كایا نیگه‌رانه له كوردستان و ده‌یه‌وێ له ئەوروپا كاری مۆدێل بكات
كایا حه‌سه‌ن /18 ساڵ/، كچه نمایشكارێكی شاری سه‌رده‌شتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه و دیپلۆمی له بواری پزیشكی هه‌یه. جگه له نمایشی جلوبه‌رگ، وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداری چه‌ند ڤیدیۆ كلیپ و رێكلامی كردووه.
كایا له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئاماژه به‌وه ده‌دات، "ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ببێت به نمایشكارێكی به‌ناوبانگ و ناسراو، ده‌بێت هه‌موو داواكارییه‌ك قبووڵ بكات". به‌ڵام هه‌ر خۆی ده‌ڵێ، له ئه‌وروپایش سنوورێك بۆ كاره‌كانی داده‌نێ.
بۆ یه‌كه‌م جار كه‌ی ده‌ستت به كاری مۆدێل كردووه؟
له ساڵی 2018 ده‌ستم به‌كاری نمایشكردنی جلوبه‌رگ كرد و یه‌كه‌م بهشداریكردنیشم وه‌ك مۆدێلیست له "هه‌فته‌ی نمایشی جلوبه‌رگی كوردستان" بوو له هه‌ولێر. دواتر تا ئێسته به‌شداری چه‌ندان نمایشی ترم كردووه.
جگه له مۆدێل ڕۆژانه به چ كارێكی تره‌وه سه‌رقاڵی؟
وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداری چه‌ند رێكلام و ڤیدیۆ كلیپم كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شداریی هه‌ر ڤیدیۆ كلیپێكیش بكه‌م، تا له كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌نده‌كه دڵنیا نه‌بمه‌وه به‌شداری ناكه‌م، واته ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌نده‌كه خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی به‌رز و باش بوو، ئینجا به‌شداری كلیپه‌كه‌ی ده‌كه‌م، نموونه‌یش هونه‌رمه‌ند "كیژان ئیبراهیم خه‌یات" كه به‌مدواییه به‌شداریی ڤیدیۆ كلیپهكهیم كرد.
خه‌ون و ئامانجت له ڕێی كاری مۆدێله‌وه چییه؟
خه‌ون به‌وه ده‌بینم ببم به نمایشكارێكی به‌ناوبانگ و ناسراو له‌سه‌ر ئاستی دنیا، هه‌روه‌ها نامه‌وێ له كوردستان درێژه به كاری مۆدێل بده‌م، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ له ئه‌وروپا كاری مۆدێل و نمایش بكه‌م، چونكه له كوردستان كاری مۆدێل ئه‌وه‌نده گرنگی نییه و به شتێكی كه‌م سه‌یر ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر به‌و خه‌ونه‌ت گه‌یشتی، ئاماده‌ی به‌شداری هه‌ر جۆره نمایشێك بكه‌یت كه داوات لێ بكه‌ن؟
بێگومان، ئه‌گه‌ر بمه‌وێ ببم به نمایشكارێكی به‌ناوبانگ و ناسراوی جیهانی، ده‌بێت هه‌موو داواكارییه‌ك قبووڵ بكه‌م، به‌ڵام له ئه‌وروپایش سنوورێك بۆ كاره‌كانم داده‌نێم و هه‌رگیز به‌شداری نمایشكردنی ئه‌و جۆره جلوبه‌رگانه ناكه‌م كه ته‌واوی جه‌سته‌م به ده‌ره‌وه بێت یان بۆ جلی ژێره‌وه نمایش ناكه‌م، چونكه پاراستنی كه‌سایه‌تیی خۆم و خێزانه‌كه‌م له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه.
