زێدان رەتی دەكاتەوە نیمار بێنێتە یانەی ریال مەدرید

:: PM:12:04:14/03/2019 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بیرۆكەیەكی سەرۆكایەتی یانەكەی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لە هاوینی داهاتوودا رەت كردۆتەوە.

فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید پێشتر لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو كە یانەكەی دەیەوێ گرێبەست لەگەڵ هەردوو هێرشبەری یانەی پاریس سان جێرمان كیلیان مباپێ و نیمار دا سیلڤا بكات.

بەڵام زانیارییە رۆژنامەوانییەكان دەری دەكەن كە زێدان ئەوەندە گرینگی بە گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار نادات.

لەمبارەیەوە رۆژنامەی (كۆریری دیلۆ سپۆڕت)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: زێدان رەتی كردۆتەوە یانەكەی هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار بدەن، بەڵكو داوای كردووە هەوڵەكانیان تەنیا بۆ كیلیان مباپێ چڕ بكەنەوە.

رۆژنامەكە هۆكاری رەتكردنەوەی زێدان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ نیماری ئاشكرا كرد و رایگەیاند كە یەكێكیان پەیوەندی بە پێكانە بەردەوامەكانی ئەم ئەستێرەیە و ئەوی تریشیان پەیوەندی بە كەسایەتییەتی لەنێو یاریگە و دەرەوەدا.

زێدان پێیوایە نیمار پەیوەست نابێت بە رێسا و رێنماییەكان و بەو هۆیەشەوە ناتوانێ لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكەدا پشتی پێ ببەستێ، بە تایبەتیش كە گرێبەستكردن لەگەڵیدا پارەیەكی زۆری تێدەچێت.

نیمار لە هاوینی 2017 بە گرێبەستێك كە نرخەكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیپسانی پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد، تا ئێستاش ئەم گرێبەستە بە گەورەترین دادەنرێ لە مێژووی تۆپی پێدا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م