چه‌ندان شاندى هه‌واڵگریى وڵاتان بۆ داعش دێنه‌ عێراق

سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى عێراقى ئاشكراى ده‌كات، له‌ماوه‌ى رابردوودا چه‌ندان شاندى هه‌واڵگریى وڵاتانى ئه‌وروپا هاتوونه‌ته‌ عێراق بۆ ئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گیراوه‌كانى داعش بكه‌ن.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید كه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت، ئاشكراى كردووه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا چه‌ندان شاندى هه‌واڵگریى یه‌ك له‌ دواى یه‌ك هاتوونه‌ته‌ عێراق و زۆربه‌شیان هه‌واڵگرى وڵاتانى ئه‌وروپى بوون.

 زانیارییه‌كانى رۆژنامه‌كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى عێراقى وه‌رگرتووه‌ و به‌ "سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵا" وه‌سف ده‌كرێت.

ئامانجى سه‌ردانى شانده‌ هه‌واڵگرییه‌كان بۆ عێراق ئه‌وه‌ بووه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و تیرۆریستانه‌ى داعش بكه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ گیراون و به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى هه‌ڵگرى ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌وروپین.

 به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كه‌ ده‌ڵێ ئه‌و شاندانه‌ داواى هاوكارییان له‌ حكوومه‌تى عێراقى كردووه‌، بۆئه‌وه‌ى له‌ گه‌یشتن به‌و گیراوانه‌ى داعش هاوكارییان بكات. 

هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانى ته‌ناهى عێراق نكۆڵى له‌وه‌ ده‌كه‌ن، عێراق هیچ تیرۆریستێكى بیانى له‌ هه‌سه‌ده‌ وه‌رگرتبێ جگه‌ له‌ 14 فڕه‌نسییه‌كه‌، به‌ڵام په‌رله‌مانتارێكى عێراق ئاشكراى ده‌كات عێراق ناچار ده‌بێت له‌مه‌ودوا ژماره‌یه‌كى زۆرتر تیرۆریستانى بیانى وه‌ربگرێت. 

محه‌مه‌د ره‌زا ئه‌ندامى لیژنه‌ى ته‌ناهى و به‌رگریى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ده‌ڵێ، "گوشارێكى زۆر له‌سه‌ر عێراقن بۆ ئه‌وه‌ى داعشه‌ بیانییه‌كان وه‌ربگرێت كه‌ ئێسته‌ له‌لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه‌ گیراون".
 


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل


PM:02:13:14/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