بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی كۆیە داوا لە شۆفێران دەكات بەهۆی كەشوهەواوە ڕێی سماقووڵی بەكار نەهێنن بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاوەكە بەرز بووەتەوە و مەترسی رووداوی هاتوچۆی لێ دەكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی ئادار، بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی كۆیە راگەیەنراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە، داوا دەكەین شۆفێران رێگەی تر هەڵبژێرن و رێی سماقووڵی مەترسیدارە، ئەوەیش بەهۆی ئەم شەپۆلە بارانەی ڕووی لە ناوچەكە كردووە و ئاستی ئاوی بەنداوی سماقووڵی بەرز بووەتەوە.
سماقووڵی ئەم ساڵ چەندان جار بەهۆی بەنداوەكەیەوە رێیەكەی داخرا و ئاستەنگی بۆ شۆفێران دروست كرد كە ئەو ڕێیە بە سەرەكیترین ڕێی نێوان هەولێر و سلێمانی دادەنرێ.