زۆرجار ده‌گوترێ مامۆستا پیرۆزه، وه‌لێ ئه‌ز دبێژم مامۆستا پیرۆز نییه! به‌ڵكو مامۆستایه‌تى پیرۆزه.
مامۆستا عه‌بدوڵا به‌وپه‌ڕى به‌رپرسیارێتییه‌وه مامۆستایه‌تى كرد و نموونه‌ى مامۆستاى دڵسۆز و كوردپه‌روه‌ر بوو، جیا له‌وه‌ى هه‌میشه له خه‌مى فێربوونی قوتابییه‌كانى بووه، هاوته‌ریب له خه‌مى په‌روه‌رده‌كردنى نه‌وه‌یه‌كى نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆزى خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌یشی بووه.
مامۆستا عه‌بدوڵا جاف له ساڵى 1970 یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانى خوێندنى كوردى له كه‌ركووك، دواتر ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ى "مه‌شخه‌ڵ"ى سه‌ره‌تایى كوڕان كه له گه‌ڕه‌كى هه‌ژارنشینى عه‌ره‌سه‌ى نزیك "گاورباخى" بوو، سه‌دان قوتابى و پیاوى دواڕۆژی به‌سوود و كوردپه‌روه‌ر له‌ژێر ده‌ستى مامۆستا عه‌بدوڵا په‌روه‌رده بوون و كه‌سانى به‌ناوبانگ و خاوه‌ن پله‌وپایه‌ى به‌رز ده‌رچوون.
خۆم یه‌ك له قوتابییه‌كانى ئه‌وم، بیرم دێت هه‌میشه ئامۆژگارى ده‌كردین و ده‌یگوت: كوڕینه بخوێنن و خۆتان ماندوو بكه‌ن، دواڕۆژى كورد له چاوه‌ڕوانیى ئێوه‌دایه. جارێكیان زۆربه‌ى قوتابییانى پۆلى پێنجه‌م له تاقیكردنه‌وه‌ى نیوه‌ى ساڵ ده‌رنه‌چووبوون، پاش ئه‌وه‌ى زۆر قسه‌ى بۆ كردن، به‌هۆی دڵسۆزییه‌وه له حیرسدا فرمێسك به چاوه‌كانى هاته خواره‌وه، ئه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار بوو ببینم پیاوێك بگرى.
عه‌بدوڵا جاف مامۆستاى شاعیری ناودار "له‌تیف هه‌ڵمه‌ت"یش بووه له شارۆكه‌ى كفرى، هه‌ڵمه‌ت كه پیاوێكى زۆر به ئه‌مه‌كه له ژیاندا، چه‌ندان جار له‌سه‌ر دڵسۆزى مامۆستا عه‌بدوڵا جافى نووسیوه، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له‌و نووسینانه‌ى كه له‌باره‌ى هه‌ڵوێسته جوامێرى و كوردپه‌روه‌رییه‌كانى مامۆستاكه‌ی نووسیوه به‌ناوى (یه‌كه‌م مامۆستا و یه‌كه‌م به‌یانیت باش).
هه‌ڵمه‌ت ده‌ڵێ: له یادم ماوه له ساڵى "1959"بوو له قوتابخانه‌ى (الاتحاد) قوتابى بووم، له یادم نییه له پۆلى پێنجه‌م بووم یان شه‌شی سه‌ره‌تایی، وانه‌ى جیۆگرافیامان هه‌بوو، چاودێرى پۆل هه‌موومانى به هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه بێده‌نگ كردبوو و چاوه‌ڕوانى هاتنه ژووره‌وه‌ى مامۆستاى جیۆگرافیامان ده‌كرد.
مامۆستایه‌كى توركمان بوو، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی مامۆستایه‌كى ده‌مارگیر نه‌بوو، ده‌یانگوت شیوعییه، هه‌رچۆنێك بێ وانه‌كه‌ى به زمانى توركمانى بۆ راڤه ده‌كردین، سه‌یر ئه‌وه‌بوو ئه‌و رۆژه به پێچه‌وانه‌ى ئه‌و مامۆستا توركمانه كه مامۆستایه‌كى سووركه‌له‌ی سه‌ر رووتاوه بوو. له پڕ مامۆستایه‌كى ره‌شتاڵه‌ى كه‌ڵه‌گه‌ت خۆى كرد به پۆلدا و چاودێرى پۆل وه‌ك هه‌موو رۆژانى تر گوتى: "قیام" ئێمه‌ش هه‌ستاینه سه‌ر پێ و مامۆستاكه به ده‌نگێكى به‌رز گوتى: "به‌یانیتان باش.. دانیشن".
ئێمه زمانمان ته‌ته‌ڵه‌ى كرد و نه‌مانزانى له وه‌ڵامى به‌یانیتان باشى مامۆستا تازه‌كه‌ماندا چى بڵێین، مامۆستاكه‌مان كه دواتر زانیمان خه‌ڵكى شارۆكه‌ى كفرییه و ناوى "عه‌بدوڵا مه‌لا ئیبراهیم" و كوردێكى دڵسۆزه، زانى شڵه‌ژاوین، رووى تێكردین و به زمانێكى خۆشه‌وه گوتى: من به‌یانیان دێمه پۆله‌وه و ده‌ڵێم: به‌یانیتان باش. ئێوه بڵێن ژیانت باش.
ئه‌وه یه‌كه‌م مامۆستا بوو بۆ یه‌كه‌مجار له قوتابخانه‌یه‌كى كفریدا رسته‌ى به‌یانى باش و ژیانت باشى فێر كردین، "قیام و جلوس"یشى گۆڕى و كردى به "هه‌ستن" و "دانیشن". راڤه‌كردنى وانه‌ى جیۆگرافیاى له پۆله‌كانى خۆیدا له توركمانى و عه‌ره‌بییه‌وه كرد به كوردى و تێی گه‌یاندین وانه‌ى جیۆگرافیا و هه‌موو وانه‌كانى تریش به زمانى كوردى راڤه ده‌كرێ.
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ده‌ڵێ، من نازانم ئێسته مامۆستا عه‌بدوڵا مه‌لا ئیبراهیم له كوێیه، به‌ڵام ده‌زانم و له بیرم ماوه ئه‌و بوو له قوتابخانه‌ى "الاتحاد" له شارۆكه‌ى كفرى له یه‌كه‌م وانه‌یدا فێرى ئه‌لف و بێى كوردایه‌تى كردین و هه‌ست و سۆزى كوردایه‌تى ئاوێته‌ى مێشك و ده‌مارمان كرد، بێگومان له ساڵانى دواتردا مامۆستاى تری كورد ده‌ركه‌وتن كه ته‌نانه‌ت له ساڵى 1963دا كه ره‌شترین ساڵى كفرى بوو له پۆله‌كانى قوتابخانه‌دا به كوردى قسه بكه‌ن و به كوردى وانه‌كان راڤه بكه‌ن، به‌ڵام هیچى تامى (به‌یانى باش)ـه‌كه‌ى مامۆستا عه‌بدوڵا مه‌لا ئیبراهیمى نه‌بوو.
جێی ئاماژه‌یه، مامۆستاى تێكۆشه‌ر عه‌بدوڵا مه‌لا ئیبراهیم قادر ناسراو به "عه‌بدوڵا جاف" له ساڵى 1931 له كفرى له بنه‌ماڵه‌یه‌كى كوردپه‌روه‌ر و تێكۆشه‌ر له دایك بووه. ده‌رچووى ئاماده‌یى پیشه‌سازییه، له ساڵى 1954 به پیشه‌ى مامۆستا له شارى كه‌ركووك داده‌مه‌زرێت و پاشان ده‌گوازرێته‌وه بۆ كفرى.
هه‌ر له سه‌ره‌تاى لاوێتییه‌وه هه‌ستى به ئازار و مه‌ینه‌تى گه‌له‌كه‌ى كردووه، بۆیه هه‌ر له تافى لاوی‌دا چووه‌ته ریزه‌كانى "پارتى دیمو‌كراتى كوردستان" و پاش ماوه‌یه‌كى كه‌م له‌به‌ر لێهاتوویى و دڵسۆزى ده‌یكه‌ن به جێگرى به‌رپرسى ناوچه‌ى كفرى.
به‌هۆى چالاكى حزبى و دڵسۆزى بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ى، چه‌ندان جار دێته گرتن، له ساڵى 1961 دوور ده‌خرێته‌وه بۆ شارى "گوڕنه"ى سه‌ربه پارێزگاى به‌سڕه، له‌وێ بۆ ماوه‌ى شه‌ش ساڵ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت. دیسانه‌وه له‌به‌ر جموجووڵى سیاسى له‌وێش چه‌ند جارێك دێته گرتن. له ساڵى 1966 جارێكى تر ده‌گوازرێته‌وه بۆ شارى كه‌ركووك و له پیشه‌ى مامۆستایى به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌ڵام مامۆستا عه‌بدوڵا جاف له رێكه‌وتى 14/8/2003 و له پاش پرۆسه‌ى ئازادى، به‌ویژدانێكى ئاسووده‌وه كۆچى دوایى كرد.
له كۆتادا به‌هیواین مامۆستایانى ئه‌مڕۆ وه‌ك مامۆستا عه‌بدوڵا جیا له خه‌مى فێربوون، له خه‌مى په‌روه‌رده‌ی نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانیش بن.
سه‌رچاوه:
1- ژیاننامه‌كه‌ى مامۆستا عه‌بدوڵا جاف، مامۆستا كامه‌رانى كوڕى بۆى ناردم.
2- كتێبى "ئه‌و وشانه‌ى دڕ به تاریكه‌شه‌و ده‌ده‌ن" نووسینى: له‌تیف هه‌ڵمه‌ت- كه‌ركووك 2005.
وشه/كه‌ركووك- ستار جه‌بارى