كۆمپانیای كۆكردنەوەی پارەی ئاوی ماڵان لە سلێمانی لە رێگەی پێوەرە كێشەی بۆ دروست بووە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش زانیاری ئاشكرا دەكات.
خەدیجە عەبدولجەبار سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كارمەندانەی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوەوە گوازراونەتەوە بۆ ئەو كۆمپانیایەی پارەی ئاوی ماڵان بە پێوەری ئاو وەردەگرن دەخوێنێتەوە كێشەیان بۆ دروست بووە و نارازین و هەست دەكەن كارەكە قورسە، كۆمپانیاكەش گلەیی لە كاری كارمەندەكان هەیە.
زیاتر گوتی، هەست دەكەین هەندێك كێشە لە جێبەجێكردنی گرێبەستەكەدا هەیە لەنێوان هەردوولا، چونكە كۆمپانیاكە گلەیی ئەوەی هەیە دەڵێت هەندێ لە كارمەندەكان تەمەنیان هەیە و ناتوانن ئەو كارە قورسە بكەن، كارەكەیشش ئەلیكترۆنییە و خوێندنەوەی پێوەری ماڵانە.
خەدیجە عەبدولجەبار ئاماژەی بەوە كرد، بەپێی گرێبەستەكە 90 كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی مووچە و كارەكانیان دەگوازرێتەوە بۆ سەر ئەو كۆمپانیایە. روونیشیكردەوە وەك لیژنەی شارەوانی داوایان لە هەردوو لایەن كردووە راپۆرتی خۆیان پێشكەش بكەن.
بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر "وشە" پێوەندی بە سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانیەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات.
ئێستە جیاواز لەكێشەی كۆمپانیاكە خەڵكی سلێمانیش تووشی كێشەبوون بەهۆی كۆكردنەوەی ئەو پارەیە لەلایەن ئەو كۆمپانیایەوە، چونكە بەشێك لەو كارمەندانەی سەردانی ماڵان دەكەن تەنیا پسوولەیەك دەدەنە خاوەنی ماڵەكە بەبێ ئەوە مانگ و بەرواری تیادا دیار كرابێت.
سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا