سەرۆكی بەرشەلۆنە لە كاتی دەركردنی ریال مەدرید لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا چی گوتبوو؟

:: PM:01:28:08/03/2019 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی هەڵوێستی جۆزیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەی بڵاو كردبووەوە كاتێك یانەی ریال مەدرید لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كرابووە دەرەوە.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ) لە سەرچاوەیەكی نزیكی یانەی بەرشەلۆنە گواستییەوە: ئەو شەوەی كە یانەی ریال مەدرید لەسەر دەستی یانەی ئایاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كرابووە دەرەوە، سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە تووشی سەرسڕمان ببوو.

بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە لەو كاتەدا رایگەیاندبوو: ئەگەر ئەمە بەسەر یانەی بەرشەلۆنە بهاتایە، راستەوخۆ دەستم لە سەرۆكایەتی یانەكەم هەڵدەگرت.

سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە هەروەها جەختی كردبووە كە لە هەر وەرزێكدا لەگەڵ یانەكەم نەمتوانی هیچ ناسناوێك بەدەست بێنم، ئەوا بێ دوودڵی واز لە پۆستی سەرۆكایەتی یانەكە هەڵدەگرێ.

ئەم قسەیەی بارتومیۆ لە كاتێكدایە كە یانەی ریال مەدرید لەم وەرزەدا بە خراپترین ئاست تێپەڕ دەبێت و لە ركابەرییەكانی جامی شای و خولی ئیسپانیا و لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كراوەتە دەرەوە.

یانەی ریال مەدرید ئێستا جیاوازی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا 12 خاڵە و لە ریزبەندی سێیەمی یانەكاندایە دوای یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی هاوسێی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م