راپەڕینی دهۆك لە ماڵێكەوە دەستی پێ كرد

:: PM:02:22:14/03/2019 ‌

دهۆك لەدوای  ئاكرێ و زاخۆ و ئامێدی و دەوروبەری دژی رژێمی بەعس راپەڕی، سەرەتای راپەڕینی دهۆك لە ماڵی هاووڵاتییەك دەستی پێ كرد و لەو کاتەوە تا ئێستە لەیادی ئەو رۆژەدا دەست دەکرێ بە ناشتنی نەمام.

لە ئێوارەی رۆژی 13 ئاداری 1991 هاووڵاتییان كۆبوونەوه و كات و ساتی راپەڕینەكەیان راگەیاند و دواتر لە بەرەبەیانی رۆژی 14 ئادار راپەڕین دەستی پێ كرد و تا دوانیوەڕۆ دهۆك رزگار كرا.

ئیسماعیل عەبدوڵا یەكێكە لە شارەزایانی مێژوو لە شاری دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، راپەڕینی دهۆك  تەواوكەری راپەڕینی دەڤەری بادینانە و دواین خاڵی رزگاركردنی ناوچەكەیە لە دەست درژێمی بەعس.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئێوارەی بەر لە راپەڕین نێزیكەی 300 پیاو لە ماڵی "ئیبراهیم عەلی" كۆبوونەوە بۆ ئەوەی باس لە چۆنیەتیی راپەڕینی شاری دهۆك بكەن، بە بەشداری پێشمەرگە و هاووڵاتییان، لە رۆژهەڵاتی رووباری دهۆك و شندوخا تا گەلی دهۆك  دەستنیشان كران بۆ ئەوەی سەرەتای راپەڕین لەو ناوچانەوە دەست پێ بكات، دواتر سەعات 4:00ی بەرەبەیان خەڵكی شار دەستیان بە راپەڕین كرد و تا ئێوارە راپەڕین بەردەوام بو و شارەكەیان رزگار كرد".

ئەوەشی گوت، "سەرەتای راپەڕین بە چەكی ئارپی جییەوە بۆ سەر بنكەی پۆلیس دەستی پێ كرد و دواتر بە كڵاشنیكۆف و بیكەیسی لە بەرەبەیانی 14ی ئادار هێرشێكی بەرفراوان بە بەشداری هەموو چین و توێژەكانی دهۆك دەستی پێ كرد و تا سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ زۆربەی بەشەكانی شاری دهوك كونتروڵ كرایەوە، لەو رۆژەدا ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە و هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، دواتر بۆ ئێوارە شارەكە بەتەواوەتی كونترۆڵ كرایەوە"

بەخیتار عەبدوڵا كوڕی یەكێك لەو كەسانەی كە بەشداری لە راپەڕینی شاری دهۆك كردووە بە "وشە"ی راگەیاند، باوكم زۆر جار باسی راپەڕینی دهوكی دەكرد و دەیگوت ئێمە وەك جەماوەر لەگەڵ پێشمەرگە لە ماوەی یەك رۆژدا توانیمان دهۆك كونترۆڵ بكەین، بێجگە لە پێشمەرگە چەك و تەقەمەنی بەدەست جەماوەریش بوو و ژن و منداڵان بە چەپڵەرێزان بەرەو ناوشار دەڕۆیشتن.

وەك نەریتی ساڵانەی ئەو پارێزگایە، ئەمساڵیش بەبۆنەی راپەرینی شاری دهوك ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای دهۆك چەندان هەڵمەتی چاندنی نەمام بەڕێوە چوون.

دهۆك/ نەوزاد هلوری.


وشە - هیدایه‌ت جان