قشڵه‌ی كۆیه له بنكه‌یه‌كی سه‌ربازییه‌وه گۆڕاوه بۆ شوێنێكی گه‌شتیاری و مێژوویی و كولتووریی شارۆكه‌ی كۆیه، ئێسته ڕۆژانه خه‌ڵكی كۆیه و گه‌شتیاران سه‌ردانی ئه‌و قشڵه‌یه ده‌كه‌ن و له نزیكه‌وه به فه‌رهه‌نگی مێژوویی و كه‌سایه‌تییه‌كانی شاری كۆیه ئاشنا ده‌بن.
یادگار حه‌مه‌ده‌مین به‌رپرسی قاوه‌خانه‌ی كولتووری قشڵه‌ی كۆیه، له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی قاوه‌خانه‌كه به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، به مه‌به‌ستی ڕاكێشانی گه‌شتیار و هاووڵاتییان بۆ قشڵه، له 19ی ئایاری 2016 له‌م هۆڵه 90 مه‌ترییه قاوه‌خانه‌ی كولتووری كرایه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌روازه‌یه‌كی باش بوو بۆ ڕاكێشانی دانیشتووانی كۆیه و گه‌شتیاران.
ڕۆژانه له‌دوای نیوه‌ڕۆ تا دره‌نگانی شه‌و قاوه‌خانه كراوه‌یه، له‌ناو دیوه‌خانی ئه‌خته‌ر به به‌رده‌وامی ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ند و گۆرانی و چالاكی هونه‌ری و ئه‌ده‌بیی ئه‌نجام ده‌درێ. یادگار ده‌ڵێ "مێژوو و ئێسته‌مان به‌یه‌كه‌وه به‌ستووه‌ته‌وه، چونكه ئه‌خته‌ری شاعیر له سه‌رده‌می خۆی دیوه‌خانی هه‌بووه و گۆرانیی تێدا گوتراوه".
ئاماژه‌ی دا، له‌م هۆڵه‌دا وێنه‌ی زۆرینه‌ی كه‌سایه‌تییه ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی و كولتووری و سه‌ركرده و پێشمه‌رگه و مه‌لا و نووسه‌ر و ژنه بهرچاوهكانمان به دیزاینێكی جوان له‌سه‌ر دیوار هه‌ڵواسیوه، له‌م ڕێیه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین گه‌شتیاران به كه‌سایه‌تییه‌كان و مێژووی شارۆكه‌كه ئاشنا بكه‌ین.
به‌گوته‌ی خۆی "له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا توانیمان ئه‌و قشڵه‌یه له بنكه‌یه‌كی سه‌ربازییه‌وه بكه‌ینه ناوه‌ندێكی گه‌شتیاری و كولتووری و فه‌رهه‌نگی، به‌تایبه‌تی له دوای سه‌وزكردنی گۆڕه‌پانی قشڵه و كردنه‌وه‌ی چه‌ند كتێبخانه‌یه‌ك بۆ فێرخوازان. له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا هه‌وڵمان داوه كولتوور و نه‌ریتی كۆیه و كوردهواری نوێ بكه‌ینه‌وه و گه‌شتیارێكی زۆر بۆ لای خۆمان ڕابكێشین".
قشڵه‌ی كۆیه له‌سه‌ر ڕووبه‌ری حه‌وت هه‌زار مه‌تر، به به‌رزیی 22 مه‌تر كه‌وتووه‌ته ناوه‌ڕاستی كۆیه، گه‌شتیاران و سه‌ردانیكه‌رانی شارۆكه‌كه له دووره‌وه چاویان به‌و قشڵه‌یه ده‌كه‌وێ، ڕووه و گردی كه‌كۆن سه‌رده‌كه‌ون و به‌ناو كووچه و كه‌له‌به‌ره‌كانی قشڵه گوزه‌ر ده‌كه‌ن، له قاوه‌خانه‌ی كولتووری پشوویه‌كی كورت ده‌ده‌ن و قاوه‌یه‌كی ئیتاڵی نۆش ده‌كه‌ن.
ڕه‌هبه‌ری سه‌ید برایم له گۆڕانكاری قشڵه‌دا جێده‌ستی دیاره و هه‌میشه له هه‌وڵدا بووه بۆ به‌ره‌وپێشبردنی قشڵه، له چوارچێوه‌ی كاره‌كانیدا مۆزه‌خانه‌ی ڕه‌هبه‌ری سه‌ید برایم و دوو كتێبخانه‌ی له‌ناو ژووره‌كانی قشڵه‌دا كردووه‌ته‌وه.
سه‌ید برایم به”وشه”ی ڕاگه‌یاند، ماوه‌یه‌كی زۆره سه‌رقاڵی كه‌لوپه‌لی شوێنه‌واریم، هه‌میشه له هزرمدا بووه، ئه‌و كه‌لوپه‌لانه له شوێنێكی سه‌نگین نمایش بكه‌ین و هاووڵاتییان پێی ئاشنا بن، له دوای كردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كۆیه و قاوه‌خانه‌ی كولتووری، له‌ناو ژوورێكی قشڵه‌دا ئه‌و ئه‌رشیڤه گرنگه مێژووییه‌م خسته ڕوو، هه‌ر كاتێ گه‌شتیاران سه‌ردانی قشڵه بكه‌ن، تابلۆی مۆزه‌خانه‌یان به‌رچاو ده‌كه‌وێ و ده‌توانن چاو له‌و ژووره بكه‌ن كه ته‌واوی كه‌لوپه‌له‌كانی سنووری كۆیه‌ی تێدایه، به‌مشێوه‌یه مێژووی دێرینی شارۆكه‌كه‌یان لا ڕوون ده‌بێ.
