دییگۆ ئەرماندۆ ماڕادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین ستایشی ئاستی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی كرد لە یارییەكەی نێوان یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی و ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.
رۆناڵدۆ توانی بە تۆماركردنی 3 گۆڵ (هاتریك) بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەروپا، ریمۆنتادای بۆ یانەكەی تۆمار كرد و گەیاندییە قۆناغی 8ی پاڵەوانیەتییەكە.
ماڕادۆنا لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی باسی لە لیۆنێل میسی و كریستیانۆ رۆناڵد كرد.
ماڕادۆنا رایگەیاند: ئێمە وەك ئەرجەنتینی هەمیشە شانازی بە میسییەوە دەكەین، بەڵام راستییەكەی رۆناڵدۆ وەك ئاژەڵە.
زیاتر گوتی: رۆناڵدۆ پێش یارییەكە گوتبووی كە پێویستە 3 گۆڵ تۆمار بكات، هەر ئەمەشی كرد.
جێی باسە رۆناڵدۆ دوای سەركەوتنە مێژووییەكەیان بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بە رۆژنامەكانی راگەیاندبوو كە یانەی یۆڤێنتۆس بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم جۆرە یارییانە گرێبەستی لەگەڵ كردووم و ئاواتیشمان ئەوەیە ئەمساڵ ناسناوەكە ببەینەوە.