له‌ هه‌ولێر پزیشكێك ده‌رمانی هه‌ڵه‌ ده‌دات به‌ نه‌خۆش و ڕاده‌كات


پیاوێك له‌ هه‌ولێر به‌هۆی ئه‌نجامی پشكنینێكی هه‌ڵه‌ و پێدانی ده‌رمانی هه‌ڵه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان كێشه‌ی ته‌ندروستی ده‌بێته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا له‌ڕێی نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌ سپڵی ده‌رده‌هێنرێت، دوای ده‌رهێنانی و ناردنی بۆ پشكنین ده‌رده‌كه‌وێت هیچ نه‌خۆشییه‌كی نه‌بووه‌ و ده‌رهێنانی به‌بێ هۆكار بووه‌، به‌ڵام كاریگه‌ری به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌ هه‌ڵه‌كان بوونه‌ته‌ هۆی تووشبوونی به‌ نه‌خۆشی خوێن مه‌یین، له‌دوای تۆماركردنی سكاڵا، پزیشكه‌كه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ده‌ڕۆنه‌ ئه‌مه‌ریكا.

مه‌حه‌مه‌د ئه‌مجه‌د ته‌مه‌نی ٢٩ ساڵه‌، چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك ده‌یه‌وێت هاوسه‌رگیری بكات و له‌گه‌ڵ ده‌زگیرانه‌كه‌ی بۆ پشكنینی پێش هاوسه‌رگیری ده‌چێته‌ تاقیگه‌، پێی ده‌ڵێن ئه‌نجامه‌كان باش نین و پێویسته‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت بكات، چیرۆكی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشی ئه‌و پیاوه‌ له‌وێوه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. محه‌مه‌د بۆ "وشه‌" باسی قۆناغه‌كانی توشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێ، ته‌ندروستیم زۆر باش بوو، كردیانم به‌ نیوه‌ ئینسان و ئێسته‌ش كه‌س خۆییم لێ ناكات به‌ خاوه‌ن.

له‌ سه‌ره‌تادا محه‌مه‌د سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ ده‌كات و پێی ده‌ڵین، خڕۆكه‌ سپییه‌كانی خوێنی كه‌مه‌ و ده‌بێ ده‌رمان به‌كار بهێنێت، محه‌مه‌د ده‌ڵێ، پزیشكێك به‌ناوی (س.ئـ) چه‌ند پشكنینی بۆ كردووه‌ و دواتر پێی گوتووه‌ "خڕۆكه‌ی سپی له‌ ناو خوێنیدا زۆر كه‌مه‌ و ده‌بێ بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ ده‌رمان بخوات"، ده‌رمانه‌كانم به‌كار هێنا كه‌چی ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ خراپتر ده‌بووم، دوای مانگێك هه‌موو گیانم ئاوسا و ئه‌ستوور بووم، سه‌ردانم كرده‌وه‌ پێی گوتم سپڵت ئه‌ستوور بووه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ری نه‌هێنی ده‌مری.

نه‌شته‌رگه‌ری بۆ محه‌مه‌د ده‌كرێ و دواتر له‌ توركیا پێی ده‌ڵێن نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ی پێویست نه‌بووه‌، مه‌حه‌مه‌د  ده‌ڵێ، یه‌كێك له‌ گرنگترین ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌یان فڕێدام، به‌ حه‌وت ملیۆن دینار له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌م كرد، خانوو و ماڵم فرۆشت، دوای نه‌شته‌رگه‌ری و چاندنی سپڵم پێیان گوتم كێشه‌ له‌ سپڵم نییه‌، دكتۆر به‌ خێزانه‌كه‌می گوتبوو ده‌مرێت، بۆیه‌ له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتی خۆیان هێنایانمه‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ بردیانم بۆ توركیا، له‌وێ هه‌موو ڕاستییه‌كان ئاشكرا بوون.

به‌پێی قسه‌ی محه‌مه‌د بێت، له‌دوای پشكنینه‌كان له‌ توركیا و یه‌ك مانگ خه‌وتنی له‌ نه‌خۆشخانه‌، پزیشكان پێیان گوتووه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هیچ نه‌خۆشییه‌كی نه‌بووه‌ و ده‌رمانه‌كانی به‌ هه‌ڵه‌ پێ دراوه‌ و نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌شی به‌هه‌ڵه‌ بۆ كراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی مانگێك خورادوویه‌تی توشی نه‌خۆشی خوێن مه‌یین بووه‌، ئه‌گه‌ر بهاتایه‌ و له‌و ده‌رمانانه‌ به‌رده‌وام بووایه‌ ده‌یكوشت، بۆیه‌ ئێسته‌ ژیانم به‌نده‌ به‌ چه‌ند ده‌رمانێك كه‌ مانگانه‌ له‌ توركیاوه‌ بۆم ده‌هێنن، مانگی جارێكیش بۆ وه‌رگرتنی ده‌رمانی تایبه‌ت ڕوو ده‌كاته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی "نانه‌كه‌لی".

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ توركیا مه‌حه‌مه‌د سكاڵا له‌ دژی دكتۆر (س.ئـ) تۆمار ده‌كات، به‌ڵام له‌ كاتی داواكه‌دا ئه‌و پزیشكه‌ له‌گه‌ل خێزانه‌كه‌ی به‌گوێره‌ی قسه‌ی مه‌حه‌مه‌د بێت ڕاده‌كات و ده‌چێته‌ ئه‌مه‌ریكا.

محه‌مه‌د ده‌ڵی، هه‌موو هه‌وڵێكی داوه‌، به‌ڵام به‌هۆی نه‌توانینی سه‌لماندنی ڕاستییه‌كانه‌وه‌ سكاڵاكه‌ی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، دكتۆره‌كه‌ش لێره‌ نییه‌ و ئه‌وه‌یش وای كردووه‌ نه‌توانێ هه‌م له‌ڕووی یاسایی و هه‌میش له‌ ڕووی عه‌شایه‌ری هیچ مافێك وه‌ربگرێت.

له‌كاتی هه‌بوونی سكاڵای هه‌ر نه‌خۆشێك له‌ سه‌ر پزیشك یان نه‌خۆشخانه‌یه‌ك، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی به‌شی "پشكنین و به‌دواداچوون" سكاڵا تۆمار ده‌كرێت، له‌ ڕێی لیژنه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كه‌ی ده‌كرێت و ئه‌نجامه‌كان ده‌درێن به‌ دادوه‌ر، سه‌ندیكای پزیشكانیش وه‌ك پاراستنی مافی پزیشك له‌ ڕێی لیژنه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ كاره‌ پزیشكییه‌كان ده‌كات و ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌دات به‌ دادوه‌ر، به‌ڵام له‌ یاسای سزادانی عێراقیدا هیچ یاسایه‌ك نییه‌ بۆ پشتگیریكردن له‌ مافی نه‌خۆش، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ساڵانه‌ چه‌ندان كه‌س به‌هۆی هه‌ڵه‌ی پزیشكی گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، یاخن تووشی نه‌خۆشیی جۆراوجۆر ده‌بن.

پارێزه‌ر محه‌مه‌د ئه‌كره‌م، له‌باره‌ی ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه‌ به‌هۆی هه‌ڵه‌ی پزیشكییه‌وه‌ ڕوو ده‌ده‌ن و ده‌چنه‌ دادگا، بۆ "وشه‌" روونی ده‌كاته‌وه‌، له‌ زۆربه‌ی كه‌یسه‌كاندا مافی نه‌خۆش ده‌فه‌وتێ، چونكه‌ سه‌لماندنی ئه‌و جۆره‌ ڕاستییانه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ و ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندی به‌ جه‌سته‌ و ناوه‌وه‌ی نه‌خۆش هه‌یه‌، پزیشك نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك ده‌كات دواتر ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ڵه‌یه‌، ناتوانرێت بۆ سه‌لماندنی دووباره‌ نه‌شته‌رگه‌ری بكرێته‌وه‌، زۆر شیوازی تریش هه‌ن كه‌ بردنه‌وه‌ی داوای له‌و جۆره‌ قورس ده‌كه‌ن و بۆ هه‌موو سكاڵایه‌كیش ناتوانرێت پزیشك ببرێته‌ دادگا، به‌ڵكو هه‌موو كاره‌كان له‌ ڕێی لیژنه‌ی سه‌ندیكای پزیشكانه‌وه‌ ده‌كرێت.

له‌باره‌ی كه‌یسی محه‌مه‌د ئه‌و پارێزه‌ره‌ گوتی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌ی له‌ دادگا داخراوه‌ و ماوه‌ی دانراو بۆ داواكردنی ته‌میزی تێپه‌ڕیوه‌، به‌هیچ جۆرێك ناتوانێت دووباره‌ هه‌مان كه‌یس له‌ دادگا بكاته‌وه‌، چونكه‌ كاتێك دۆزێك داده‌خرێت و ده‌رئه‌نجام ده‌درێت به‌ هه‌ردوولا، دواتر ناتوانرێت له‌سه‌ر هه‌مان سكاڵا دووباره‌ بكرێته‌وه‌، ته‌نیا له‌ كاتی ڕوودانی شتێكی نوێ نه‌بیت له‌ كه‌یسه‌كه‌دا، ئێسته‌ كه‌ پزیشكه‌كه‌ لێره‌ نییه‌، كه‌یسه‌كه‌ی هێنده‌ی دیكه‌ قورس بووه‌ و به‌ رێی عه‌شایه‌ری نه‌بێت به‌ یاسا ناتوانێت مافی وه‌ربگیرێت، چونكه‌ پێشتر نه‌توانراوه‌ بسه‌لمێنرێت.

هەولێر/ئیڤان عبدولڕه‌حمان


وشە - هیدایه‌ت جان


PM:04:01:14/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 1297 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