دووكەڵێكی زۆر ئاسمانی ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی هەولێر تا شارۆكەی خەباتی تەنیوە و بەگوێرەی زانیارییەكانیش داعش لە ترسی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ دەستی بە سووتاندنی نەوتی كێڵگەكانی دەوروبەری مووسڵ كردووە.
رائید ئەمین شێخانی یاریدەدەری فەوج و گوتەبێژی لیوای 91ی سوپای عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ شەموو 15ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2016، بۆ رۆژی سێیەم دەچێت كە چەكدارانی داعش ئاگریان لە بیرەكانی نەوت لە نزیك شارەدێی شۆڕەی نێوان گەیارە و حەمام عەلیل بەرداوە و تا دێت دووكەڵەكەی زیاتر دەبێت.
شێخانی روونی كردەوە، چەكدارانی داعش بە سووتاندنی نەوتی بیرەكانی نێوان گەیارە و حەمام عەلیل لە نزیك سەنتەری شاری مووسڵ، دووكەڵێكی چڕیان لە ئاسمانی ناوچەكەدا دروست كردووە.
زیاتر دەڵێ، "بەهۆی ئەو دووكەڵەوە كە تا دێت زیاتر دەبێت، ئاسمانی تەواوی شارۆكەی مەخموور و ناوچەكانی دەوروبەری رەش بووە و ئەمڕۆش دووكەڵە رەشەكە گەیشتووەتە سەر ئاسمانی شارۆكەی خەبات/كەڵەك لە سنووری پارێزگای هەولێر".
بەرپرسانی سەربازی لە سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دووپات لەوە دەكەنەوە، چەكدارانی داعش بۆ خۆشاردنەوە لە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داعش و جموجۆڵی چەكدارەكانیان ئاگر دەكەنەوە، ئامانجەكە ئەوەیە ئاسمانی ناوچەكە تاریك ببێت، ئەوەش وا دەكات بنینی فڕۆكە جەنگییەكان سنووردار ببێت.
وەك گوتەبێژی لیوای 91ی سوپای عێراق روونی كردەوە، "سووتاندنی نەوتی بیرەكانی نێوان گەیارە و حەمام عەلیل لەكاتێكدا دێت كە چاوەڕوانی سەعاتی سفر دەكەین بۆ دەست كردن بە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شاری مووسڵ".
ئەم وێنانەی خراونەتە روو، ئاسمانی شارۆكەی خەبات نیشان دەدەن بەدووری نزیكەی 20كم لە سەنتەری هەولێرەوە.
وشە/رێبین فەتاح.