كۆمپانیای بوگاتی بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێل نوێترین بەرهەمی ئۆتۆمبێلەكانی لە پێشانگەی جنێڤ بۆ ئۆتۆمبێل نمایش دەكات، ئەوەی جێی سەرنجە نرخەكەیەتی كە لە مێژوودا هیچ ئۆتۆمبێلێك بەو نرخە نەفرۆشراوە.
لە پێشانگەی جنێڤ بۆ ئۆتۆمبێل، كۆمپانیای
بوگاتی بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێل، پەردەی لەسەر "لافواتور نوار" لادا كە گرانترین ئۆتۆمبێلە لە مێژووی دروستكردنی ئۆتۆمبێل تا ئێستە و نرخەكەی بە دیاری كراوی دەگاتە 12 ملیۆن و 452 هەزار و 905 دۆلار.
"لافواتور نوار" یان ئۆتۆمبێلە رەشەكە، ئۆتۆمبێلێكی تەواو نوێیە و هاوشێوەی مۆدێلی "تایب 57 ئێس سی ئەتلانتیك" دروستكراوە كە بە باشترین و جوانترین ئۆتۆمبێلی بوگاتی ناسراوە.
هەروەك لە وێنەكەدا دیارە، ئەو شێوەیە جوانترینی بوگاتییە لە ماوەی ساڵانی رابردوو، ستیڤن فینكمان سەرۆكی كۆمپانیاكەش دەڵێ، كورترین پێناسە بۆ ئۆتۆمبێلە رەشەكە ئەوەیە ئۆتۆمبێلێكە لە جوانیدا وێنای نییە، هەوڵمانداوە جوانی و تەكنەلۆجیا و خێرایی و مێژووی بوگاتی هەموو لە یەك ئۆتۆمبێل كۆ بكەینەوە.
ئیتیین سالومی دیزاینەری ئۆتۆمبێلەكە دەڵێ، تەواوی ئۆتۆمبێلەكە بە دەست دروستكراوە، رووی دەرەوەی لە پارچە كاربۆنی بریسكەداری رەشی تێر دروستكراوە، بە شێوەیەكی زۆر ورد و پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو مادەیە كراوە و نەخشەسازی ئۆتۆمبێلەكەش ماوەیەكی زۆری خایاند كە دواجار تیمی ئەندازیاری نەخشەسازی ئۆتۆمبێلەكە گەیشتنە ئەو باوەڕەی لەوە زیاتر ناتوانرێت ئۆتۆمبێلەكە پێش بخرێت.
لە تایبەتمەندییەكانی بوگاتی لافواتۆر نوار، هەشت پستۆنی قەبارە 16 لیترییە و هێزی هەزار و 479 ئەسپی هەیە، بەرزترین ئاستی خێرایی لە سەعاتێكدا دەگاتە 464 كیلۆمەتر، لە سفڕ بۆ كەمتر لە لە دوو چركە و نیو خێراییەكەی دەگاتە 100 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا و چوار گزۆزی تۆڕبۆی هەیە.
بوگاتی لە بنەڕەتدا كۆمپانیایەكی فڕەنسییە و ساڵی 1909 لەلایەن ئیتۆر بوگاتی ئیتاڵی دامەزراوە و تایبەتمەند بووە بە دروستكردنی ئۆتۆمبێلی خێرا، بەڵام لەگەڵ دەستپێكی جەنگی جیهانی شكستی هێنا و دوا مۆدێلی ساڵی 1950 دروست كرد و پاشان رووی كردە پیشەسازی فڕۆكە.
دواتر گرووپی كۆمپانیاكانی ڤۆڵكسواگۆنی ئەڵمانی، كۆمپانیای بوگاتی كڕیەوە و پەرەی پێدا و ئێستە بەشێكە لەو گروپە لە كۆی 14 كۆمپانیای تر.
بەگوێرەی زانیارییەكان یەكەم ئۆتۆمبێلی نمایشكراوی بوگاتی،
فێردیناند بیتچ سەرۆكی پێشتری گرووپی ڤۆڵكسواگۆن بە 18 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار كڕیویەتی پێش لێ دەركردنی باج. چاوەڕوان دەكرێت بوگاتی، ژمارەیەكی دیاریكراو لەم جۆرە ئۆتۆمبێلە دروست بكات.