پارتی: سەرۆكایەتی هەرێم كارا دەكرێتەوە

:: PM:03:15:14/03/2019 ‌
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە ئەنجامی كۆبوونەوەكان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات و ئاماژەیش بە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی ئادار، مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپەڕی حزبەكەی ئاماژەی بەو زنجیرە كۆبوونەوانەی دوای هەڵبژاردن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كرد كە ویستی بەشدارییان لە كابینەی نوێدا هەیە.

مەحموود محەمەد گوتی، ئەوەی ئێستە هەیە كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دیاریكردنی سەرۆكی هەرێم و ناوهێنان و تەكلیفكردنی سەرۆكی كابینەی نۆیەمە، تا كابینەكەی پێك بهێنێت،. ئەو گوتی، "كۆبوونەوەمان كردووە و بە راشكاوانە قسەمان كردووە، ئەوان پێویستییان بەوە بوو كە بڕۆنەوە و كۆبوونەوە بكەن و لە ناوخۆی خۆیاندا لەسەر ئەو پێشنیاز و بۆچوونانەی ئێمە و ئەوان هەمان بووە، هاوكات ئەو رێككەوتنەی ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كردوومانە، هەڵسەنگاندنیان بۆ بكەن، دواتر ئاگادارمان بكەنەوە كە لە زووترین كاتدا پێكەوە كۆبوونەوەی تر بكەین".

دووپاتی لەوەیش كردووەتەوە كە وەك پارتی كار بۆ ئەوە دەكەن هەرچی زووترە كابینەی نوێ پێك بهێنرێت، بۆ ئەو مەبەستەیش كە حكوومەتێكی بەهێز بە پشتیوانیی هەموو لایەنەكانەوە بتوانین لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ لەسەر ئاساییكردنەوەی كەركووك و ناوچەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بكرێت، بۆیە ئەوان وەك پارتی پێیان باشە هەوڵ بدەن لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەموو بابەتەكان چارە بكەن.

مەحموود محەمەد رای گەیاند، سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە، هاوكات سەرۆكی هەرێم دێتە هەڵبژاردن، دواتر ئەو جیاوازییەی لە بۆچوون و دیدگاكانی پارتی و لایەنەكانی تر لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەمانە، پێكەوە هەموو لایەك دەیخەنە كاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، لەوێدا دەسەڵات و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم گەنگەشە دەكرێت و دیاری دەكرێت، كە سەرۆك چۆن دێتە هەڵبژاردن و دەسەڵاتەكانی چی دەبن، چیتر چاوەڕێ‌ ناكەین.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم