ئه‌ندازیاری پڕۆژه‌كه: به كرانه‌وه‌ی شه‌قامه‌كه گرفته‌كه چاره‌سه‌ر ده‌بێت
له پشتی ماجیدی مۆڵ و له بن پردی ١٢٠ مه‌تری، به‌شێك له ناوه‌ندی شه‌قامه دووسایده‌كه هه‌ڵگیراوه و سێڕیانێكی پڕ فه‌وزای هێناوه‌ته كایه‌وه كه هه‌ست ناكه‌ی شوێنێك بێت یاسای تێدا هه‌بێت، چونكه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی دانیشتووانی گه‌ڕه‌كه‌كه دروستیان كردووه. ئه‌و كه‌تنه شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری ناویه‌تییه‌وه. ئه‌ندازیاری پڕۆژه‌كه ده‌ڵێ، "دوای كرانه‌وه‌ی شه‌قامه‌كه، ئه‌و گرفته نامێنێت".
له شه‌قامی پشته‌وه‌ی ماجیدی مۆڵ، به‌رده‌وام جه‌نجاڵی ئۆتۆمبێل هه‌یه، ئه‌و شه‌قامه دووسایده كه به بن پردی ١٢٠ مه‌تری ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای گه‌ڕه‌كی پێنجی حه‌سارۆك، به‌یانیان و ئێواران ڕێت نییه بڕۆی، كاتێك ڕووه و پێنجی حه‌سارۆك پرده‌كه تێده‌په‌ڕێنی، له به‌رانبه‌ر سایدی ده‌سته ڕاستت (كه شه‌قامی خزمه‌تگوزاری ١٢٠ مه‌ترییه و تا سه‌ر ڕێی كه‌ركووك درێژ بووه‌ته‌وه)، به درێژیی چوار مه‌تر و به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی، نێوانی دووسایده‌كه هه‌ڵگیراوه و بوونی چاڵ و نه‌بوونی پۆلیسی هاتوچۆ، ڕۆژانه ئه‌و شوێنه قیامه‌ته.
جرتوفرتی ئۆتۆمبێل تاریكی و ڕووناكی ناناسێت، له‌و سێڕییانه كه‌س له‌سه‌ر كه‌س ناوه‌ستێت و هه‌مووان هه‌وڵی ده‌ربازبوون ده‌ده‌ن، ئۆتۆمبێلی له نه‌بڕانی شه‌قامه خزمه‌تگوزارییه‌كه‌ی ١٢٠ مه‌تری، به شۆسته هه‌ڵگیراوه‌كه‌دا ڕاسته‌وخۆ بۆ شه‌قامی ئه‌وبه‌ر مل ده‌نێن، جه‌نجاڵی هه‌ندێك جار ده‌مه‌قاڵێی شۆفێر دێنێته ئاراوه كه به چه‌ند جنێوێك خۆیان به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه و مل ده‌نێن، هه‌ندێك كاتیش پێكدادان ڕوو ده‌دات و به یه‌كجار ڕێیه‌كه ده‌به‌سترێ، جیا له‌و فشاره ده‌روونییه‌ی ڕۆژانه‌ی به‌رده‌م شۆفێران، ژیان و كاری كه‌سانێكی نه‌هێشتووه.
له سه‌ره‌تای شه‌قامه خزمه‌تگوزارییه‌كه‌ی ١٢٠ مه‌تری، نانه‌واخانه‌ی فیرده‌وس هه‌یه كه چه‌ند كه‌سێك تێیدا كار ده‌كه‌ن، ئه‌وان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه به‌هۆی هه‌ڵگیرانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی نێوان دوو سایده‌كه‌ی پشتی ماجیدی مۆڵه‌وه، قه‌ره‌باڵغییه‌كی بێزاركه‌ر دروست بووه و به‌یانیان و ئێواران ڕێی ده‌رچوون نامێنێت و ڕۆژانه‌یش پێكدادان ڕوو ده‌دات و چه‌ند جارێكیش شه‌ڕ ڕووی داوه. بۆ "وشه" گوتیان "به‌و هۆیه‌ی ئۆتۆمبێل ناتوانێ بوه‌ستێت، ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی ئێمه هه‌یه و بازاڕمان نه‌ماوه".