ڕه‌هبه‌ر سه‌ید برایم ئه‌وه‌یشی گوت، "به‌مه‌به‌ستی زیاتر گرینگی‌دان به قشڵه و هه‌میشه زیندووڕاگرتنی شه‌هیدان، كتێبخانه‌ی شه‌هید دكتۆر خالیدمان كرده‌وه و سه‌رجه‌م بڵاوكراوه‌كانی هه‌موو پارته سیاسییه‌كانی پێش ڕاپهرینم لێ دانا، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی زیاتری توێژینه‌وه و به‌دواداچوون بۆ توێژه‌ران بڕه‌خسێ و كاری تێدا بكرێ، پاشان كتێبخانه‌ی شه‌هید دكتۆر كاوهمان كرده‌وه، له‌ناو ئه‌و كتێبخانه‌یه‌دا مێز و كورسی دانراوه، خوێنه‌ران و فێرخوازانی زانكۆ و په‌یمانگه به خوێندنه‌وه كاته‌كانیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و گفتوگۆی زانستی و ئه‌كادیمی ئه‌نجام ده‌ده‌ن".
وه‌ك زیاتر خستیه ڕوو، له‌سه‌ر پێشنیاری من، په‌یكه‌ری تایه‌ر تۆفیق له‌ناو گۆڕه‌پانی قشڵه دانراوه، به‌م كارانه‌یش ناوه‌ستن، به‌ڵكو له به‌رنامه‌یاندایه له داهاتوو وێنه‌ی زیندانییه‌كانی كۆیه له‌ناو تاقه‌كانی قشڵه‌دا هه‌ڵواسن.
مه‌زارگه‌ی دڵدار له ته‌ك قشڵه‌ی كۆیه‌یه، به مه‌به‌ستی گه‌یشتن بۆ سه‌ر مه‌زاری دڵدار، به‌رپرسانی فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كۆیه ده‌رگه‌یان له‌ناو قشڵهوه كردووه‌ته‌وه و له‌م ده‌رگه‌یه‌وه گه‌شتیاران سه‌ردانی مه‌زاری خاوه‌ن مارشی نه‌ته‌وه‌یی "ئه‌ی ڕه‌قیب" ده‌كه‌ن.
لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كۆیه، باوه‌ڕی وایه قشڵه‌ی كۆیه خه‌سڵه‌تی ناوه‌ندێكی گه‌شتیاری وه‌رگرتووه، ئێسته و ڕابردووی ئه‌و قشڵه‌یه زۆر جیاوازه و ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر بارودۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێ، ئه‌وا پڕۆژه و بیرۆكه‌ی زۆر جوانمان هه‌یه و ده‌یخه‌ینه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ده‌مانه‌وێ قشڵه بكه‌ینه ناوێكی دیاری كوردستان و هاوشێوه‌ی شوێنه مێژووییه‌كانی وڵاتان، گه‌شتیاران تامه‌زرۆی بینینی بن.
سه‌ركه‌وت سۆفی لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كۆیه، بۆ "وشه" گوتی، "باڵه‌خانه‌ی فه‌رمانگه‌كه‌مان له ناو قشڵهدایه، به به‌رده‌وامی خزمه‌تی ده‌كه‌ین، دانیشتووانی كۆیه گه‌واهیده‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه چ سه‌وزایی و كه‌شێكی تایبه‌تمان بۆ گه‌نجان ڕه‌خساندووه، له‌به‌رئه‌وه هاووڵاتییان یادی له‌دایكبوونی تێدا ده‌كه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و كچ و كوڕه تازه لاوانه‌ی ژیانی هاوبه‌ش پێكدێنن، زه‌ماوه‌ندی شه‌كراو خواردنه‌وه ده‌هێننه ناو گۆڕه‌پانی سه‌وزی قشڵه."
لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كۆیه، وه‌ك باخچهوانیش خزمه‌تی قشڵه ده‌كات، له‌باره‌ی كه‌لوپه‌له مێژووییه‌كانی سنووره‌كه، روونی كرده‌وه، له‌گه‌ڵ هاتنه ژووره‌وه‌ی گه‌شتیاران، یه‌كه‌م ژووریان له ده‌سته ڕاست كردووه‌ته ئه‌رشیڤی كه‌لوپه‌له مێژووییه‌كانی فه‌رمانگه.
قشڵه به‌رزه‌كه‌ی كۆیه له 23 ژوور و هۆڵی قاوه‌خانه پێكهاتووه، یه‌كێك له ژووره‌كان تایبه‌ت كراوه به ڕادیۆی كه‌كۆن كه بڕیاره له داهاتوو په‌خشی ده‌ست پێ بكات و به‌رنامه‌كانی له چوارچێوه‌ی مێژوویی‌دا بێ.