میسی لە یارییەكەی شەوی رابردوو چەند ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆمار كرد

:: AM:11:07:14/03/2019 ‌

شەوی رابردوو لیۆنێل میسی كاپتن و ئەستێرەی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە یارییەكەی شەوی رابردووی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی لیۆنی فڕەنسی ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و چەند ژمارەیەكی پێوانەیی نوێشی تۆمار كرد.

یانەی بەرشەلۆنە بە ئەنجامی 5-1 گۆڵ لە یانەی لیۆنی بردەوە، میسیش 2 گۆڵی یارییەكەی تۆمار كردبوو.

بە تۆماركردنی ئەم دوو گۆڵە میسی ژمارەی گۆڵەكانی لە سەرجەم یارییەكانی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كردە 26 گۆڵ و بەمەش بووە یەكەم یاریزان لە مێژووی پاڵەوانیەتییەكەدا زۆرترین گۆڵ لەم قۆناغەدا تۆمار بكات.

دوای ئەویش كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و هێرشبەری یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی دێت كە تا ئێستا 23 گۆڵی لە قۆناغی 16 هەیە، لە ریزی سێیەمیش تۆماس مولەری یاریزانی یانەی بایرن میونشن دێت بە 12 گۆڵ.

میسی ژمارەی گۆڵەكانی كردە 62 گۆڵ لە كۆی 61 یاریی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی كامپ نوو، هەروەها ماوەی 11 وەرزیشی یەك لە دوای یەكیشە ئەم ئەستێرە ئەرجەنتینییە لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا ژمارەی گۆڵەكانی لە 35 گۆڵ تێپەڕێنێ.

بەڵام رۆناڵدۆ لە پێشەوەی میسی دێت لە تۆماركردنی گۆڵ بە رێگەی لێدانی سزاوە، كاپتنەكەی یانەی بەرشەلۆنە لە ریزبەندی دووەمی مێژووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دێت كە تا ئێستا 12 گۆڵی بە رێگەی لێدانی سزا تۆمار كردووە، رۆناڵدۆش 16 گۆڵی تۆمار كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م