كه‌مێك ئه‌ولاتر خالید وه‌لی له نووسینگه‌ی پێشڕه‌و، ئاماژه به‌وه ده‌كات، "به‌یانی و ئێواران ژیانمان نامێنێت و به‌رده‌وام لێره ئۆتۆمبێل په‌نگ ده‌خۆنه‌وه، تا ئێسته پێكدادانی پیاوانه‌ش ڕووی داوه".
له سه‌رووی ئه‌وه‌وه ئه‌حمه‌د حه‌یده‌ر ڕۆنگۆڕه و ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، "به‌هۆی ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌وه بازاڕمان زۆر كه‌م بووه، چونكه تا ئۆتۆمبێلێك ده‌ڕواته ده‌ره‌وه و یه‌كی تر دێته ژووره‌وه، زیاتر له چاره‌گێكی ده‌وێت".
ئه‌و دۆخه هاواری له دووكاندار و هه‌موو ئه‌و شۆفێرانه هه‌ستاندووه كه ئه‌و شه‌قامه ڕێی ڕۆژانه‌یانه و نازانن هانا بۆ كێ به‌رن، ئاخر به‌هۆی ناڕازیبوون بۆ ماوه‌یه‌ك گیراوه‌ته‌وه، كه‌چی دووباره كراوه‌ته‌وه.
ئه‌و فه‌وزایه‌ی هه‌ڵگرتنی به‌شێكی نێوان دووسایده‌كه‌ی پشتی ماجیدی مۆڵ له سه‌ره‌تای پێنجی حه‌سارۆك ناوه‌تییه‌وه، پێشتر له سووڕانه‌وه‌كه‌ی ٤٠٠ مه‌تر سه‌رخۆیه‌وه بووه كه ئۆتۆمبێل دانیشتووانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی هه‌راسان كردووه، به تكا و ڕجا له شاره‌وانی و پارێزگا، تا ئاستێك قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌یان له كۆڵ خۆیان كردووه‌ته‌وه.
یه‌ك له‌وانه‌ی بۆ هه‌ڵگرتنی ئه‌و به‌شه‌ی نزیك پردی ١٢٠ مه‌تری له زۆر ده‌رگه‌ی داوه، ڕه‌سووڵ عه‌بدوڵایه، ئه‌و بۆ "وشه" گوتی، "ئه‌وكاته‌ی خواره‌وه نه‌كرابووه‌وه، دانیشتووانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه ژیانمان نه‌مابوو، سه‌رباری ژاوه‌ژاو و پیسی خۆڵ و ڕه‌شایی دووكه‌ڵی ئۆتۆمبێل كه به‌رده‌وام جرتوفرتیان بوو، نه‌مانده‌توانی ئۆتۆمبێل ده‌ربهێنین، ده‌رگه‌مان له‌سه‌ر منداڵه‌كانمان داده‌خست و له ماڵه‌وه سجنمان ده‌كردن نه‌بادا به‌ژێر ئۆتۆمبێله‌وه بن".
