لە سلێمانی بە ئاشكرا ریكلام بۆ لێدانی بیری نایاسایی ئاو دەكرێ‌ و كۆنتڕۆڵ ناكرێ‌

:: PM:04:45:14/03/2019 ‌
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" لە سلێمانی و دەوروبەری هەڵمەتێكی زۆر بۆ لێدان و هەڵكەندنی بیری نایاسایی بە ئامێر دەستی پێ كردووە و بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی سلێمانیش دەڵێت، نزیكەی 30 هەزار بیری نایاسایی لە سلێمانی لێدراوە و كاریگەری خراپی لەسەر ئاوی ژێر زەوی دەبێت.

ئەوانەی بیری نایاسایی بە ئامێرە بچووكەكان لێدەدەن، لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی ژمارە تەلەفۆن بە دیوار و شوێنە گشتیەكانەوە ناونیشانی خۆیان نووسیوە و داوا لە هاووڵاتییان دەكەن پێوەندیان پێوە بكەن بۆ لێدانی بیر.

عەباس عەلی بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوانەی بیر لێ دەدەن بە ئامێری نایاسایی لە ڕێگەی پۆلیسی دارستان دەگیرێن رووبەڕووی یاسا و دادگا دەكرێنەوە و دەست بەسەر ئامێری بیرهەڵكەندنەكانیش دەگیرێت.

روونیشی كردەوە كە كەسانێك بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بە دەست بیر هەڵدەكەن لە كاتێكدا ئەوانە تەنیا چەند مەترێكی كەم بە دەست لێدەدەن و ئەوەی دەمێنێتەوە بە ئامێرێكی بچووك لێ دەدرێت ئەوەش دەبێتە نایاسایی و دواجار زیانێكی زۆر بە ئاوی ژێر زەوی دەگەیەنێت، چونكە لێدانی بیر دەبێت بە پێی پشكنین و دیاریكردنی شوێن بێت نەك هەر كەس هەڵدەستێت بیرێك لێ دەدات.

بەپێی ئەو ئامارانەی كە دەستی "وشە" كەوتووە، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن پۆلیسی دارستان بە هاوكاری بەرێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی زیاتر لە هەزار و 300  ئامێر دەستی بەسەردا گیراوە و بە سەتان كەسیش گیراون و دراونەتە دادگا.

بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی گوتی، لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجە و راپەرینەوە تا ئێستە نزیكەی 30 هەزار بیری نایاسایی لێدراوە و ئەو بیرانەی كە یاسایین و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی مۆڵەتی داوە  نزیكەی 10 هەزار بیردەبن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم