فه‌رمانبه‌رێك 200 په‌ساپۆرتى ساخته‌ كردووه‌

ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى رای گه‌یاند،  دادگاى كه‌رخ دادگایى فه‌رمانبه‌رێكى كردووه‌، به‌ ته‌نیا 204 په‌ساپۆرتى ساخته‌ى به‌ده‌سته‌وه‌ گیراوه‌.
 
به‌ پێى راگه‌یاندراوێكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى له‌ عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 14ى ئادار دادگاى كه‌رخ له‌ به‌غدا ددانپێنانه‌كانى فه‌رمانبه‌رێكى تۆماركردووه‌، كه‌ كارى ساخته‌كردنى په‌ساپۆرتى كردووه‌.
 
ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى پله‌ى تۆمه‌تباره‌كه‌ ئاشكرا ناكات و ته‌نیا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و كه‌سه‌ فه‌رمانبه‌رێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆیه‌.

ئه‌و كه‌سه‌ كاتێك گیراوه‌، 30 په‌ساپۆرتى ساخته‌ى له‌لا بووه‌ و دواتریش له‌ نووسینگه‌ى ئه‌و كۆمپانیایه‌ى به‌نهێنى كاریان له‌گه‌ڵ كردووه‌، 174 په‌ساپۆرتى ترى ساخته‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌.
 
ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش كراوه‌ دواى دداننان به‌ تاوانه‌كه‌كانى، دادگا به‌ مادده‌ى 289ى یاساى سزادانى عێراقى به‌ ژماره‌ى 111ى ساڵى 1969 دادگایى ده‌كات.

به‌پێى ئه‌و ریزبه‌ندیه‌ى له‌ لایه‌ن رێكخراوى شه‌فافه‌یه‌تى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ بڵاوكرایه‌وه‌ عێراق پله‌ى سێزده‌ى له‌ ریزبه‌ندى وڵاتانى گه‌نده‌ڵ هه‌یه‌، گه‌نده‌ڵیش له‌ عێراق به‌ شێوازه‌كانى ساخته‌كردن و به‌رتیل و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر موڵكى گشتى ده‌كرێت.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل


PM:02:42:14/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