لە بری ئەسپرین ئەو خۆراكە سروشتیانە بەكار بێنە

:: PM:02:50:14/03/2019 ‌
زۆر گرنگە خوێن توانایی مەینی هەبێت بەتایبەتی لەكاتی خوێن بەربوون و برینداربووندا، بەڵام مەینی خوێن لە بۆرییەكانی خوێندا مەترسیدارە، چونكە دەبێتە هۆی گیرانی خوێن بەرەكان و نەخۆشی دڵ و جەڵتەی دڵ، هەندێك كەس تووشی نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتە دەبن یان بۆرییەكانی خوێنیان بە بەشی توانایی گواستنەوەی خوێنیان نییە لەم حاڵەتەدا لە لایەن دكتۆرەوە رێنوێنی دەكرێن كە حەبی ئەسپرین بەكاربهێنن ئەمەیش دەبێتە هۆی رێكخستنی بۆرییەكانی خوێن.

زۆر بەكارهێنانی ئەسپرین مەترسی دروست دەكات لەسەر لەش و زۆر كات دەبێتە هۆی خوێن بەربوون و برینی گەدە و گورچیلە و زیانی جگەر، بەڵام باشتر وایە لەبری ئەسپرین پێكهاتەی سروشتی بەكاربهێنرێت كە هەمان كاری ئەسپرین دەكات و رێگە لە مەینی خوێن دەگرێن. ئەمانەش هەندێكن لەو پێكهاتە سروشتیانەی كە پێویستن بۆ رێگری كردن لە خوێن مەین.

یەكەم: سیر، بەشێوەیەكی ئاسایی سیر بخۆن یان خواردنی  دوو قاش سیر لە رۆژێكدا سوودێكی زۆری هەیە بۆ لەش. بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان خواردنی یەك بۆ دوو قاش سیر لە رۆژێكدا رێگە لە مەینی خوێن دەگرێت، ئەگەر نەتوانی سیری خاو بخۆیت ئەوە باشتر وایە لە خواردن دروستكردندا بەكاربهێنرێت بۆ ئەوەی سوودەكانی بە لەش بگات.

دووەم: زەنجەفیل، هەموومان دەزانین زەنجەفیل چارەسەرێكی سروشتی نایابە بۆ رێكخستنی هەرس و رێگری هێڵنجدان و بەدهەرسی و سكچوون، زۆر كەس ئەوە نازانن كە زەنجەفیل دەتوانێت خوێنبەرەكان باشتر بكات و رێگە لە مەینی خوێن دەگرێت، چونكە پێكهاتەی سالیسلاتی تێدایە كە بەهەمانشێوە لە ئەسپریندا بوونی هەیە و رێگە لە مەینی خوێن دەگرێت.

سێیەم: زەردەچەوە، چونكە زەردەچەوە بەهەمانشێوەی زەنجەفیلە لەرووی پێكهاتنەوە لەیەكتری نزیكن، ئەگەر بتەوێت مەترسییەكانی دڵ و جەڵتە كەم بكەیتەوە ئەوە باشتر وایە زەردەچەوە بەكاربهێنرێت، چونكە زەردەچەوە پێكهاتەی كوركۆمین تێدایە بەشێوەیەكی سەرەكی رێگە لە خوێن مەین دەگرێت، دەتوانرێت بەشێوەیەكی ئاسایی لە خواردن دروستكردندا بەكاربهێنرێت یان وەكو چا بخورێتەوە.

چوارەم: بیبەری سووری تیژ، بیبەری تیژ توانایی هەیە كە مەینی خوێن كەم بكاتەوە بەهۆی بوونی پێكهاتەی سالیسلاتەوە كە بەهەمانشێوە لە زەنجەفیلدا هەیە و لە ئەسپریندا چركراوەتەوە، زۆر بەسوودە ببەری تیژ لە ژەمەكاندا بەكاربهێنرێت.
 



وشە - ئاوات ئازاد