دوو كاندیديی یەكێتی بۆ سەرۆكی پەرلەمان بە دەنگدان یەكلا دەبێتەوە

:: PM:03:30:14/03/2019 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە داهاتوویەكی نزیكدا سەركردایەتی حزب لە بارەی پۆستەكانەوە كۆ دەبێتەوە و دەڵێت، چەند بۆچوونێك لەناو سەركردایەتی هەیە بۆ دانانی سەرۆكی پەرلەمان.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ دەستنیشانكردنی كەسێك و وەرگرتنی سەرۆكی پەرلەمان تا ئێستە خۆی یەكلا نەكردووە‌تەوه ‌و ئەو دوو كاندیدە ژنەش تا ئێستە لە لایەن یەكێتی بڕیاریان لەسەر نەدراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی ئادار، رەهبەر سەید ئیبراهیم ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی ئەو پۆستانە و گفتوگۆكردن لە بارەی پرسی سەرۆكی پەرلەمان لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆ دەبێتەوە و بڕیار لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەدات.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لەناو سەركردایەتی یەكێتی چەند بۆچوونێك هەبوون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، یەكەم: هەندێك پێیان باش بوو قوباد تاڵەبانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، بەڵام دواتر‌ شوێنی قوباد تاڵەبانی لە پەرلەمان پڕ كرایەوە و ئەو بۆچوونە كۆتایی پێ هات.

"بۆچوونێكی تر كە ئێستە لەناو یەكێتی هەیه، به ‌نیازین سەرۆكی پەرلەمان وەرنەگرین، لە بارەی ئەو دوو كاندیدە ژنە تا ئێستە یەكلا نەبوونەتەوە كە لە حاڵەتی وەرگرتنی ئەو پۆستەدا كامیان بكرێتە كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان" رەهبەر سەید ئیبڕاهیم وای گوت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرای دەكات، ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، لەو كاتدا بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق دەكرێنە كاندید و لە ناو پەرلەمان دەنگیان لەسەر دەدرێت، هەر كامیان دەرچوو ئەویان دەبێتە‌ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان. 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتی گفتوگۆكاندا رێككەوتن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێتە یەكێتی و  تا كاتی رێككەوتنی ئەو دوو حزبە، ئەندام پەرلەمانەكانی یەكێتی نەچوونە ناو كۆبوونەوەكانی پەرلەمان.

ئێستە دوو ژن لە فراكسیۆنی یەكێتی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیاری كردووە ئەوانیش رێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانین.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان