هوتێل رۆتانا لە سلێمانیش دەكرێتەوە

:: PM:03:33:14/03/2019 ‌

بارەگای سەرەكی هوتێل رۆتانا لە ئەبوزەبی پلانی كردنەوەی كۆمەڵێك لقی نوێی هوتێلی لە وڵاتان راگەیاند و یەكێك لەو لقانەش ئەمساڵ لە سلێمانی دەكرێتەوە.

كۆمپانیاكە ئاشكرای كرد لە ماوەی 18 تا 20 مانگی داهاتوو 13 هوتێلی نوێ دەكاتەوە. گێی هاچینسۆن نوێنەری كۆمپانیاكە بە میدیاكانی راگەیاند، كۆمپانیاكەیان كۆمەڵێك هوتێل لە ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، سعوودیە، تانزانیا، بۆسنی و هرسك  و عێراق دەكاتەوە.

 لە چارەگی دووەمی ئەمساڵ واتا تا كۆتایی مانگی حوزەیران هوتێلی دانا رەیحان لە دەممام دەكرێتەوە. هەریەك لە  ئەلجەداف رۆتاناش لە دوبەی و  سلێمانی رۆتانا لە سلێمانی لە چارەگی كۆتایی ئەمساڵدا دەكرێنەوە.

بەگوێرەی zawya لە ساڵی 2020 یش ژمارەیەك هوتێل لە عەمان و دوبەی دەكرێنەوە، هاوكات لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە دارولسەلام هوتێلێك دەكرێتەوە.

كۆمپانیاكە دەڵێت عێراق لەو وڵاتانەیە كە لەو بوارەدا وەبەرهێنانی تێدا دەكەن و هەر مانگی رابردوو لە بەغدا بابیلۆن رۆتانا كرایەوە كە 284 ژوورە و پێنج ئەستێرەیە هەریەك لە ئەربیل رۆتانا، ئەربیل ئەرجان، كەربەلا رەیحان چەند پڕۆژەیەكی تری كۆمپانیاكەن كە لە عێراق و هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون.

پێویستە بگوترێت لقی نوێی هوتێل رۆتانا لە سلێمانی لە 240 ژوور پێك دێت. 



وشە - سلێمان تاشان