دایكێك دیزاینه‌ر و دوو كچه‌كه‌ی هاوكارین و له ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا كاری دیزاین و دروونی جلی كوردی ده‌كه‌ن، دیزاینی ئه‌وان ئێسته له كوردستان به جوانترین و تایبه‌ت ناوی ده‌ركردووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كارێكی ده‌ستی له ماڵیكی خنجیلهوه ده‌رده‌چێت و ژنانی كورد له هه‌موو دنیاوه خواستیان له‌سه‌ری هه‌یه.
هه‌وار محه‌مه‌د سدیق ئه‌و ژنه دیزاینه‌ره‌یه كه ماوه‌ی 10 ساڵه كاری دیزاینی جلی كوردی ده‌كات، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باسی چیرۆكی هه‌ڵبژاردنی كاره‌كه‌ی و نهێنیی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت، ته‌نیا بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز ٤٣ جۆر دیزاینی جیاوازی جلی كوردیی داناوه كه له ڕۆژانی نه‌ورۆزدا ده‌یانخاته ڕوو.
بیرۆكه‌ی دانانی ماركه‌ی (hl) له كوێ دروست بوو، چه‌ند ساڵه ئێوه كاری دیزاینی جلی كوردی ده‌كه‌ن؟
سه‌ره‌تا دایكم له ماڵه‌وه كاری دیزاین و دروونی جلی كوردی ده‌كرد، پێش ٢٠ ساڵ كاری بۆ خێزانی خۆمان و چه‌ند كڕیارێكی تایبه‌ت ده‌كرد، ماوه‌ی 10 ساڵه من و كچه‌كانیشم هه‌مان كار ده‌كه‌ین، ئێمه‌یش سه‌ره‌تا چه‌ند كڕیارێكی تایبه‌تمان هه‌بوو، ساڵی رابردوو ژنێكی مۆدێل به جله‌كانی ئێمه‌وه وێنه‌ی گرت و ده‌نگی دایه‌وه، ئیتر له‌سه‌ر داوای خه‌ڵك كاره‌كه‌مان گشتیی كرد، ئێسته زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ند و مۆدێلست و پێشكه‌شكاره‌كان ته‌نانه‌ت هونه‌رمه‌ندان له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش دوای جل و دیزاینه‌كانی ئێمه ده‌كه‌ن. ئێسته بڕاندێكی تایبه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردین، ساڵانه له‌گه‌ڵ هه‌ر وه‌رز و بۆنه‌یه‌كدا چه‌ند دیزانێكی جیاواز دروست ده‌كه‌ین و پێشكه‌شی ژنانی ده‌كه‌ین.
زۆریی داواكاری وای نه‌كردووه شوێنی كاره‌كه‌تان بگوازنه‌وه یاخۆ كه‌سی تر فێری كاره‌كه‌تان بكه‌ن؟
بێگومان بیرمان له‌وه كردووه‌ته‌وه، چونكه داواكارییه‌كان زۆرن و ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتریش ده‌بن، هه‌ر له سلێمانی چوار شوێنی تایبه‌تم دراوه‌تێ كاریان تێدا بكه‌م، به‌ڵام جارێ نه‌متوانیوه بڕیار بده‌م، چونكه كارمان زۆره و كاتمان كه‌مه، ئێمه ناتوانین داواكارییه‌كان دوا بخه‌ین، بێگومان بۆ گواستنه‌وه و گه‌وره‌كردنی شوێن پێویستمان به كاتی زۆر ده‌بێت، به‌ڵام له داهاتوودا بێگومان هه‌ر ئاوا به‌رده‌وام نابین.
بۆ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ چ جۆره دیزاین و ڕهنگێكتان وه‌ك تایبه‌تترین هه‌ڵبژاردووه؟
بۆ ئه‌مساڵ ته‌نیا بۆ نه‌ورۆز ٤٣ جۆر دیزاینی جیاوازمان ئاماده‌یه، ئه‌مه ته‌نیا بۆ نه‌ورۆز. تا ئێسته هیچ یه‌ك له‌م جۆره دیزاینانهمان ده‌رنه‌خستووه، ناشتوانین تا نه‌ورۆز هیچ یه‌كێكیان نیشان بده‌ین، چونكه هه‌ر دیزاینێك بۆ چه‌ند ژنێك به‌تایبه‌ت دروست كراون و خواستی ئه‌وانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه تا نه‌ورۆز له‌به‌ری نه‌كه‌ن.
له‌باره‌ی ره‌نگه‌كانیش ئه‌مساڵ زیاتر ڕه‌نگه زه‌ق و پڕ شهوقهكانم هه‌ڵبژاردووه وه‌ك (سه‌وز، زه‌رد، مۆر، شین، پرته‌قاڵی، كراسه گوڵداره‌كان و به‌گشتی هه‌موو ره‌نگه زه‌قه‌كان) جگه له هه‌ڵبژاردنی ڕه‌نگه تایبه‌ته‌كان، ئه‌مساڵ ماده به نرخه‌كانیش ده‌خه‌ینه سه‌ر قوماش و دیزاینیان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی جله‌كان جوانتر و سه‌رنجڕاكێشتر بن. ئه‌مه ته‌نیا بۆ نه‌ورۆز، به‌ڵام بۆ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خوێندكاران بێگومان چه‌ندان جۆر دیزاینی تایبهتترمان ده‌بێت كه هه‌ر له دوای نه‌ورۆزه‌وه ڕاسته‌وخۆ كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، چونكه داواكارییه‌كانی خوێندكاران له ئێسته‌وه ده‌ستی پێ كردووه.
ئایا به‌كارهێنانی كڵاوزهڕ و كۆڵوانه له‌سه‌ر جلی كوردی بۆ هه‌موو جۆره ژنێك شیاوه یا به‌پێی ده‌مووچاو باڵای جیاوازه؟
بێگومان هه‌ر ژنێك جلێك و دیزاینێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، سهروكڵاو بۆ ئه‌و ژنانه‌ی خاوه‌نی ده‌موچاوێكی خڕن زۆر جوان ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌موچاویان درێژه سهروكڵاو جوان نییه، چونكه دهموچاوهكهیان درێژتر و باریكتر نیشان ده‌دات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژنه‌كه هه‌ر خۆی حه‌زی له به‌ستنی بێت ئێمه ئه‌وكات به كڵاو بۆی ناكه‌ین، به‌ڵكو به ڕه‌فته و گوڵینگه بۆی ده‌كه‌ین، له‌و كاته‌دا شكڵی ده‌موچاوه‌كه زۆر جوانتر ده‌رده‌كه‌وێت.
له‌باره‌ی دیزاین و شێوازی و چۆنیه‌تیی له‌به‌ركردنی كه‌وا و هێله‌ك و گونجاندنیان له‌گه‌ڵ باڵا و شكڵی ژنان ئێوه چ پێشنیارێكیان بۆ ده‌كه‌ن؟
بۆ دیزاین بێگومان باره ئابوورییه‌كه كاریگه‌ری هه‌یه، بۆیه له‌به‌ر زۆری تێچووی كه‌وا، ژنان داوای هێله‌ك ده‌كه‌ن. به‌ڵام راستییه‌كه‌ی پۆشینی كه‌وا تایبه‌تمه‌ندییه‌كی زۆر به ژنان ده‌دات و باڵایان ڕێك و جوانتر و به‌رزتر نیشان ده‌دات، به‌ڵام هێله‌ك باڵا كورت نیشان ده‌دات و ژنه‌كه قه‌ڵه‌و ده‌رده‌خات، به‌ڵام كه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز سیحری تایبه‌تی خۆی هه‌یه و جوانییه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌دات.
پلانی ئێوه وه‌ك (hl) له هه‌شتی مارس چییه؟
بێگومان ئێمه پلانی تایبه‌تیمان له‌و ڕۆژه تایبه‌ته‌دا هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی زۆریی داواكاری و زۆری بۆنه و چالاكییه‌كانه‌وه ئێمه سپۆنسه‌ری جلی ههموویانین، نه‌مانتوانی پلانه‌كه‌ی خۆمان جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌ڵام له ئێواره‌ی ٢٠ ئادار/مارس نمایشیكی تایبه‌تی جلی كوردی فۆلكلۆریمان له گردی مامه‌یاره هه‌یه كه چه‌ند ژنێكی كورد به جلی فۆلكلۆری كوردییه‌وه دیزاینه تایبه‌تییه كوردییه‌كان نمایش ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له ٢٨ مارس له سه‌رای سلێمانی رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تی نمایشی جلی كوردی تایبه‌ت به (hl) له‌لایه‌ن ژنه مۆدێلهكانمانهوه به‌ڕێوه ده‌چێ و هه‌موو كه‌ناڵه‌كان ده‌یگوازنه‌وه.
