نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر ڕای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بڕی پێنج ملیۆن دۆلار دا بۆ ئامادەكردنی ئامێری تیشك كە تایبەتە بە نەخۆشی شێرپەنجە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی ئادار، نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە، چارەسەر بە تیشك "لێزەر" بەشێكی گرنكە لە قۆناغەكانی چارەسەری شێرپەنجە، ئامێری چارەسەری تیشكی نەخۆشخانەی ڕزگاری كە ساڵانێكی زۆرە كاری پێدەكرێت و خزمەتی زۆری نەخۆشەكانی شێرپەنجەی سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكی پێدەكرێت تاكە ئامێربوو بە هەردوو پارێزگاكە، بەڵام بەم دواییە ناوە ناوە لەكار دەكەوت و دەبووە هۆی ئەوەی كە نۆرەی نەخۆشەكانی شێرپەنجە دوا دەكەوت.
نەخۆشخانەی ڕزگاری ئاماژەی بەوە كردووە كە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لە سەر خەرج كردنی بڕی زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار لە سەر سندووقی كۆمەكی شێرپەنجە بۆ دووبارە سازدانەوەی ئامێری چارەسەری تیشك "لێزەر" لە نەخۆشخانەی ڕزگاری كە هەم دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی نۆرەی نەخۆش و هەروەها نوێكردنەوەی شێوازی چارەسەركردنەكە كە دەبێتە شێوازێكی زۆر پێشكەوتوو لە چارەسەر بە تیشك بۆ توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە.