بزانە زێدان داوای كامە یاریزانی نوێی بۆ ریال مدرید كردووە؟

:: AM:10:55:13/03/2019 ‌

هەرچەندە زێنەدین زێدانی فڕەنسی چەند رۆژێكی كەمە گەڕاوەتەوە سەر كاری راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەڵام رۆژنامەكان ناوی ئەو یاریزانانەیان ئاشكرا كرد كە لە هاوینی داهاتوودا ئەو راهێنەرە هەوڵی گرێبەستكردنیان لەگەڵ دەدات.

یانەی ریال مەدرید ئێوارەی پێرێ دووشەم بەفەرمی گەڕانەوەی زێدانی بۆ كاری راهێنەراتی تیپەكەیان راگەیاند و بەهۆی ئەنجامە خراپەكانیشەوە سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری ئەرجەنتینی لە پۆستەكەی دوور خستەوە.

رۆژنامەكان ئاماژەیان بەودابوو كە زێدان داوای لە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید كردووە لە هاوینی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ سێ یاریزان بكەن كە ئەوانیش برێتین لە ئیدین هازاردی ئەستێرەی یانەی چێڵسی ئینگلیزی لەگەڵ كریستیان ئەریكسنی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی و رۆبێرتۆ فێرمینیۆی هێرشبەری یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: جگە لەو سێ یاریزانە، زێدان داوای لە فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید كردووە هەوڵی گرێبەستكردنی 2 یاریزانی تریش لە خولی نایابی ئینگلیزی بدەن كە ئەوانیش برێتین لە پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی یانەی مانچستەر یونایتد و سادیۆ مانێ یاریزانی باڵی چەپی یانەی لێڤەرپوول.

پۆگبا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا نزیك بوو ریزی یانەی مانچستەر یونایتد جێبێڵێ بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی، هەردوو یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و یۆڤێنتۆسی ئیتاڵیش ئامادەبوون گرێبەستی لەگەڵ بكەن.

دوای رۆیشتنی مۆرینۆ و هاتنی ئۆلێ جۆنار سۆڵشایەر، پۆگبا گەڕایەوە ریزی پێكهاتەی سەرەكی یارییەكانی یانەی مانچستەر یونایتد، بەڵام تا ئێستا مانەوەی لە ریزی یانەكەدا یەكلایی نەبۆتەوە.

لەلایەكی تیشەوە مانێ هاوینی رابردوو نزیك بوو كۆتایی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ یانەی لێڤەرپوول بێنێ و درێسی یانەی ریال مەدرید بپۆشێ، ئەو كاتیش هەوڵەكانی یانەی شاهانە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەم ئەستێرەیە لەسەر داوای زێدان بوو.

مانێ ماوەیەك پێش ئێستا گرێبەستێكی نوێی تا ساڵی 2023 لەگەڵ یانەی لێڤەرپوول ئیمزا كرد و ئەمەش ئەركی یانەی ریال مەدرید بۆ گرێبەستكردن لەگەڵی زەحمەت دەكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م