بۆچی ژاپۆنییەکان خۆیان لەناو قوماش دەپێچن؟

:: PM:05:47:01/01/2017 ‌

ئۆتۆنۆماکی واتای "لە قوماش پێچانی گەورەساڵان" شێوازێکی ژاپۆنییە بۆ کەمکردنەوەی گرفتی وشکبونی جومگە و ماسولکەکان کە لەناو ئەو وڵاتەدا برەوێکی یەکجار زۆری هەیە.

بیرۆکەی ئۆتۆنۆماکی لە شێوازێکی تری چارەسەری پزیشکی بەناوی ئۆهیناماکی وەرگیراوە کە بۆ منداڵان بەکار هێندراوە و هاوشێوەکەی لەناو کوردەواریدا مەلۆتکە کردنی منداڵانە بۆ ئەوەی جەستەیان بە باشی گەشە بکات.

ژاپۆنییەکان ئەو شێوازە بۆ کەسانێک بەکار دەهێنن کە تەمەنیان "پێگەیشتو" بێت و قوماشێکی خام کە هاتوچۆکردنی هەوا لە تانوپۆکانییەوە ئاسان بێت، دەهێنن و کەسەکەی بە کرۆشکە کراوی تێدەپێچن و گرێی دەدەن، کەسەکە بۆ ماوەی 20 خولەک لەناو قوماسەکەدا دەهێڵنەوە. ئامانج لەو کارە ئەوەیە کەسەکە لەشی خۆش ببێت و لە گرژی ماسولکەکانی دەربازی ببێت.

ئاژانسی هەواڵی BBC لە راپۆرتێکی مەیدانیدا لەسەر شێوازی "ئۆتۆنۆماکی" لە ژاپۆن سەردانی یەک لەو کۆمپانیایانەی کردوە کە لەو بوارەدا کار دەکەن، یەک لە مشتەریەکان ئاماژە بەوە دەدات، "ئەو قوماشپێچکردنە بە رواڵەت تەسک و ناخۆشە، بەڵام هەرگیز لەنباویدا هەست بەوە ناکەی کە لە ژوورێکی تەنگ و تاریکدای، دوای تەواوبونی 20 خولەکەکە هەستم کرد کە لەشم، بەتایبەتی شان و کەمەرم هیچ ئازارێکی تیادا نەماوە.

مشتەرییەکی تر ئاماژە بەوە دەدات، هەستێکی زۆر خۆشم هەبو، لەناو قوماشەکەدا خەوم لێ کەوت، مل و کەمەرم بەتەواوەتی ئاسودە بون، پێشتر لەبەر ئازاری ملم نەمدەتوانی سەرم بەرز بکەمەوە.

شێوازی چارەسەری سروشتی "ئۆتۆنۆماکی" لەلایەن دایەنێکی ژاپۆنی بەناوی خاتو "نۆبوکو واتانابێ" داهێندراوە، ئەو پێشتریش پشتێنێکی تایبەت بە دایکانی دوکیانی دروست کردوە کە ئێستە لە ژاپۆن برەوی هەیە.

داهێنەری ئەو شێوازە نوێیە پێی وایە، ئۆتۆنۆماکی هەم لەرووی جەستەیی دەشێ کەڵکی لی وەربگیرێت بۆ رێگرتن لە وشکبوونی جومگەکان و دورکەوتنەوە لە گرژی ماسولکەکان، هەمیش بۆ کەمکردنەوەی سترێس کەڵکی لی وەردەگیرێت، لەبەر ئەوەی دەشێ بە جۆرێک یۆگا یان وەرزشێکی دەرونی هەژمار بکرێت.

سەرچاوە/BBC










وشە - هیدایه‌ت جان