پێویستیی مانگانه‌یان زیاتر له ١٥٠ ملیۆن دۆلاره و به‌غدا ناینێرێت
چوار مانگه حكوومه‌تی عێراق هاوكاریی ئاواره‌كانی له هه‌رێمی كوردستان ڕاگرتووه كه ژماره‌یان زیاتر له ملیۆنێك ئاواره‌یه و پێوستیی مانگانه‌یان زیاتر له ١٥٠ ملیۆن دۆلاره. ئه‌وه له كاتێكدا به‌هۆی خراپی خزمه‌تگوزاری، نه‌بوونی ئاسانكاری و ڕێگرییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، ئاواره‌كان به‌زوویی نیازی گه‌ڕانه‌وه‌یان نییه.
به‌پێی ئاماری سه‌نته‌ری هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كانی سه‌ربه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، له هه‌رێم ملیۆنێك و 175 هه‌زار ئاواره هه‌ن، به پله‌ی یه‌كه‌م دابه‌ش بوون به‌سه‌ر پارێزگای هه‌ولێردا و 38 كه‌مپی ئاواره هه‌یه.
نۆ كه‌مپ بۆ په‌نابه‌رانی سووریایه، چوار له هه‌ولێر و چوار له دهۆك و یه‌ك كه‌مپیش له سلێمانییه، ئه‌وانی تریش كه‌مپی ئاواره‌كانی ناوخۆن كه 17 كه‌مپ له دهۆك و پێنج كه‌مپ له هه‌ولێر و چوار كه‌مپیش له سلێمانین، له چوارچێوه‌ی پلانی مرۆیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشدا بۆ ساڵی 2018، بڕی 150 ملیۆن دۆلار دابین كراوه.
حكوومه‌تی عێراق ماوه‌ی چوار مانگه هه‌موو جۆره هاوكارییه‌كی ئاواره‌كانی گۆڕیوه و به‌شێك له هاوكارییه‌كانیشیان به ته‌واوه‌تی بڕیوه.
هۆشه‌نگ محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سه‌نته‌ری هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كانی سه‌ربه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، "به‌هۆی گۆڕانكاری له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق و وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران و دواكه‌وتن له په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌دا، زیاتر له چوار مانگه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه هاوكاریی ئاواره‌كانی هه‌رێم ڕاگیراوه."
زیاتر گوتی، "مانگانه پێویستمان به 165 ملیۆن دۆلار هه‌یه كه ساڵانه ده‌كاته زیاتر له یه‌ك ملیار دۆلار، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و پاره‌یه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه دابین نه‌كراوه، به‌ڵام نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان توانیویانه 25%ی پێویستییه‌كان دابین بكه‌ن."
له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردووی لیژنه‌ی باڵای ڕاوێژكاریی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، پرسی ئاواره‌كان و هاوكارییه‌كانیان باس كراوه و بڕیار وایه به‌دواداچوونی بۆ بكرێت.
چیا حوسێن فارس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆچ و كۆچبه‌ران له پارێزگای سلێمانی بۆ "وشه" گوتی، "پاره‌ی هاوكاریی ئاواره‌كان به ته‌واوی بڕاوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه خۆراكه‌كه‌یه، ئه‌ویش وه‌ك جاران نه‌ماوه و كه‌می كردووه".
به‌گوته‌ی چیا "بڕانی پاره‌كه‌یش پێوه‌ندی به دۆخی عێراق و پێكهێنانی حكوومه‌ته‌وه هه‌یه."
له‌گه‌ڵ دروستبوونی شه‌ڕی داعش له عێراق و سووریا، ئاواره‌یه‌كی زۆر ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كرد و تا ئێسته‌یش ماونه‌ته‌وه، وه‌ك پێشبینیش ده‌كرێت له‌به‌ر هه‌ندێ هۆكار به‌مزووانه ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بوونی نییه.
موحسین عوسمان ئه‌ندامێكی پێشووی لیژنه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی په‌رله‌مانی عێراق به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌زوویی و له‌م بارودۆخه‌دا بۆ شوێنی خۆیان، ئه‌سته‌مه و ناگه‌ڕێنه‌وه.
ئاماژه‌ی دا، "ئاواره‌كان بیانوویان به‌ده‌سته‌وه‌یه و ده‌ڵێن ناوچه‌كانمان وێران كراون، به‌تایبه‌ت ئاواره‌كانی مووسڵ كه زۆرینه‌ن، خزمه‌تگوزارییان نییه و ته‌ناهییان پارێزراو نییه، حكوومه‌تی عێراقیش هاوكار نییه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان."
سه‌ره‌ڕای ته‌نگژه‌ی دارایی، هه‌رێم توانیویه‌تی به هاوكاریی ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له پێنج ساڵی ڕابردوودا ئیداره‌ی ئاواره‌كانی ناو هه‌رێمه‌كه‌ی بكات كه له‌وكاته‌ی به‌رزترین رێژه‌ی تۆمار كرد، ژماره‌یان گه‌یشته دوو ملیۆن و 22 هه‌زار كه‌س.
"به‌ربه‌ست بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان دروست ده‌كرێت، جگه له ڕێگریی حه‌شدی شه‌عبی، هاوكات به‌شێك له به‌رپرسانی عێراق وه‌ك بازرگانی سه‌یری ئاواره‌كان ده‌كه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندییان له مانه‌وه‌یانه نه‌ك گه‌ڕانه‌وه، بۆیه ئه‌و پرسه به‌و جۆره ماوه‌ته‌وه". موحسین عوسمان وای گوت.
*ئاواره‌كان بیانوویان به‌ده‌سته‌وه‌یه و ده‌ڵێن ناوچه‌كانمان وێران كراون
وشه/ سلێمانی- هه‌ستی كه‌مال