ڕه‌سووڵ كه ماڵه‌كه‌ی نزیك مزگه‌وتی ئه‌نبیایه، له‌گه‌ڵ فاخیر سه‌مه‌د كه دراوسێیه‌تی باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر ئه‌و سووڕانه‌وه‌یان بۆ نه‌كردایه‌ته‌وه، ناچار بوون ئه‌و شوێنه به‌جێ بهێڵن و بار بكه‌ن كه ڕۆژ نه‌بووه یه‌ك دوو بارهه‌ڵگر تێیدا عاسێ نه‌بێت و وه‌ك خۆیان ده‌یانگوت، "هه‌رچی ئۆتۆمبێلی دانیشتووانی پێنجی حه‌سارۆك و به‌شێكی بنه‌سڵاوه‌یش، ده‌هاتنه‌وه به‌رده‌رگه‌ی ئێمه و كۆڵانه‌كه‌مان بووه‌ته تاكه ڕێی چوونه ناو سه‌نته‌ری شار، كه پێشتر كۆڵانێكی لاچه‌پ بووه و هاتوچۆی به‌سه‌ره‌وه نه‌بووه".
گوته‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه له كاتێكدایه كه سه‌ر شه‌قامی دوو ساید گرانه و له هه‌موو گه‌ڕه‌ك و شارێكیش ماڵ و دوكان له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامانه هه‌ن و ئاساییه.
ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ی كۆڵانه‌كه‌ی پشتی ماجیدی مۆڵ، دوای ده‌ستپێكردنی به‌شی سێیه‌م و كۆتایی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری دێت، كه به‌هۆیه‌وه ڕێیه‌كانی هاتوچۆی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی له‌و به‌شه هه‌ڵكه‌وتوون، به سه‌نته‌ری شاره‌وه پچڕاندووه و دانیشتووانی ناچارن به‌ڕێ خزمه‌تگوزارییه‌كه‌ی ١٢٠ مه‌تریی به‌رده‌م پێنجی حه‌سارۆكدا بێنه‌وه پشتی ماجیدی مۆڵ.
به بڕوای دانیشتووانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه، نه‌بوونی ڕێی ڕاسته‌وخۆ له شه‌قامی خزمه‌تگوزارییه‌كه‌وه بۆ سه‌ر ١٢٠ مه‌تری له‌و شوێنه، ئه‌و جه‌نجاڵییه‌ی دروست كردووه.
سه‌رتیپ سابیر قادر ئه‌ندازیاری نیشته‌جێ له پڕۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری، بۆ "وشه" ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری شه‌قامێكی خێرایه و به‌پێی ستاندارد و ڕێنوێنییه‌كان ناتوانرێ له هه‌ر شوێنێكه‌وه شه‌قامه خزمه‌تگوزارییه‌كانی بێته‌وه سه‌ر.
سه‌رتیپ ئاماژه به دیزاینی پڕۆژه‌كه ده‌دات كه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه ئه‌نته‌رچه‌ینجه و به‌رز بووه‌ته‌وه، ناتوانن ڕێ خزمه‌تگوزارییه‌كه به شه‌قامی سه‌ره‌كی ببه‌ستنه‌وه، روونیشی كرده‌وه "خه‌ڵك مه‌به‌ستیانه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له نزیك ماڵه‌كانیان دابه‌زن یان سه‌ركه‌ون، به‌و شێوه‌یه‌ش شه‌قامه‌كه تایبه‌تمه‌ندی خۆی له ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام ئێمه به‌پێی دیزاینێكی هاوچه‌رخ له به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كارمان كردووه و بۆ هیچ شوێن و كه‌سێك خاترانه نه‌بووه له جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه".
ئه‌ندازیاری پڕۆژه‌ی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری باس له‌وه ده‌كات، یه‌ك كیلۆمه‌تری ئه‌ولاتری ماجیدی مۆڵ، به‌ستنه‌وه‌ی شه‌قامی خزمه‌تگوزاری به شه‌قامی سه‌ره‌كی هه‌یه و هاووڵاتییان ده‌توانن له‌وێوه بێنه سه‌ر ١٢٠ مه‌تری كه نزیكه‌ی دوو خوله‌ك ده‌بێت به ئۆتۆمبێل.
سه‌رتیپ سابیر باس له دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی هه‌ولێری نوێ ده‌كات كه ئه‌وانیش به‌ر له كردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كه، هه‌مان گله‌ییان هه‌بووه و دوای كردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كه گرفتی هاتوچۆیان نه‌ماوه، كه مه‌وداكه‌ی چوار كیلۆمه‌تر و نیوه و تێیدا سێ به‌ستنه‌وه‌ی شه‌قامی خزمه‌تگوزاری به شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كه هه‌یه.
ئه‌و ده‌ڵێ "له نۆ كیلۆمه‌تری ڕێیه سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان كۆیه و كه‌ركووك، دوو گۆڕینی ئاراسته و نۆ به‌ستنه‌وه‌ی شه‌قامی خزمه‌تگوزاریی به شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كه‌وه هه‌یه و به‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرفتانه چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌وكات ئۆتۆمبێله‌كان ده‌چنه سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌كییه و بۆ هاتوچۆ پێویستیان به شه‌قامه خزمه‌تگوزاری و كۆڵانه لاوه‌كییه‌كان نامێنێت".
ئێسته به‌شی سێیه‌م و كۆتایی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر، ته‌نیا هه‌ندێك كاری جوانكاری ماوه و له ده‌وروبه‌ری نه‌ورۆز ده‌كرێته‌وه.
ئه‌ندازیاری پڕۆژه‌كه دڵنیای ده‌دات كه دوای كردنه‌وه‌ی، دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی پێنجی حه‌سارۆك گرفتیان نامێنێت و ده‌ڵێ، "خۆ ئه‌گه‌ر دوای كردنه‌وه‌ی هه‌ر قه‌ره‌باڵغی هه‌بوو، ئه‌و خه‌ڵكانه ده‌توانن داواكاری پێشكه‌شی شاره‌وانی چوار بكه‌ن و به‌پێی ڕێنوێنی، هه‌ر چاره‌سه‌رێك هه‌بێ، ئێمه وه‌ك فه‌رمانگه‌ی ئه‌ندازیاری پڕۆژه‌ی نیشته‌جێ، ئاماده‌ین به هاوئاهه‌نگی شاره‌وانی گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ین. به‌و مه‌رجه‌ی داواكان له به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ڕێنوێنیی و ئه‌ندازیاری بێت".
پاشخان:
شه‌قامی بازنه‌یی ١٢٠ مه‌تری به مه‌ودای ٤٠ كیلۆمه‌ترییه‌وه باوه‌ش به هه‌ولێردا ده‌كات. ئه‌و شه‌قامه كه چه‌ند مه‌ترێك له شه‌قامی 100 مه‌تری به‌رینتره، جیا له دووسایدی پانی سه‌ره‌كی، سایدێكی ده‌سته ڕاستی خزمه‌تگوزاری له‌گه‌ڵی درێژ بووه‌ته‌وه. به ته‌واوبوونی ئه‌و شه‌قامه، هه‌ناسه‌یه‌ك ده‌داته‌وه هاتوچۆی خنكاوی هه‌ولێر، ئاخر شه‌قامێكی خێرای بێ ترافیكه.
تێچووی ئه‌و شه‌قامه كه 450 ملێۆن دۆلاره، چوار ساڵ به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و به سێ به‌ش به كۆمپانیا دران. به‌شی یه‌كه‌م له ساڵی ٢٠٠٩ به كۆمپانیای بیانی و دوو به‌شه‌كه‌ی تری له ساڵی ٢٠١٣ به كۆمپانیای ناوخۆیی هێمن گرووپ درا.
ئه‌و شه‌قامه ئێسته به‌شی دووه‌می كراوه‌ته‌وه و به‌شی سێیه‌میشی ته‌واو بووه و له نزیكی نه‌ورۆز ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام به‌شی یه‌كه‌می كه ده‌بوو دوو ساڵ به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی ته‌واو بووبووایه، ئێسته دوای شه‌ش ساڵ ٤٠%ی كاره‌كانی ماوه و هه‌ر داخراوه.