ئه‌و مادانه‌ی بۆ دیزاینكردن به‌كاری دێنن چین و له كوێوه هاورده‌ی ده‌كه‌ن؟
ئێمه له هه‌موو كاره‌كانمان بۆ ئه‌م نه‌ورۆزه به‌ردی عه‌قیق و پیرۆزه‌یی به‌كار دێنین و پوولهكهمان كه‌م كردووه‌ته‌وه له دیزایبهكاندا، چونكه پووله‌كه ماده‌یه‌كی ماندووه و ماوه‌ی مانه‌وه‌ی كه‌مه، بۆیه زیاتر به‌ردی جوان و قایمی /كۆن/ به‌كار دێنین، مرواریش داواكاری زۆری له‌سه‌ره و جوانییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، ئیشی سیمیش به‌ده‌ست ده‌چنین له‌سه‌ر قوماشه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه و قوماشهكانیش له هیندستان هاورده ده‌كه‌ین، چونكه باشترین جۆرن و ماوه‌ی مانه‌وه‌یان زۆر ده‌خایه‌نێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تێك ناچن، نرخه‌كانیان گرانه، به‌ڵام تێك ناچێت و گره‌نتی هه‌یه.
گونجانی ڕه‌نگه‌كان له‌گه‌ڵ پێستی ژنان وه‌ك دیزاینه‌رێك تا چه‌ند گرنگی پێ ده‌ده‌یت؟
جلی كوردی زۆر بێسنووره، به‌ڕاستی وه‌ك هیچ جۆره جلێكی تر نییه، ڕاسته زۆرجار گوێبیست ده‌بین كه هه‌ندێك ڕه‌نگ له‌گه‌ڵ پێستی كه‌سه‌كان ناگونجێن، به‌ڵام ئه‌وه زیاتر بۆ جلی مۆده شیاوه ئه‌و قسه‌یه، من ده‌مه‌وێ ژنان له‌وه دڵنیا بكه‌مه‌وه كه جلی كوردی به‌هه‌موو ڕه‌نگه‌كانیه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو جۆره پێستێك ده‌گونجێت، ته‌نیا پێویسته ئه‌و دوو ڕه‌نگه‌ی تێكه‌ڵی ده‌كه‌ن له‌یه‌ك بن یان له‌گه‌ڵ یه‌ك بگونجێن، ئه‌وه‌ی زۆرجار له‌گه‌ڵ پێسته‌كان نه‌گونجێ ئه‌وه به‌هۆی ناتهرتیبییه له شێوازی له‌به‌ركردن و ته‌نسیقی ره‌نگه‌كان، من ته‌حه‌دای ڕه‌نگ ده‌كه‌م، ته‌نیا بزانرێت ڕێك بخرێت و شێوازی له‌به‌ركردنه‌كه‌ی بگونجێنن، مه‌حاڵه ڕه‌نگه‌كان له‌گه‌ڵ پێسته‌كان نه‌یه‌نه‌وه، بۆیه ئه‌مساڵ ئه‌م هه‌نگاوه‌م ناوه كه دژه‌باوه و پێشتر تاقی نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام دوای نمایشكردنیان ده‌رده‌كه‌وێت كه ڕه‌نگ سنووری نییه.
وه‌ك ژنێك كه له ماڵه‌كه‌ی خۆت توانیوته كارێك بكه‌یت و به‌هۆیه‌وه سه‌دان ژن به ئاڵوواڵایی ده‌ربخه‌ی، چ هه‌ستێكت هه‌یه؟
به‌ڕاستی به جۆرێك خۆشحاڵم كه ده‌توانم كارێكی جوان بكه‌م و ڕه‌سه‌نایه‌تی كوردهواری بپارێزم، سنووری نییه. ئه‌و دهستخۆشییانهی بۆمان دێت و كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌رانبه‌ر كاره‌كانمان گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌مانه، بۆیه هیواخوازم هه‌موو ژنێكی كورد هه‌ریه‌ك به‌پێی خواست و توانای خۆی ده‌ست بكات به كاری تایبه‌تی خۆی و دڵنیا بێت ئه‌گه‌ر به‌ڕێزه‌وه دڵی هه‌موو كڕیاره‌كانی ڕاگرت و ڕێزی گرتن و متمانه‌ی دروست كرد، سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت. ئێمه بۆ ئه‌م نه‌ورۆزه نه‌مانتوانی داواكاری هه‌موو ژنان وه‌ربگرین، به‌ڵام به‌شێوازێكی ئه‌وه‌نده جوان پێمان گوتوون كه ناتوانین كاره‌كه‌یان بۆ بكه‌ین، ئه‌وان بۆ دوای نه‌ورۆز جله‌كانیان دواخست.
