمپێری كارەبا دیاری دەكرێت.

بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە، لە مانگی داھاتوودا كارەبای نیشتمانی و مۆلیدە بە یەكەوە رۆژانە ١٥ بۆ ١٧ سەعات كارەبا بەھاووڵاتییان دەدەن.

هەولێر/بڵند ئیبراھیم 


وشە - سلێمان تاشان