هه‌فته‌ی نمایشی جلوبه‌رگی كوردستان به‌لاته‌وه تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بوو؟ ئه‌و براندانه‌ی تۆ نمایشت بۆ كردن خاوه‌نه‌كانیان تا چه‌ند ڕازی بوون؟
به‌هۆی ئه‌وه‌ی "هه‌فته‌ی نمایشی جلوبه‌رگی كوردستان" وه‌ك یه‌كه‌م ئه‌زموون بوو بۆ كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باش و سه‌ركه‌وتووانه به‌ڕێوه چوو، هه‌روه‌ها ئه‌و براندانه‌ی نمایشم بۆ كردن، 100% لێم ڕازی بوون.
تا چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بوون به مۆدێلیست له خۆتدا ده‌بینی؟
بوون به مۆدێلیست چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بێت باڵات له 170سم كه‌متر نه‌بێت، هه‌روه‌ها كێشت كه‌م بێت و خاوه‌ن ڕووخسارێكی جوان بیت، به قسه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی شاره‌زایی كاری مۆدێلیان هه‌یه و ده‌مناسن، من خاوه‌ن جوانترین ڕووخسار و له‌شولارم و كێشم كه‌مه و باڵاكهشم له سه‌رووی 170سمه، بۆیه 100% هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌م تێدا هه‌یه.
تا ئێسته ڕووبه‌ڕووی به كه‌م سه‌یركردن بوویته‌وه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه به‌هۆی كاره‌كه‌ت؟
به‌دڵنیاییه‌وه، تا ئێسته به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگه وا هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر كاری مۆدێل بكه‌یت، ئه‌وه خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی خراپیت یاخۆ به چاوێكی كه‌م سه‌یرت ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆر جاریش به‌شێكی مۆدێلیسته‌كان خۆیان هۆكارن و كه‌سایه‌تی خۆیان ناپارێزن، به‌مه‌یش هه‌موو مۆدێلیسته‌كان به‌و چاوه سه‌یر ده‌كرێن.
به‌ڵام خۆم تا ئێسته كه‌سایه‌تیی خۆم پاراستووه و چه‌ند جارێك كاری نمایشی جلوبه‌رگ هه‌بووه و ڕه‌تم كردووه‌ته‌وه، چونكه سنوورێكم بۆ كاره‌كانم داناوه. هه‌رچه‌نده خێزانه‌كه‌م خۆیان ڕێیان داوه و شانازیشم پێوه ده‌كه‌ن.
مه‌به‌ستت چییه له‌وه‌ی مۆدێلیسته‌كان خۆیان ده‌بنه هۆكاری ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگه به چاوێكی تر سه‌یر بكرێن؟
له كوردستان زۆر له مۆدێلیسته‌كان ته‌نیا بۆ نمایشكردنی خۆیان كاری مۆدێل ده‌كه‌ن نه‌ك بۆ جلوبه‌رگ، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ژنێك هه‌ندێك جه‌سته‌ی گه‌وره و پڕ بێت، له نمایشه‌كانی جلوبه‌رگ به‌شدارییان پێ ده‌كرێ، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بنه‌ما و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه كه پێی ده‌گوترێت نمایشكاری ستاندارد، پێشتر ئاماژه‌مان پێ كرد كه نمایشكار پێویسته كێشی كه‌م بێت و خاوه‌ن ڕووخسار و له‌شولارێكی جوان بێت. خۆم تا ئێسته زۆرجار كاری نمایشكردنی جلوبه‌رگم ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌بوو به‌شێكی زۆری جه‌سته‌م به‌ده‌ره‌وه بێت.
هیچ كاتێك په‌شیمان نه‌بوویته‌وه له كاره‌كانت؟
به‌ڵی زۆرجار به‌هۆی قسه‌ی نه‌شیاو و بیركردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگه بیرم له‌وه كردووه‌ته‌وه په‌شیمان بم له كاری مۆدێل، به‌ڵام ڕێم نه‌داوه قسه و پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وان به‌سه‌رمدا زاڵ بێت و وازم نه‌هێناوه.
*زۆر له مۆدێلیسته‌كان ته‌نیا بۆ نمایشكردنی خۆیان كاری مۆدێل ده‌كه‌ن
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال