حەداد: دەبێت بەپێی قەبارە بەركەوتە كشتوكاڵییەكان بدرێتە هەرێمی كوردستان

:: PM:05:35:14/03/2019 ‌
 د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، دەبێت بەپێی قەبارە بەركەوتە كشتوكاڵییەكان بدرێتە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی ئادار، بەپێی راگەیەنراوێكی نووسینگەكەی، د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری كرد لە كۆنفرانسی هەفتەی كشتوكاڵ كە ساڵانە بۆ یادەكانی ئادار. وەزارەتی كشتوكاڵ هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی هەفتانە بۆ برەودان بە كەرتی كشتوكاڵ لە عێراق دا.

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە كۆنفرانسەكەدا حەداد پرسی كشتوكاڵی لە عێراق و هەرێمی كوردستان خستە بەر باس و بە وەزیری كشتوكاڵی ڕاگەیاند، دەبێت كەرتی كشتوكاڵ لە عێراق ڕۆڵ  بگێرێت و هاوتای سامانەسروشتییەكانی تری عێراق ببێتە داهاتێك بۆ گەلانی عێراق و ببێت بە بەشێك لە كارنامەی كاری حكوومەتی نوێ بۆ چوار ساڵی ئایندە.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دووپاتی لەسەر ئەو بڕگانە كردەوە كە پێوەستن بە بەشە پارەی جووتیارانی كوردستان، بەو پێیەی كە لە بودجەی 2019دا پەسەند كراوە كاری لەسەر بكرێت. هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد بۆ ساڵانی ئایندە دەبێت پێدانی پەین زیاتر بكرێت و بەرهەمی زیاتریش لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت، چونكە كەرتی كشتووكاڵ لە برەوسەندندایە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم