كۆمپانیایه‌ك حكوومه‌ت و هاووڵاتییانی نیگەران كردوه‌

:: PM:07:47:01/01/2017 ‌
کۆمپانیاکانى ئینتەرنێت بە مەبەستى بەرفراوان کردنى هێلەکانییان لە شارۆکەى سۆران بە ئامێرێکى تایبەت رێگا سەرەکى و شەقام و گەڕەکانى سۆران دەبڕن و بە نیازن ئەنتەرنێت بگەینن ماڵان، هاووڵاتییان و شارەوانی سۆرانیش لە کارکردنییان نیگەرانن.
 
زێبار بەهجەت گەنجێکى دانیشتووى سۆرانە بە " وشە "ى راگەیاند" کۆمپانیاکانى ئەنتەرنێت خزمەت گوزارى پێشکەشى خەڵکى سۆران دەکەن بەڵام بەم زستانە و بەفر و بارانە کات و ساتى ئیش کردن نییە، رێگا و بانەکان دواى هەڵکەندن بە کۆنکرێتیش وەک خۆیان لێ نایەتەوە و زەرەر بە رێگا و شەقامەکانمان دەکەوێت.

هیوا یاسین هاووڵاتییەکى دوکاندارە لە سەنتەرى شارۆکەى سۆران بە " وشە "ى راگەیاند" بەراستى بێزار بووین لە دەنگە دەنگى ئامێرەکانى کۆمپانیاکانى ئەنتەرێت لە ناو شارى سۆران و هەڵکەندى رێگاکان، پێویستە لایەنى پەیوەندى دار رێگە نەدەن بە رۆژ کار بکەن و کارەکانییان بە شەو ئەنجام بدەن، چونکە جه‌نجاڵیه‌كی زۆر بە هۆى ئیش کردنى ئەو کۆمپانیایە دروست دەبێت و خەلک بێزار دەکەن".

ئەندازیار سەرکەوت محەمەد بەڕێوەبەرى پڕۆژەى کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم لە سۆران بە "وشە"ى راگەیاند" کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم بەمەبەستى بە ستنەوەى بورجەکان راستە رێگاکانمان بە قوڵى 40 سم هەڵکۆڵیەوە، بەڵام دواى تەواو بوونى کارەکانمان راستەوخۆ بە کۆنکرێت پڕمان کردۆتەوە و هیچ شوێنێکمان جێ نەهێشتووە".

ئەو ئەندازیارە گووتیشى" ئێمە هەماهەنگی کارکردنمان لەگەڵ شارەوانى سۆران هەیە، بۆیە تیمەکانى چاککردنەوەمان لە حاڵەتى ئامادەباشی دایە و هەر شوێنێک بە هۆى کارى ئێمەوە تێک بچێت ئامادەین چاکى بکەینەوە . 

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاى نەورۆز تیلیکۆم بە "وشە"ى راگەیاند" لە سۆران پڕۆژەی خزمەتگوزارى گەیاندنى هێلى ئەنتەرنێتمان لە وارى جێبەجێ کردندایە و لە بەرنامەمان دایە ئەنتەرنێتى نەورۆز تیلیکۆم بگەینینە هەموو گەڕەک و ماڵێک لە شارۆکەى سۆران".

ئەو سەرچاوەیە گووتیشى"بە ئامێرێکى تایبەت رێگاکان هەڵدەکەنین و دواتر بە کۆنکرێت شوێنەکە پڕ دەکەینەوە، هیچ شوێنێک بە نیوە چڵى و خراپى بەجێ ناهێڵین و بە جوانى و ئەندازەىی کارەکە دەکەین".

لەوبارەیەوە حەکیم تێلى بەڕێوەبەرى شارەوانیەکانى سۆران بە " وشە "ى راگەیاند" ئێمە نیگەرانین بە هەڵکۆڵینى شەقام و گەڕەک و کۆلانەکانى سۆران، بەڵام کۆمپانیاى کۆڕەک و نەورۆز تیلیکۆم رەزامەندى کارکردنییان لە وەزارەتە پەیوەندى دارەکان بۆ راکێشانى ئینەرنێت لە هەموو کوردستان وەرگرتووە".

تێلى ئاشکراشى دەکات" ئێمە بەڵێنامەمان بە کۆمپانیا واژۆ کردوە و بۆ چاککردنەوەى رێگاکان بە بەردەوامى، هاوکات تەئمیناتیشمان لەو کۆمپانیانە وەرگرتووە کە هێلى ئینتەرنێت ژێر زەوى دەخەن و بەم هۆیەوە رێگاى سەرەکى و شەقام و گەڕەکەکان دەبڕن، هەروەها لیژنەیەکى تایبەتمان داناوە سەر پەرشتى کارەکانى کۆمپانیاکان دەکەن ".
سۆران – موڕشید برادۆستى 

Displaying 1 (2).jpg

Displaying 1 (1).jpg

Displaying 1 (4).jpg

Displaying 1 (5).jpg

Displaying 1 (10).jpg


وشە - عه‌لی سدیق