به‌نداوى سماقووڵى كێشه‌ى به‌رده‌وامى هاتوچۆى نێوان پارێزگاى هه‌ولێر و سلێمانى و شارۆكه‌كانى سه‌ر ئه‌و ڕێیه، له ماوه‌ى دوو مانگى ڕابردوودا زیاتر له 100 ئۆتۆمبێل كێشه بۆ بزوێنه‌ره‌كانیان دروست بووه و ئاو زیانی دارایی پێ گه‌یاندوون، ئه‌وه‌یش وایكردووه نیگه‌رانى لاى هاووڵاتییان دروست ببێت و هۆشداریش له زیانگه‌یاندن به به‌نداوه‌كه ده‌درێت.
به‌نداوی سماقووڵی ده‌كه‌وێته سه‌ر رێگه‌ی پارێزگای هه‌ولێر-سلێمانی و ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین، ماوه‌ی ماوه‌ی دووساڵه ته‌واو كراوه، به‌ڵام رێی هاتوچۆی بۆ نه‌كراوه كه پێویستی به پرده، بۆیه ئۆتۆمبیل به‌سه‌ر به‌نداوه‌كه‌دا ده‌په‌ڕنه‌وه و له لایه‌كییه‌وه ده‌كه‌ونه ناو ته‌نكاییه‌كی ئاو، به‌هۆیه‌وه زۆربه‌ی رۆژه‌كانی باران ئه‌و ناوچه‌یه جه‌نجاڵه.
جیهاد عه‌لى شۆفێری كرێنێكه كه ئۆتۆمبێلى له‌كار كه‌وتوو له سماقووڵی ده‌گوازێته‌وه، به‌گوته‌ى خۆى كاره‌كه‌ی زۆر باشه له كاتى باران، چونكه به‌نداوى سماقووڵى وه‌ك چۆن كارى بۆ دووكانه‌كانى ئه‌و شوێنه دابین كردووه، كارى بۆ ئه‌ویش دابین كردووه.
جیهاد بۆ "وشه" گوتی، "شوێنى په‌ڕینه‌وه‌كه 20 مه‌تره له‌و به‌نداوه، به‌ڵام ئاو ده‌گاته نیوه‌ی ده‌رگای ئۆتۆمبێل، بۆیه هه‌ندێكیان په‌كیان ده‌كه‌وێت یان خاوه‌نه‌كه‌ی نایه‌وێ له ئاو بدات، ئه‌وكاته بۆیان ده‌په‌ڕێنمه‌وه و یارمه‌تییان ده‌ده‌م".
ئاماژه‌ى دا، ئێسته بازاڕى ئه‌وان و بازاڕى دووكانه‌كان ئاگر ده‌كاته‌وه به‌تایبه‌تى له كاتى باران، دووكانه‌كان چا ده‌فرۆشن و ئێمه‌یش ئۆتۆمبێل ده‌په‌ڕێنینه‌وه، ئه‌وه‌یش كارێكى نوێیه له به‌نداوه‌كه و خه‌ڵكیش له‌كاتى په‌ڕاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كان وێنه ده‌گرن و دڵیان پێی خۆشه.
بیلال سه‌عید ڕۆژنامه‌نووسێك یه‌كێكه له‌و شۆفێرانه‌ی له رۆژانی رابردوو ئۆتۆمبێله‌كه‌ى له‌و به‌نداوه په‌كی كه‌وتووه. به‌گوته‌ى خۆى "ئه‌و ڕۆژه‌ى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى ئه‌و له‌ناو ئاو په‌كى كه‌وت، دوو ئۆتۆمبێلى تریش هه‌مان كێشه‌یان بۆ دروست بوو".
بیلال بۆ "وشه"ی گێڕایه‌وه، ڕۆژى هه‌ینى هه‌شتى مارس له ڕێى چوون به‌ره‌و سلێمانى، له پێش من ئۆتۆمبێلى تر له به‌نداوه‌كه په‌ڕییه‌وه، منیش وه‌ك هه‌ر ئۆتۆمبێلێكى تر هه‌وڵى په‌ڕینه‌وه‌م دا، به‌ڵام ئۆتۆمبێله‌كه‌م له‌ناو ئاو كوژایه‌وه، ئێسته له فیته‌رێكی شارۆكه‌ى دووكانه و ده‌ڵێت كه‌وه‌رى سووتاوه.
"له دواى ئه‌وه‌ى ئۆتۆمبێله‌كه‌م واى لێ هات، دوو ئۆتۆمبێلى تریش هه‌مان چاره‌نووسیان هه‌بوو له هه‌مان شوێن، ئه‌وه زیانێكى دارایی زۆره و پێویسته خه‌مى لێ بخورێت و ئه‌و پڕۆژه‌یه به‌و شێوه جێنه‌هێڵرێت، ناكرێ بۆ هه‌ر بارانێك، قوربانییه‌كه‌ى هاووڵاتییان بیده‌ن" بیلال واى گوت.
ئێسته چوارده‌وری به‌نداوه‌كه وه‌ك ناوچه‌ی ساده‌ی گه‌شتیاری لێهاتووه و خه‌ڵكی ئه‌و سنووره كه‌پر و چایخانه‌یان تێدا دروست كردووه كه رێبوار ده‌توانێ پشووی تێدا بدات.
گه‌یلان عه‌زیز دووكاندارێكى سه‌ر به‌نداوه‌كه، بۆ "وشه" گوتى، "هه‌ر كاتێك باران ده‌بارێت، ئێمه به ئۆتۆمبێلى نزم ده‌ڵێین هاتوچۆ نه‌كه‌ن و به پشتى بارهه‌ڵگر بپه‌ڕنه‌وه تا زیان نه‌كه‌ن".
به‌گوته‌ى ئه‌و دووكانداره، له زستانى ئه‌مساڵ تا ئێسته زیاتر له 100 ئۆتۆمبێل به ئاوى به‌نداوه‌كه بزوێنه‌ریان له‌كار كه‌وتووه و زیانیان به‌ركه‌وتووه، هه‌روه‌ها ئۆتۆمبێلى به‌رزیش هه‌یه له‌كاتى لێزمه‌ى باران ئاو چووه‌ته ناوی، بۆیه پێویسته كێشه‌ی هاتوچۆی به‌نداوه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێ.
لای خۆیانه‌وه به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ئاشكراى ده‌كه‌ن كه بودجه بۆ دروستكردنى پردێك ته‌رخان كراوه و له هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌چێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه.
ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به‌نداوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، بۆ "وشه" ئاشكراى كرد، "ئه‌و شوێنه‌ى ئێسته هاتوچۆى ئۆتۆمبێلى لێیه له‌سه‌ر به‌نداوه‌كه، ڕێى هاتوچۆى ئۆتۆمبێل نییه، به‌ڵكو ئه‌و ڕێیه به‌شێوه‌ى كاتى كراوه‌ته‌وه".
ئاماژه‌ى دا، ئێسته بودجه ته‌رخان كراوه بۆ دروستكردنى پردێك له‌سه‌ر به‌نداوه‌كه و بڕیاره هه‌فته‌ى داهاتوو بچێته بوارى جێبه‌جێكردن و چیتر هاتوچۆ له‌سه‌ر به‌نداوه‌كه نه‌كرێت، به ته‌واوبوونیشى شوفێر كێشه‌ی نامێنێ.
"به‌هۆى بوونى بارانی به‌رده‌وام، دروستكردنى پرده‌كه وه‌ستاوه، به‌ڵام ئه‌و هاتوچۆیه‌ى ده‌كرێت هیچ كێشه‌یه‌كى بۆ به‌نداوه‌كه دروست نه‌كردووه و هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر به‌نداوه‌كه بوونى نییه". به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به‌نداوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان واى گوت.
به‌ڵام هێمن كه‌ریم ئه‌ندازیار و مامۆستاى زانكۆ، بۆ "وشه" روونی ده‌كاته‌وه كه به‌نداو نابێ سه‌رڕێژى له‌سه‌ر ده‌رچه‌كه‌ى هه‌بێت، ئه‌وه مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه و پێویسته به‌رپرسان چاره‌ی بكه‌ن.
ئه‌و ئه‌ندازیاره زیاتر گوتی، "سه‌رڕێژى به‌نداو له ته‌نیشته‌كانى یان دواوه‌ى شتێكى ئاساییه و گوشار له‌سه‌ر به‌ربه‌سته ده‌ستكرده‌كه دروست ناكات، به‌ڵام به‌نداوى سماقووڵى سه‌رڕێژى له‌سه‌ر به‌نداوه‌كه و به‌شه دروستكراوه‌كه‌یه، بۆیه ده‌بێ چاره‌سه‌رێك بكرێت، چونكه مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌نداوه‌كه دروست ده‌بێت و له داهاتوودا ده‌بێته هۆى داخوران".
*تا ئێسته زیاتر له 100 ئۆتۆمبێل بزوێنه‌ره‌كانیان له‌ناو ئاو په‌كی كه‌وتووه.