له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی دیزاین و شێوازی دروونی جله‌كانی تۆ چ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنی و نه‌رێنی هه‌یه؟
به‌ڵێ بێگومان ئه‌و له‌به‌رگرتنه‌وه‌یه هه‌یه بۆ دیزاین و جله‌كانم، لایه‌نه نه‌رێنییه‌كه‌ی كه پێم ناخۆشه ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ناوی ئێمه‌وه ده‌یفرۆشن، چونكه ئێمه كوالێتی كاره‌كه‌مان زۆر به‌رزه و ئه‌وه‌ی دروست ده‌كرێته‌وه كوالێتی نزمه، داوا ده‌كه‌م ته‌نیا له‌كاتی فرۆشتن بڵێن كه ئه‌وه كاری له‌به‌ر گیراوه‌یه تا خه‌ڵك گله‌یی له من نه‌بێت، له‌لایه‌كی تره‌وه زۆر دڵم پێی خۆشه چونكه بووینه‌ته سه‌رچاوه‌ی ڕزقی زۆر كه‌س، ئه‌مه ڕاسته‌وخۆ له دووكانداره‌كانه‌وه پێم ده‌گوترێ و ده‌ڵێن كه بووینه‌ته مایه‌ی جووڵانی بازاڕی ئه‌وان و چه‌ندان ژن كه له ماڵه‌وه خه‌ریكی ئه‌م كاره‌ی ئێمه‌ن، ئه‌مه بۆ من زۆر مایه‌ی خۆشحاڵییه، به‌ڕاستی ئه‌و هه‌سته پێناسه ناكرێ و ئه‌وه پاداشتی خوایه بۆ باشی كاره‌كه‌ی من.
زیندووكردنه‌وه‌ی جلی ڕه‌سه‌نی كوردی كۆن كه زۆرجار له كاره‌كانت به‌شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌ت و جوان نیشانیان ده‌ده‌ی، له كوێ كۆیان ده‌كه‌نه‌وه و بیرۆكه‌یان لێ وه‌رده‌گریت؟
به‌دوای وێنه زۆر كۆنه‌كان ده‌گه‌ڕێم سه‌ردانی ژنه زۆر به‌ته‌مه‌نه‌كان ده‌كه‌م و لێیان ده‌پرسم چ ڕه‌نگێكیان پێكه‌وه له‌به‌ر كردووه و چۆن دووراون، ئێسته زۆربه‌ی خه‌ڵك ده‌ڵێن كه دوو گوڵدار به‌یه‌كه‌وه له‌به‌ر ناكرێت، به‌ڵام من ده‌ڵێم وانییه، ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی وێنه كۆنه‌كان بدرێ ده‌بینین دوو گوڵدار پێكه‌وه له‌به‌ر كراوه، ده‌مه‌وێ ئه‌وه له ژنان بگه‌یه‌نم كه ژنی كورد به ئاڵوواڵاو تێكه‌ڵكردنی ڕه‌نگانه‌وه جوانه، هه‌موو كاتێكیش شتێكی له‌و جۆره جیاواز ده‌كه‌م، خۆم یه‌كه‌م كه‌س له‌به‌ری ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ڕیچكهكه بشكێنم و بڵێم من بۆ خۆم جوانترین و باشترینم ده‌وێت، نموونه پێشانی ژنانی تر بده‌م كه بتوانن له‌به‌ری بكه‌ن بێ ئه‌وه‌ی سڵ بكه‌نه‌وه كه لێیان نایه‌ت، بێگومان ئێسته ژنان داواكاریشیان له‌سه‌ر ئه‌و جۆره مۆدێله كۆنانه زۆر بووه.
به‌كارهێنانی گواره و پشتێن و ملوانكه و مێخه‌ك و بازن له‌گه‌ڵ جلی كوردی چۆن بگونجێنرێت و پێویسته ژنان پێڕه‌وی چی بكه‌ن؟
بێگومان به‌شه گرنگه‌كه‌ی جلی كوردی ئه‌وه مووتوموورانهیه كه ده‌یكه‌ن به‌خۆیانه‌وه، پشتێن و گوڵهیهخه پێویستییه‌كی سه‌ره‌كین له جلی كوردی و ده‌بێت ببه‌سترێن له‌گه‌ڵ هه‌موو جۆره جلێكی كوردی تا كه‌مه‌ر به‌جوانترین ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی كه كه‌مه‌ریان باریك نییه و ورگیان هه‌یه، ئه‌وان جوانتره پشتێن نه‌به‌ستن، به‌ڵام ده‌بێت گوڵهیهخه و ئاشقبه‌ند ببه‌ستن، پێویسته ئاگاداربن كاتێك گواره له گوێ ده‌كه‌ن ده‌بێت ملوانكه له مل نه‌كه‌ن و به پێچه‌وانه‌شه‌وه.
وشه/ دیمانه- ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان