سوودە تەندروستییەكانی ئاو خواردنەوە دوای لە خەو هەستان

:: PM:03:31:14/03/2019 ‌
هەموو كەسێكی ئاسایی پێویستە رۆژانە نزیكەی حەوت بۆ هەشت پەرداخ ئاو بخواتەوە، بەڵام رەنگە ئاگادار نەبیت كە ئەم ئاو خواردنەوەیە چ سوودێك بەلەش دەگەیەنێت بەتایبەتی خواردنەوەی لە بەیانیاندا پێش نانخواردنی بەیانی، چەندان و سوود و كاریگەری باشی هەیە لەسەر لەش رێ لە چەندان حاڵەتی جۆراوجۆر دەگرێت وەك كەمكردنەوەی ئازاری لەش و هەناسەتەنگی و تەنانەت رێ لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە دەگرێت.

بۆچی پێویستە ئاو بخۆینەوە؟
پێویستە بە درێژایی رۆژ بڕێكی باش ئاو بخورێتەوە، چونكە %70 لەش لە ئاو پێكدێت و ماسولكەكان %75 لە ئاو پێكدێت و خوێن %82ی ئاوە، بۆیە دەبێ دڵنیا ببیتەوە كە لەشت ئاوی تەواوی وەرگرتووە بە درێژیی رۆژ، خواردنەوەی ئاو پێش نان خواردن زۆر پێویستە، چونكە سیستەمە هەرسییەكان پاك دەكاتەوە، بەتایبەتی ریخۆڵە گەورە پاك دەكاتەوە بۆ ئەوەی ئەو پێكهاتە خۆراكییەی دەچێتە ریخۆڵەكانەوە بەباشی بمژرێت، كاتێك لە بەیانیاندا ئاو زۆر دەخورێتەوە بەرهەمهێنانی هەماتۆپۆیەسیس زیاد دەكات و خوێن پاك دەكاتەوە و خانەی خوێنی نوێ بەرهەم دەهێنێت بەمەیش رێ لە چەندان نەخۆشی دەگرێت.

سوودەكانی خواردنەوەی ئاو لە بەیانیاندا:
یەكەم: پێست باشتر دەكات، ئاو توانای لابردنی ژەهری هەیە لە خوێندا، ئەمەش دەبێتە هۆی باشتربوونی پێست و گەشانەوەی پێست و رێگریكردن لەو حاڵەتانەی كە تووشی پێست دەبن.

دووەم: سیستەمی لیمفی رێكدەخات، خواردنەوەی ئاو لە بەیانیاندا سیستەمی لیمفی دەپارێزێت و لیمف هاوسەنگ دەكات و بەتایبەتی ئەو لیمفە گرێیانەی كە بەرپرسن لە رێگریكردن لە هەوكردنی لەش. دەتوانیت چەندان چالاكی جۆراوجۆری رۆژانە ئەنجام بدەیت وە یارمەتی رێكخستنی شلەكانی لەش دەدات.

سێیەم: كێشی لەش كەم دەكاتەوە، خوادنەوەی هەشت پەرداخ ئاو لە رۆژێكدا میتابۆلیزمی لەش خێرا دەكات و بەرێژەی %25 كێشی لەش كەم دەكاتەوە. هەمیشە خواردنەوەی ئاو لە بەیانیاندا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی كێشی لەش و توانەوەی چەوری.

چوارەم: هەندێك نەخۆشی چارەسەر دەكات، ئاو چارەسەرێكی باشە بۆ پاككردنەوەی لەش و بەم شێوەیەش هەندێك نەخۆشی لە لەشدا كەم دەكاتەوە. خواردنەوەی ئاو چارەسەری رشانەوە دەكات و سووری مانگانە رێكدەخات، نەخۆشییەكانی قورگ، چاو، كۆئەندامی میز و گورچیلە، سیل، هەوكردنی جومگە، سكچون، ژانەسەر كەم دەكاتەوە.

خواردنەوەی پێنج پەرداخ ئاو لەسەر گەدەی بەتاڵ لە بەیانیاندا دەرئەنجامێكی گەورەی هەیە لەسەر لەش. پێویستە خواردنەوەی ئاو لە بەیانیاندا بكرێت بە نەریتێك بۆ ئەوەی سوودەكانی بگات بەلەش.





وشە - ئاوات ئازاد